riklam

1ی تەمموز.. گەورەترین مێژووی لەدایکبوونی هاوبەش لە جیهاندا

کوردستان 10:06 AM - 2026-07-01
لەدایکبوونی بە کۆمەڵ AI

لەدایکبوونی بە کۆمەڵ

کاتێک یەکەم ڕۆژی مانگی تەمموز دێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەبنە مەیدانی کەرنەڤاڵێکی بێوێنە و پیرۆزبایی بەکۆمەڵ، بەجۆرێک ملیۆنان هاووڵاتی لەم رۆژەدا یادی لەدایکبوونیان دەکەنەوە، ئەم دیاردەیەش کە لە ناوەندی کۆمەڵایەتیدا بە (رۆژی لەدایکبوونی بەکۆمەڵ) یان 1ی 7 ناسراوە، رێکەوتێکی بایۆلۆژی یان سروشتی نییە، بەڵکو دەرەنجامی بڕیارێکی کارگێڕی و مێژوویی کۆنی دەوڵەتی عیراقە کە نزیکەی حەوت دەیەیە وەک میراتێکی ناسنامەیی بەردەوامە.

نهێنی چەسپاندنی 1ی تەمموز لەناسنامەی زۆربەی هاووڵاتیان

نهێنیی چەسپاندنی رۆژی 1ی تەمموز لە ناسنامەی زۆرینەی هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی کوردستاندا، بۆ ناوەڕاستی سەدەی رابردوو و بە دیاریکراوی بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە، کە بە گرنگترین و وردترین بنکەی زانیاریی دانیشتوان لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا دادەنرێت، چونکە لەو سەردەمەدا پڕۆسەی تۆمارکردنی باری شارستانی رووبەڕوی چەندین ئاستەنگ بووبووەوە، لەوانە:

نەبوونی تۆماری رەسمیی تەندروستی

 بەهۆی دووریی گوند و شارۆچکەکان لە ناوەندە تەندروستییەکان و نەبوونی هۆشیاریی کارگێڕی لەو دەمەدا، بەشێکی زۆری خێزانەکان بەرواری ورد و راستەقینەی لەدایکبوونی منداڵەکانیان تۆمار نەدەکرد.

پشتبەستن بە وەرز و رووداوە سروشتییەکان

 هاووڵاتیان لە دیاریکردنی تەمەندا پشتیان بە وەرزەکانی ساڵ، وەک (کاتی دروێنە، کاتی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان) یان رووداوە گەورەکانی وەک (ساڵی بەفرە گەورەکە، ساڵی لافاوەکە) دەبەست.

یاسا و بڕیاری کارگێڕی دەوڵەت

کاتێک حکومەتی ئەو سەردەمە پڕۆسەی دەرکردنی ناسنامەی باری شارستانی (ڕەگەزنامە)ی دەستپێکرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی رۆژ و مانگی لەدایکبوونی ملیۆنان هاووڵاتی، فەرمانگەی باری شارستانی بڕیارێکی کارگێڕی دەرکرد، تێیدا هاتبوو هەر هاووڵاتییەک رۆژ و مانگی لەدایکبوونی نەزانراو بێت و تەنیا ساڵەکەی دیار بێت، ئەوا رێکەوتی ناوەڕاستی ساڵ، واتە 1ی تەمموز وەک رۆژ و مانگی رەسمیی لەدایکبوونی جێگیر دەکرێت.

رەهەندی کارگێڕی و ئابووری و یاسایی

دیاردەی رۆژی لەدایکبوونی بە کۆمەڵی 1ی7 تەنیا بابەتێکی مێژوویی نییە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جومگە کارگێڕی و ئابوورییەکانی دەوڵەت هەیە، لە ڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە لەوانە:

پڕۆسەی خانەنشینی: فەرمانگەکانی باری شارستانی و دەستەکانی خانەنشینی لە عیراق و هەرێمی کوردستان، لەم ڕۆژەدا رووبەڕوی بەرزترین لۆدی کار دەبنەوە، چونکە بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی کە تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشین بوون، لە رۆژی 1ی7دا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گرێبەست و خزمەتە رەسمییەکانیان کۆتایی دێت.

سەرژمێری و پلاندانانی گەشەپێدان

 ئەم بەروارە کە ملیۆنان هاووڵاتی هەرێم و عیراقی تێیدا لەدایکبوون، تیشک دەخاتە سەر داتا وردەکانی پەرەپێدانی مرۆیی، چونکە ئاستی تەمەنی راستەقینەی کۆمەڵگە بە وردی ناپێورێت، هەرچەندە لە دوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بەهۆی گەشەکردنی کەرتی تەندروستی و ناچارکردنی تۆماری رەسمیی، ئەم کێشەیە بۆ نەوەکانی نوێ بنبڕ کراوە.

ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی

لە زۆرێک لە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقدا، دەبینرێت کە دایک و باوک و چەند خوشک و برایەک پێکەوە لە یەک رۆژدا یادی لەدایکبوون دەکەنەوە، سەرەڕای جیاوازیی تەمەنیان، ئەمەش وایکردووە کە یەکەم رۆژی تەمموز ببێتە جۆرێک لە نوکتە و تەنزی کۆمەڵایەتی و ته‌نانه‌ت كەرەستەیەک بۆ بەرهەمهێنانی کاری کۆمیدی و کولتووری لە میدیای کوردیدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 1ی تەمموز وەک بەڵگەنامەیەکی زیندووی قۆناغێکی گرنگی گواستنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە لە سیستمی نەریتییەوە بۆ سیستمی مۆدێرنی کارگێڕی دەمێنێتەوە، هەرچەندە نەوە نوێیەکانی ئێستای کوردستان بە سەعات و خولەکی وردەوە لەدایکبوونیان تۆمار دەکرێت، بەڵام "1ی 7" وەک گەورەترین مێژووی لەدایکبوونی هاوبەش لە یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلانی ناوچەکەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket