riklam

گەرووی هورمز.. شەریانی بازرگانی جیهانی

بیروڕا 11:02 AM - 2026-06-13
دکتۆر لوئەی جاف PUKMEDIA

دکتۆر لوئەی جاف

بیروڕا

۱ـ ڕێگایەکی دەریایی لە ناو جەرگەی ئابووری جیهاندا :

گەرووی هورمز، کە لە نێوان ئێران و سوڵتانیەتی عومان هەڵکەوتووە، یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیجییەکانی جیهان. ئەم تەنگەیە کە کەنداوی عەرەبی (یان کەنداوی فارسی) بە دەریای عومان و دواتر بە ئۆقیانووسی هیندی دەبەستێتەوە، وەک ڕێرەوێکی دەریایی سەرەکی بۆ ئابووری جیهان دادەنرێت. هەموو ڕۆژێک سەدان کەشتی بازرگانی و نەوتبەر لەم تەنگەیەدا تێدەپەڕن و بڕێکی زۆر لە سەرچاوەکانی وزە (نەوت و گاز) بۆ بازاڕەکانی ووڵاتانی ئاسیا (بە تایبەتی چین)، ئەورووپا و ئەمریکای باکوور دەگوازنەوە.

لە ئێستادا، سەقامگیری و ئاسایشی ئیقلیمی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی شەڕی ئەمریکاو ئێران ڕووبەڕووی ئاڵۆزی و تەحدیاتی ئەمنی و سیاسی و دبلۆماسی زۆر گەورە بۆتەو. بۆیە گەڕان بەدوای بەدەستهێنانی نەوت و گاز کە بۆتە خەمی ووڵاتە پیشەسازی و زلهێزەکانی جیهان، وایکردوە کە ئارامی و ئاسایش لە گەرووی هورمز، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر بازرگانی و بازاڕی جیهانی.

۲ـ دەروازەی سەرەکی هەناردەکردنی وزەی کەنداوی عەرەبی (یان کەنداوی فارسی) :

گەرووی هورمز ڕێگای سەرەکی هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیە بۆ بازاڕەکانی جیهان و ووڵاتانی کڕیار. بەشی شێری هەناردەکانی نەوت و گازی عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، کوەیت، قەتەر، بەحرەین و عێراق بە شێوەیەکی زۆر ئۆرگانیکی پەیوەستن بەو ڕێڕەوە دەریاییەوە کە ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر هاتووچۆ تیایدا زەحمەتبووە.

بڕێکی زۆر لە نەوتی خامی جیهان و هەروەها گازە سروشتییە شڵکراوەکان (LNG) لە ڕێگەی ئەم تەنگەیەوە دەگوازرێنەوە. قەتەر بە تایبەتی پشت بەو ڕێگایە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی گاز بۆ ئەورووپا و ئاسیا، هەروەها دەماری سەرەکی ئابووری چەند ووڵاتێکی پیشەسازی گەورە وەک چین، ژاپۆن، کۆریای باشوور و هیندستان پەیوەستە بە بەردەوامی هاتووچۆی گەشتیە بازرگانیەکان لە تەنگەی هورمز.
هەر ئاڵۆزییەک، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش (وەکو بینیمان لە چەند هەفتەی پێشوودا)، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردنی کاڵای پیشەسازی و دروستبوونی گرانی و ئاڵۆزی لە بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەتی لە ووڵاتە زلهێزە پیشەسازیەکان بە تایبەتی ووڵاتانی ئۆروپا.

۳ـ گرنگی بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی :

جگە لە نەوت و گاز، گەرووی هورمز ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانیدا. ئەو کاڵایانەی کە لە بەندرەکانی کەنداوی عەرەبی (فارسی) هەناردە دەکرێن، وەک بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان، کانزا، کەرەستەی بیناسازی، کاڵای پیشەسازی و ماددە خۆراکەکان، لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە دەریاییەوە دەگەن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

گەشەکردنی بازرگانی جیهانی و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و زیاتربوونی پەیوەندییە ئابوورییەکان، وایانکردوە کە ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیجییەکانی وەک کەناڵی سوێز و کەناڵی پەنەما و گەرووی هورمز ببنە خاڵێکی سەرەکی لە زنجیرەی لۆجستی و گواستنەوەی کاڵا لە جیهاندا. بۆیە کۆمپانیا کەشتیوانییەکان، کۆمپانیاکانی تەئمین، بانکەکان، دامەزراوەکانی بیمە و ئەو لایەنانەی لە بازرگانی نێودەوڵەتی کاردەکەن و بەشدارن، بە وردی چاودێری هەر گۆڕانکارییەک دەکەن کە بتوانێت کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەم ڕێگایە هەبێت.

٤ـ گرنگی جیوپۆلیتیکی :

گرنگی ئابووری گەرووی هورمز لە گرنگیەکەی لە ڕووی جیوپۆلیتیکەوە جیا ناکرێتەوە. بە واتایەکی تر، ئەم تەنگەیە تەنها کارتێکی ئابوری نیە بە دەست ئێرانەوە، بگرە کارتێکی سیاسی و دبلۆماسیشە. بۆ چەندین دەیەیە، ئەم ناوچەیە بووەتە ناوەندی ململانێ و هاوکێشە ستراتیجییەکان لە نێوان هێزە هەرێمایەتی و هێزە نێودەوڵەتییەکان.

ئێران کۆنترۆڵی کەناری باکووری تەنگەکەی لەلایە و ئەم شوێنە بە ئامرازێکی ستراتیجی گرنگ دادەنێت. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لە چەندین ڕووداوی و ڕووبەڕوو بوونەوەدا، ئاڵۆزییەکان لە نێوان تاران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ترسی ئەوەیان زیاد کرد کە ڕەنگە هاتووچۆی دەریایی لەم ناوچەیە بە تەواوی سنووردار بکرێت.

لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا، هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا خراوەتە گڕ بۆ دڵنیابوون لە ئازادی هاتووچۆ و پاراستنی کەشتە بازرگانیەکان. هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانیان بەردەوام بەشداری چاودێری و پاراستنی ئەم ناوچەیە دەکەن.
بەرژەوەندیە ئابووریەکان و دابینکردنی نەوت و گاز وای کردووە گەرووی هورمز ببێتە یەکێک لە هەستیارترین شوێنە دەریاییەکانی جیهان.

٥ـ پێوانەی ئارامی ئابووری جیهان :


گەرووی هورمز تەنها ڕێگایەکی دەریایی نییە، بەڵکو خاڵێکی بنەڕەتیە کە بەرژەوەندیەکانی بازرگانی جیهانی، ئاسایشی وزەیی و جیوپۆلیتیک دەبەستێت پێکەوە. ئارامی و ئاسایشی ئەم تەنگەیە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر دابینکردنی وزە بۆ جیهان و هاوسەنگییە ئابووریە نێودەوڵەتییەکان.

لە جیهانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پشت بە بازرگانی و گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەبەستێت، گەرووی هورمز هێشتا یەکێکە لە گرنگترین شەریانەکانی ئابووری جیهان. هەر گۆڕانکارییەک لەم ناوچەیەدا بە وردی لەلایەن دەوڵەتان، کۆمپانیاکان و بازاڕە داراییەکانەوە چاودێری دەکرێت، چونکە هەر تێکچوونێک لە ئاسایشی ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییە دەتوانێت کاریگەرییەکی فراوان و درێژخایەن لە سەر ئابووری جیهان بەجێبهێڵێت و ئاستی ژیان و خۆشەگوزەرانی ووڵاتانی پیشەساز و پێشکەوتوو بخاتە مەترسی قەیرانی ئابوری و داراییەوە.

 PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket