riklam

یەکێتی بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندا دەکات

کوردستان 10:12 PM - 2026-06-13
وێنەیەکى کۆنگرەکە تایبەت

وێنەیەکى کۆنگرەکە

یەکێتی

وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەختیار بەکر و شاخەوان ساڵح میرزا، بەنوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی تایبەتی پارتی کاری هۆڵەندی، لە شاری دەنبۆش ئەمڕۆ 13/6/2026 بەشداری کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندایان کرد و وێڕای گەیاندنی بروسکەی پیرۆزبایی و پەیامی یەکێتی، لە پەراوێزی كۆنگرەكە چەندین کۆبوونەوە و دیدارییان لەگەڵ هاوتا هۆڵەندییەکانیاندا سازدا.

لە پەیوەندییەکی تایبەتدا، بەختیار بەکر رایگەیاند: ئەم کۆنگرەیە جیاوازتر لە کۆنگرە و کۆڕبەندەکانی دیکەدا، دەچێتە مێژوو، لەبەرئەوەی کۆنگرەی یەکگرتنی دوو پارتی سەرەکی و رەسەنی خاوەن پێگەی سیاسی و جەماوەرین و مێژووی دوور و درێژی حکومڕانی و ئۆپۆزسیۆنیان هەیە کە بریتین لە (پارتی کار - سۆسیال دیموکراتی هۆڵەندا) و (پارتی چەپی سەوز). ئەم دوو پارتە لە دوای یەکخستنی فڕاکسیۆنەکانیان لە ساڵانی رابردوودا و بەشداری کردنی هاوبەش بە یەک لیست لە دواین هەڵبژاردنەکاندا، بڕیاریاندا لێرە بەدواوە بەمەبەستی کاریگەری زیاتر و فروانکردنی پێگەکانیان، یەکبگرن و لەژێر یەک ناو و چەتری سیاسی و ئۆرگانیدا درێژە بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆیان بدەن، هەربۆیە ئەمڕۆ لەم کۆنگرەیە پارتێکی نوێیان راگەیاند بەناوی پڕۆگراسیف نێدەرلاند - (پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندا).

وتیشى: شایەنی باسە، لە راپرسییە باوەڕپێکراو و وردبینەکانی هۆڵەندا، ئەم پارتە نوێیە لە پێشەوەی هەموو پارتەکاندایە. ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دەتوانن زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.

لە درێژەی قسەکانیدا (بەختیار بەکر) ئاماژەی بە داهاتووی کاری پێکەوەیی یەکێتی و پارتە نوێیەکە کرد و وتی: یەکێتی بەو پێیەی دەستە خوشکی پارتی کار بووە و پارتە نوێیەکەش جێگرەوەی پارتی کار دەبێت، بڕیاریانداوە لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا کە یەکێتیش تیایاندا ئەندامە، درێژە بە خەبات بدەن و وەکو پارتێکی سۆسیال دیموکراتی پێشکەوتووخواز دەمێنەوە و بگرە هەگبەی سیاسییان فراوانتر دەبێت لەڕێگەی کادیر و جەماوەری پارتی چەپی سەوزدا. ئەگەر جاران یەک پارتی سیاسی و یەک تۆڕی پەیوەندییان هەبووایە، ئێستا بوون بە دوو و هاوكات بەهەمان ئاڕاستە و لەژێر یەک ئەجێندا و سەرکردایەتیدا بەردەوام دەبن.

یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان پیرۆزبایی راگەیاندنی پڕۆگراسیف نێدەرلاند - (پارتی پێشکەوتووخوازی هۆڵەندا) دەکات و بەدڵنیاییەوە لەداهاتووێکی نزیکدا کار و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ یەکتر ئەنجامدەدەین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket