riklam

ئەفسەرێكی كوردی بەشداربوو چیرۆكی رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەموز دەگێڕێتەوە

کوردستان 10:24 AM - 2026-07-14
ئەرشیف PUKMEDIA

ئەرشیف

عیراق کورد

ئەمڕۆ 14ى7ى2026 شەست و هەشت ساڵ بەسەر شۆڕشی 14ی تەموزدا تێدەپەڕێت كە تیایدا كۆتایی بەسیستمی پاشایەتی لە عیراقدا هێنرا.

بەرەبەیانی رۆژی 14-7-1958 بەهەوڵی عەبدولكەریم قاسم و چەندین ئەفسەری دیکە، سیستمی حوكمڕانی لە عیراق لە پاشایەتییەوە بۆ كۆماری گۆڕدرا، ئەمەش بە یەكێك لە رووداوە گرنگ و پڕ بایەخەكانی مێژووی عیراق دادەنرێت.

لە دامەزراندنی حكومەتی عیراقییەوە تا شۆڕشی ساڵی 1958 خەڵك لە سیستمی پاشایەتی لە عیراقدا بێزاربوون، بۆ كۆتایی هێنانیش بەم بارودۆخە هاووڵاتیانی عیراق بڕیاریاندا لەچوارچێوەی پارت ‌و رێكخراوە سیاسییەكان كار بۆ لەناوبردنی رژێمی پاشایەتی بكەن‌، بۆ ئەم مەبەستەش ئەفسەرانی سوپا بڕیاری پێكهێنانی رێكخراوێكیاندا بەناوی رێكخراوی (ئەفسەرانی ئازادیخواز)، كە بە نهێنی لەلایەن عەبدولكەریم قاسمەوە سەركردایەتی دەكران.

دواجار و لە بەرەبەیانی 14ی تەمموزی 1958دا عەبدولكەریم قاسم‌ و ئەفسەرانی ئازادیخواز هێرشیانكردە سەر كۆشكی (ریحاب‌ و زهور) لە بەغداد و توانیان كۆتایی بە سیستمی پاشایەتی لە عیراق بهێنن ‌و سیستمی كۆماری رابگەیەنن.




لەبارەی گۆڕینی سیستمی پاشایەتی بۆ كۆماری لە عیراق، عەبدولكەریم قاسم بەهاوكاری ژمارەیەك ئەفسەری كورد لە ریزەكانی سوپا كە یەكێكیان مستەفا عەبدوڵڵا ناسراو بە رەئیس مستەفا عەبدوڵڵا بوو، بە پاڵەوانی كۆشكی ریحاب ناوی دەهێنرێت.

رەئیس مستەفا عەبدوڵڵا لە چاوپێكەوتنێكیدا پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، باس لەرووداوەكانی 14ی تەموزی 1958 دەكات، دەڵێت: دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، دەوڵەتی بەریتانی خەریكی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق بوو كە پێشتر ئەو ناوە لە فەرهەنگی سیاسیدا بوونی نەبوو، نەوەیەكی پادشاكانی هاشمی كرانە پادشای عیراق و شا غازی یەكەم بووە فەرمانڕەوای عیراق، پاش دامركانەوەی شۆڕشەكەی شێخی نەمر و داگیركردنی سلێمانی لەلایەن سوپای بەریتانیاوە، باشوری كوردستانیش بەو دەوڵەتەوە لكێنرا.

دەشڵێت:  دەسەڵات و فەرمانڕەوایی پادشایی چەندەها ساڵ لە عیراق بەردەوامبوو، ساڵی 1939 جەنگی دووەمی جیهانی هەڵگیرسا، حكومەتی ئەوكاتەی عیراقیش كە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی بەریتانیادا بوو، دەبوو ببێتە لایەنی ئەو شەڕە و داكۆكی لە بەریتانیا بكات، لەساڵی 1941دا شۆڕشی گەیلانی بەرپابوو، بەڵام هێندەی نەخایاند كپكرایەوە، پاشان راپەڕین لە موسڵ كرا و ئەویش سەری نەگرت، شا فەیسەڵی دووەم بەتەمەن مناڵ بوو، بۆیە سەرپەرشتیاری بۆ دانرابوو سەرپەرشتی كارەكانی بۆ دەكرد كە ناوی عەبدول ئیلا بوو.



هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئەوەشی خستوەتەڕوو: لەسەردەمی پادشایەتیدا چەند حكومەت یەك لە دوای یەك گۆڕدرا، بەگشتی لەماوەی 38 ساڵ فەرمانڕەوایی پادشایی لە عیراق 59 حكومەت گۆڕدراوە، رەنگە لە زۆر شوێندا سەردەمی پادشایی عیراق بەقۆناغێكی تاریك ناوببرێت، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە یاد نەچێت توندوتیژی كەمتر بوو لە سەردەمەكانی دیکە و  جەماوەر و داواكانی دەیانتوانی حكومەتێك بڕوخێنن.



دروستكردنی رێكخراوی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان

رەئیس مستەفا عەبدوڵڵا هەر لەبارەی سەردەمی حكومڕانی پاشایەتی باسی ئەوەشدەكات: ئەم بارودۆخە وایكردبوو چەندین رێكخراوی سیاسی لە سەرجەم تەوژمە فیكری و سیاسیەكاندا دروستببن، تەنانەت پەلبهاونە ناو سوپای عیراقەوە، لە گرنگترین ئەو رێكخراوانەش، رێكخراوی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان بوو كە هاوشێوەی لە وڵاتانی عەرەبدا هەبوو.



لەبەشێكی دیکەی دیدارەكەدا دەڵێت: جەعفەر عەسكەری و نوری سەعید و دەستەیەك سەردانی چەرچڵیان كرد، وتیان خۆمان راستەخۆ سەرپەرشتی ناكەین و بەڕێوەینابەین، فەیسەڵ دەكەین بە مەلیك لە عیراقدا، ئەم گروپەش بەڕێوەی ببەن، ئەو بڕیارەیان دەركرد و حكومەتێكی بەناو نیشتمانیان دروستكرد، عەبدولڕەحمان نەقیبیان كرد بە سەرۆك وەزیران و بڕیاریاندا پەرلەمان دابمەزرێنن و حكومەتێكی نیشتمانی دابنێن.

لەبارەی حكومەتەكەوە، ئەوەی خستوەتەڕوو: حكومەتەكە باڵیۆزی بەریتانی و مەندوبی سامی و راوێژكارەكان بەڕێوەیاندەبرد، گەلی عیراق بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی و رازی نەبوون بكەونە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەوە، دەیانویست بیكەنەدەرەوە، دەیانویست حكومەتێكبێت سەر بە گەل بێت.

دەشڵێت: كاتێك فەیسەڵیان كرد بە مەلیك لەعیراق وەزارەتی بەرگریاندا بە جەعفەر عەسكەری و سەرۆكایەتی ئەركان سوپایاندا بە نوری سەعید، دوای ئەمانە نوری سەعید بەردەوام یان سەرۆك وەزیران بوو یان وەزیری دەرەوە بوو یان وەزیری بەرگری بوو، هەردووكیان بەهەمان شێوە.

رەئیس مستەفا عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشداوە: لەساڵی 1939دا كە جەنگی دووەمی جیهانی دەستیپێكرد حكومەتی ئینگلیز دەیویست عیراق لەگەڵیانبێت و سەربازی پێبدات و فڕۆكەخانەی پێبدات، واتە هەموو خەرجییەكەی لەسەر عیراق بێت، لەساڵی 1952دا خۆپیشاندان ئەنجامدرا و هەموو چین و توێژەكان بەشداربوون و پۆلیسیان دەركرد و بارودۆخی بەغداد لە مەترسیدا بوو، خەڵكی هاواریان دەكرد بۆ گۆڕینی سیستمی مەلیكی.

ئەوەشی رونكردوەتەوە: زەعیم روكن محێدین عەبدولحەمید هەڵبژێردرا بەسەرۆكی لیژنەی ئەفسەرەكان، وات كوردێك بوو بەسەرۆكی لیژنەی ئەفسەرە ئازادیخوازەكانی بەغداد، دواتر عەبدولكەریم قاسمیان هەڵبژارد ببێتە سەرۆكی لیژنە، هەروەها هەمیشە بڕوای بە كوردەكان هەبوو، رێكخستنی تایبەتی خۆی هەبوو، هەركاتێك شتێكیان بویستایە دەیانتوانی بیكەن.



زۆرینەی سەركردەكانی شۆڕی 14ی تەموز كورد بوون

رەئیس مستەفا عەبدوڵڵا دەشڵێت: رەنگە ئاشكراكردنی نهێنی هەر رووداوێك یان هەر شۆڕشێك گەر پەیوەندی راستەوخۆی بە گۆڕانكارییەكانی نێو كۆمەڵی كوردییەوە نەبێت، بایەخێكی زۆری نەبێت، بەڵام ئەوەی دەمانباتە بەردەم راستی رووداوێك و ناچارماندەكات قسەی لەسەربكەین ئەوەیە كە شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958ی عیراق، زۆرینەی سەركردەكانی كورد بوون، بەڵام ئەوكاتە لە ریزی ئەفسەرە ئازادیخوازەكان كاریان دەكرد و هەوڵی ئەوان بۆ هێنانەدی ئامانجی ئەو رێكخراوەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا و لەبەر ئەوەی ئەوكاتە كوردستان بەشێك بووە لە عیراق و لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ئەوكاتی عیراق بوو كەواتە ناكرێت خۆمان لەو شۆڕشە و ئاكامەكانی لابدەین، بۆیە هەوڵدەدەین وردەكاریەكان و  ئاكامەكانی ئەو شۆڕشەش بناسێنین.

باسی لەوەشكردوە: كاتێك شۆڕشی 14ی تەموز بوو، عەقید حسێن عەلی عوبەیدی گەشت، بینی كار لەكار ترازاوە و كەس بەقسەی ناكات و لە ژورەكەی مایەوە، دواتر عەقید عادل جەلال حەزی نەكرد كوشتن رووبدات، لەبەرئەوە هاواری دەكرد ئەم شۆڕشە شۆڕشێكی گەلییە، سەربازەكان كردویانە، هەژارەكان كردویانە، لەبەرئەوە تكادەكەین كە تەقە نەكەن باخوێن نەڕژێت و لەوكاتەدا كە بە مایكرۆفۆن قسەیدەكرد هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، رژانە سەر شەقام، دواتر ناوچەی وەزیریە و ئەوانە هەمووی هاتن و بەشداربوون، خۆپیشاندەران هاواریان دەكرد تەقە مەكەن، ئەم شۆڕشە هی هەموومانە ئێوە هیچتان لەسەر نییە، دواتر هەموویان بوون بەیەك و بوون بەدەستەیەك هاوشێوەی شۆڕشی فەرەنسی، دواتر عەبدولسەلام عارف لە داخی ئەوەی عەقید عادل جەلال كورد بوو كردی بە قائیمقام و ناردی بۆ زاخۆ لەكاتێكدا خۆی ئامر فەوج بوو.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket