riklam

یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم بۆ 60ملیار به‌رمیل به‌رزده‌بێته‌وه‌

kurdistani 03:47 PM - 2013-12-28
له‌ ١٤ كێڵگه‌دا رۆژانه‌ ده‌توانرێت ٣٠٠ هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌مبهێنرێت

له‌ ١٤ كێڵگه‌دا رۆژانه‌ ده‌توانرێت ٣٠٠ هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌مبهێنرێت

راوێژكاری ئاسایشی ئابووریی هه‌رێم ده‌ڵێ هه‌رێمی كوردستان كار بۆ راكێشانی دوو بۆری دیكه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز بۆ توركیا ده‌كات كه‌ ساڵی ٢٠١٦ دروستكردیان ته‌واو ده‌بێ.
د.بێوار خه‌نسی راوێژكاری ئاسایشی ئابووری هه‌رێم رایگه‌یاند: هه‌رێم خاوه‌نی زیاتر له‌ ٦٠ ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گی نه‌وته‌، به‌ڵام به‌هۆی كه‌می پشكنینه‌كان تا ئێستا هه‌بوونی ٤٥ ملیار به‌رمیل پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌.

خه‌نسی له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتیشی: ئه‌گه‌ر كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وت و گاز روپێوی زیاتر بۆ نه‌وت و گازی هه‌رێم بكه‌ن، پێشبینی ده‌كه‌ین یه‌ده‌گی نه‌وت بۆ زیاتر له‌ ٦٠ ملیار به‌رمیل به‌رزببێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ئاینده‌دا كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی دیكه‌ی نێوان عیراق و هه‌رێم بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، یه‌ده‌گی نه‌وت بۆ دوو هێنده‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌"

راوێژكاری ئاسایشی ئابووریی هه‌رێم به‌شێك له‌پسپۆڕییه‌كانی له‌زانكۆكانی هۆڵه‌ندا ته‌واوكردوه‌، ده‌ڵێت: ژماره‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كانی نه‌وت و گاز ئه‌وانه‌ی له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن ٥٢ كۆمپانیایه‌، به‌ روپێوی جیۆلۆجی و جیۆفیزیایی و پێكهاته‌ی جیۆلۆجی و ستراتیگرافی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌مباری نه‌وت، گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم ٤٥ ملیار به‌رمیل ده‌بێ و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی كاركردنی پێنج ساڵمانه‌.

خه‌نسی راشیگه‌یاندوه‌: ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌قوڵایی سێ‌ هه‌زار و ٧٠٠ مه‌تر به‌دوای نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێن و ده‌ریده‌هێنن، به‌ڵام گه‌ر له‌ قوڵاییه‌كی زیاتر لێگه‌ڕان ئه‌نجام بدرێ‌ ئه‌وا رێژه‌یه‌كی زیاتری نه‌وت له‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم ده‌دۆزرێته‌وه‌و پێشبینی ده‌كه‌م هه‌رێم زیاتر له‌ ٦٠ ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌بێ.

ئه‌و پسپۆڕه‌ جیۆلۆجییه‌ له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: له‌هه‌رێمی كوردستان له‌كۆی ٤٦ بلۆكی نه‌وتی، ئێستا كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ ١٤ كێڵگه‌دا نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنن كه‌ رۆژانه‌ ده‌توانرێ ٣٠٠ هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م بهێنرێت.
باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌هاتنی ساڵی ٢٠٢٠ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بۆ دوو ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا به‌رز بكاته‌وه‌.

ئه‌و قسانه‌ی خه‌نسی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چوارشه‌ممه‌ی رابردوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندو هه‌رێم له‌ناویاندا دۆسییه‌ی نه‌وت و گاز، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ مالیكیدا كۆبوه‌وه‌و دواتر هه‌ردوولا ئاشكرایانكرد كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌ رێكه‌وتون.

راوێژكاری ئاسایشی هه‌رێم له‌باره‌ی بۆریی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گازیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: توركیا هاتوه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ نه‌وتییه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندو هه‌رێم و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ چاره‌سه‌ر ببێت، وتی: پاش سه‌ركه‌وتنی راكێشانی بۆڕی یه‌كه‌می گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و گاز، ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم كار بۆ راكێشانی دوو بۆریی دیكه‌ بۆ توركیا ده‌كات كه‌ یه‌كێكیان بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و ئه‌وی دیكه‌شیان بۆ گاز ده‌بێت، پاش ئه‌وه‌ی ده‌درێته‌ كۆمپانیاكان، له‌ ساڵی ٢٠١٦ راكێشانی ئه‌و بۆرییانه‌ ته‌واو ده‌بن.

بێوار خه‌نسی ئه‌وه‌شی وتوه‌: هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌ نه‌وت، له‌ گازیشدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌ كه‌ ئه‌وه‌ی مه‌زه‌نده‌كراوه‌ سێ تا شه‌ش ملیار مه‌تری سێجا گازی هه‌یه‌، هه‌رێمی كوردستان رۆڵی له‌ هێڵی نابۆكۆ ده‌بێ به‌دابینكردنی بڕێكی باشی گازی سروشتیی بۆ ئه‌وروپا، ئاشكراشیكرد تا ئێستا حكومتی هه‌رێم ٥٢ گرێبه‌ستی نه‌وت و گازی له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ ٢٧ كۆمپانیای بیانی له‌ ٢٧ وڵات ئیمزاكردووه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ تانه‌ر یه‌ڵدز وه‌زیری وزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كانی توركیا رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك له‌ به‌غدا ساز كرا، ئه‌نجامه‌كانی گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ پێویسته‌.

یه‌ڵدز وتی: دوای میكانیزمی سێ قۆڵی، برایانی عیراقی گوتیان ئه‌وه‌ی ماوه‌ ئێمه‌ له‌ناوخۆمان چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی په‌یوه‌ندیی به‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر داهاتێكی نه‌وت و گاز په‌یوه‌ندیی به‌عیراقه‌وه‌ هه‌یه‌، توركیا به‌رده‌وام ده‌بێ له‌سه‌ر پشتگیریكردنیان، ئێمه‌ هه‌ستیاریی حكومه‌تی عیراق له‌به‌رچاو ده‌گرین، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتگیریكردنیان.
تانه‌ر یڵدز رایگه‌یاند: نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تا به‌ گواستنه‌وه‌ی 300 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا ده‌ستپێده‌كات و دواتر ده‌گاته‌ 400 سه‌د هه‌زار و دواتر هه‌ناردن زێده‌تریش ده‌بێ.

وه‌زیری وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی توركیا جه‌ختیكرده‌وه‌ حیسابی بانكی ماوه‌یه‌كی درێژه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌و بارودۆخه‌ی هالك بانك تێیكه‌وتووه‌، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ نابێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ بارودۆخێك نییه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌زگای هالك بانك كردبێت، بۆ ئه‌مه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك كه‌ له‌ نه‌خشه‌ی رێگاكه‌ دانراوه‌ رونادات.

 PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket