riklam

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی بڵاوكرایەوە

ی.ن.ک‌‌ 07:12 PM - 2020-11-09
.

.

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان 

ئەمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٠/٩/١١ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسكردنی وەفدی هەردوولا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە تیشكخرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە كە بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، جیهان و عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە. 

بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی كاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی كردەوە و ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی سەرخستنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەكان.

دواتر وەفدی هەردوولا گفتوگۆی راشكاوانەو بەرپرسانەیان لەسەر كۆی پرسەكان كردو دووپاتی بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، هەردوولا كۆك بوون كە پێویستە پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و كردەیی بنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان و هەموو تواناكانیان بخرێنەگەڕ بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخەو پشتیوانیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

بارودۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو، هەردوولا كۆك بوون كە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، ئەركی  هەموو لایەكە.

هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەكان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دووپاتكردەوە و لەم رووەوە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەرز هەڵسەنگێنراو دووپاتی بەردەوامی ئەو هەماهەنگییە كرایەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لەنێویشیاندا بابەتی لامەركەزییەت لە هەرێمی كوردستان، هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات كردەوە بەڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لەڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، لەم رووەوە هەنگاوەكان بەئەرێنی هەژماركران و دووپاتی بەردەوامیی كاری هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكان كرایەوە و میكانیزمی گونجاو لەو رووەوە بڕیاری لێدرا.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا،دووپاتی بەردەوامی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا كرایەوە كە ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

پارتی دیموكراتی كوردستان 

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket