riklam

وەسیەتنامەكەی جەنەڕاڵ شەریف پاشا دۆزرایەوە

کوردستان 09:36 PM - 2026-07-05
بەشێك لەبەشداربووانی سیمیپۆزیۆمەكە ڕاگەیاندنی مەڵبەندی كوردی لە ڤیەننا

بەشێك لەبەشداربووانی سیمیپۆزیۆمەكە

كوردستان

رۆژی 4ی 7ی 2026، مەڵبەندی كوردیی ڤیەننا بە هاوكاری ئەكادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و كەلتور، لەڤیەننای پایتەختی نەمسا، سیمیپۆزیۆمێكیان بەناونیشانی (جەنەڕاڵ شەریف پاشا -  1865 - 1951 لە نێوان كاری دیپلۆماسی و خەونی دەوڵەتی كوردستان) سازكرد بە ئامادەبوونی ژمارەیەژی زۆری میوانان و رەوەندی كوردی.


خەباتی دیپلۆماسی شەریف پاشا

 لەسەرەتای سیمیپۆزیۆمەكەدا، دانا شەدەڵە، هاوسەرۆكی مەڵبەندی كوردی لە ڤیەننا، بەخێرهاتنی میوانانی كرد و كورتەیەكی لەسەر كار و چالاكییەكانی مەڵبەند و خەباتی دیپلۆماسی جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان پێشكەش كرد.


ژیان و كاری ڕۆژنامەوانی

 پاشان حەمید ئەبوبەكر بەدرخان، بەرپرسی ئەكادیمیای بەدرخان، تیشكی خستە سەر ژیان، دەردەسەری و لێهاتوویی دیپلۆماسی شەریف پاشا، بەتایبەت دەركردنی ڕۆژنامەی (مەشروتیەت) بە زمانەكانی توركی و فەڕەنسی لە فەڕەنسا. ناوبراو ئاماژەی بە پڕۆژەی ساڵی داهاتووش كرد بۆ سازدانی هەژدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەدرخان لە نەورۆزی 2027دا بە هاوكاری مەڵبەندی ڤیەننا لە وڵاتە ئەڵمانی زمانەكان (نەمسا، ئەڵمانیا، سویسڕا، لۆكسمبۆرگ).


بەڵگەنامە دژبەرەكان

 نووسەر و لێكۆڵەر ئەڤین چیچەك، بە درێژی باسی لەو بەڵگەنامانە كرد كە لەلایەن بەریتانیا، فەڕەنسا و توركیای ئەو سەردەمەوە دژ بە شەریف پاشا بەكارهاتوون، هاوكات تیشكی خستە سەر كارە ڕۆژنامەوانییەكانی لە نێوان ساڵانی 1908 بۆ 1914.


دۆزینەوەی وەسیەتنامەكە و شوێنی گۆڕەكەی

 لە تەوەرێكی گرنگدا، جوامێر بەختیار مستەفا، لێپرسراوی ڕێكخراوی شەریف پاشای نێودەوڵەتی، باسی لە دۆزینەوەی «وەفاتنامە»ی شەریف پاشا كرد لە كاتی فێستیڤاڵی حەڤدەیەمینی بەدرخان لە ئیتاڵیا، كە سەلماندی گۆڕی ناوبراو لە شاری (كەتەنزاڕۆ)ی ئیتاڵیایە نەك قاهیرە. هەروەها مژدەی دۆزینەوەی «وەسیەتنامەی جەنەڕاڵ شەریف پاشا»ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ وەرگرتنی وەسیەتنامەكە سەردانی ڕۆما دەكات و بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەكاتەوە، كە تێیدا پەردە لەسەر چۆنیەتی تیرۆركردنی لەلایەن بەكرێگیراوێكەوە بە ناوی (عەلی جواد) لادەدات.


كتێبێكی نوێ بە زمانی ئەڵمانی

 عەلی ڕەزا گوێكتاش، هاوسەرۆكی مەڵبەندی كوردی، لەسەر چەند لایەنێكی دیكەی مێژوویی دوا و باسی لە نوێترین كتێبی خۆی كرد كە بە زمانی ئەڵمانی نووسیویەتی.


چالاكییە هونەری و فەرهەنگییەكان

سیمپۆزیۆمەكە بە چەندین پرسیار و ڕاو بۆچوونی ئامادەبووان دەوڵەمەندتر كرا، لەوانە لێكدانەوەكانی خاتوو سەمیرە عەلی، دكتۆر عەلی مازۆچی و ئۆردیخانی جەلیلی جەلیل. هەروەها ژنە سیاسەتوانی كورد (هەڤاڵ خەجۆ) دەستخۆشی لە چالاكییەكە كرد و جەختی لە گرنگی «لۆبی كلتوری» كردەوە. لە بەشێكی دیكەشدا شاعیر ناسك حەمە غەریب چەند شیعرێكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.


پیشاندانی فیلمی دۆكیۆمێنتاری

لە كۆتاییدا فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ژیانی شەریف پاشای خەندان پیشاندرا، كە بەرهەمی هاوبەشی ئەكادیمیای بەدرخان و مەڵبەندی كوردی ڤیەننا (2026) بوو، و لە دەرهێنانی هونەرمەند نەژاد نەجم بوو. (سەرەڕای ئەوەی بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی لە گواستنەوەی ڤیدیۆكان لە ئیتاڵیاوە، دەستپێكی سیمپۆزیۆمەكە كەمێك دواكەوت، بەڵام بە دڵگەورەیی و پێشوازی گەرمی میوانان كۆتایی پێهات).

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket