riklam

دەزگای مین سزای ئەوکەسانە دەدات ڤیدیۆی مین بڵاودەکەنەوە

کوردستان 01:57 PM - 2026-06-22
مین راگەیاندنی دەزگای مین

مین

کوردستان

لە راگەیەندراوێکدا دەزگای مین هۆشداریی توند دەداتە ئەو کەسانەی دەستکاری تەقەمەنی دەکەن و ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیەنێت: هەر هاووڵاتییەک لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەستکاری مین و تەقەمەنی بکات، یان بە مەبەستی ناوبانگ و سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆی ئەو جۆرە کارە مەترسیدارانە بڵاوبکاتەوە، رووبەڕوی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لەدوای زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستکاریکردنی مین و پاشماوە جەنگییەکان لە لایەن هەندێک هاووڵاتییەوە، بەبێ رەچاوکردنی رێنماییەکانی دەزگای مین و یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێم ، دەزگای گشتیی کاروباری مین هۆشدارییەکی بەپەلە و توند ئاڕاستەی سەرجەم گروپەکانی شاخەوانی و ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە دەستکاری مین و پاشماوە جەنگییەکان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەکەن.

بەشێک لە هاووڵاتیان بەبێ گوێدانە مەترسییەکان، نزیکی ئەو ناوچانە دەبنەوە کە نیشانەی ئاگادارکەرەوەیان لێدراوە، یان دەستکاری ئەو مین و پاشماوە نەتەقیوانە دەکەن کە لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەیدۆزنەوە، ئەم رەفتارانە نەک تەنها مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی خودی کەسەکە و دەوروبەری دروست دەکات، بەڵکو دەچێتە چوارچێوەی سەرپێچیی یاساییەوە.

بەم دیاردەیە، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین رایگەیاند:"هەر هاووڵاتییەک لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەستکاری مین و تەقەمەنی بکات، یان بە مەبەستی ناوبانگ و سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆی ئەو جۆرە کارە مەترسیدارانە بڵاوبکاتەوە، رووبەڕوی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە."

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە هاندەرن بۆ کاری هەڵە و هاندانی هاووڵاتیانی تر بۆ نزیکبوونەوە لەو ناوچانە، هەر بۆیە دەزگاکەمان لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکات، کە سەرپێچیی ڕێنماییەکان دەکەن.

لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی، دەزگای گشتیی کاروباری مین چەند رێنماییەکی گرنگی بۆ هاووڵاتیان هەیە لەوانە:

1-دەستکاری مەکە: هەر جۆرە تەنێکی گوماناوی یان پارچە ئاسنێکت بینی، بە هیچ جۆرێک دەستی لێ مەدە و مەیجوڵێنە.

2-وێنە و ڤیدیۆ مەگرە: نزیکبوونەوە لە مین بۆ مەبەستی وێنەگرتن یان پیشاندان، یارییکردنە بە ژیانی خۆت، ژینگە و دەوروبەرت.

3-پەیوەندی بکە: لە کاتی بینینی هەر مەترسییەک، تەنها پەیوەندی بە هێڵی گەرمی خۆڕایی ژمارە 182بکە.

دەزگای گشتیی کاروباری مین دووپاتی دەکاتەوە کە ئەرکی ئەوان پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، بەڵام هاوکاریی هاووڵاتیان و پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێنماییەکان، مەرجی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی مین لە هەرێمی کوردستاندا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket