riklam

تاقیکردنەوەی سەرکەوتن، میرات و داهاتوو

بیروڕا 11:05 AM - 2026-06-04
عیماد ئەحمەد PUKMEDIA

عیماد ئەحمەد

مێژوو هەندێکجار بەهۆی شکستەکانەوە ناگۆڕێت؛ بەڵکو بەهۆی سەرکەوتنەکانەوە دەگۆڕێت، چونکە شکست مرۆڤ ناچار دەکات لە خۆی بپرسێت: «بۆچی کەوتوم؟» بەڵام سەرکەوتن زۆرجار ئەو پرسیارەمان لەبیردەباتەوە. لەو ساتانەدا، مەترسییە گەورەکە لە دەرەوە نایەت؛ لە ناوەوە سەرهەڵدەدات. کاتێک رابردوو دەبێتە شوێنی حەوانەوە، نەک بناغەی هەڵکشان؛ کاتێک میرات دەبێتە جێگرەوەی خەون، نەک سەرچاوەی خەونێکی نوێ.

مێژوو پڕە لە نموونەی دەوڵەت و بزووتنەوە و رێکخراوە گەورەکان کە دوژمن نەیتوانیوە بیانڕووخێنێت، بەڵام خۆیان لەژێر باری شانازییەکانی دوێنێدا ماندووبوون. ئەوان لە خەباتدا بەهێز بوون، بەڵام لە پاراستن و نوێکردنەوەی دەسکەوتەکانیاندا سستییان نیشانداوە. هەر بۆیە گەورەترین تاقیکردنەوەی هەر رێکخراوێک، نەک لە کاتی دامەزراندن و گەرمەی خەباتدا، بەڵکو لە دوای سەرکەوتن دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ، کاتێک جیهان و ناوچەکە بە خێرایی دەگۆڕێن و هاوکێشەکان لە هەر چرکەساتێکدا نوێ دەبنەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەنییە چی بەدەستهاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هێشتا توانا و ئیرادەی دروستکردنی شتێکی نوێمان هەیە؟ چونکە نەتەوەکان بە میراتەکانیان ناسراو دەبن، بەڵام بە داهاتوویان مێژوو  دەنووسنەوە و بەردەوامیی بە دەستکەوتەکان دەدەن.

لە مێژووی مرۆڤ و گەلاندا، زۆرجار مەترسیی گەورە لە کاتی شکستدا نایەت؛ بەڵکو لە کاتی سەرکەوتندا دەردەکەوێت. چونکە شکست مرۆڤ ناچار دەکات بیر بکاتەوە، بەڵام سەرکەوتن هەندێکجار وای لێدەکات لە خۆی رازیی بێت، مام جەلال دەیوت «لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن خەوتان لێ نەکەوێت». لەو ساتانەدا، دەسکەوتەکانی دوێنێ دەبنە پەردەیەک لەبەرانبەر بینینی پێویستییەکانی ئەمڕۆ و میراتی گەورەی رابردوو، ئەگەر  نوێ نەکرێنەوە، لە سەرمایەیەکی مەزنەوە دەگۆڕێن بۆ بارێکی قورس لەسەر شانی داهاتوو.

مێژوو وەک رووبارێکە؛ هەرگیز لە شوێنێک ناوەستێت، ئەوەی دوێنێ سەرچاوەی هێز بووە، ئەگەر بە بیر و ئیرادەی نوێ پەیوەست نەکرێت، دەتوانێت ببێتە کۆسپێک بۆ هەنگاوەکانی سبەینێ. بۆیە میللەت و رێکخراوە زیندووەکان ئەوانەن کە رێز لە رابردوو دەگرن، بەڵام زیندانی ناو چواردیواری رابردوو نابن؛ میرات دەپارێزن، بەڵام لە ناو میراتەکە خۆیدا، داهاتوو ناکوژن.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەردەم قۆناغێکی گرنگدا وەستاون؛ قۆناغێک کە تێیدا پێویستە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان پاراستنی میرات و بنیاتنانی داهاتوودا هەبێت. پرسیاری سەرەکیی ئەم سەردەمە ئەوەنییە چی بەدەستهاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دەتوانرێت ئەو دەسکەوتانە ببنە بناغەی دەسکەوتی نوێ و خزمەتی زیاتر.

مێژوو شایەتی دەدات کە تاقیکردنەوەی گەورەی رێکخراوەکان لە کاتی دامەزراندنیاندا نییە، بەڵکو دوای سەرکەوتنەکانیانە، چونکە دروستکردنی خەون زۆرجار ئاسانترە لە پاراستن و نوێکردنەوەی. زۆر لە بزووتنەوە و رێکخراوە گەورەکانی جیهان لە کاتی خەباتدا گەورەترین هێزیان هەبووە، بەڵام دوای سەرکەوتن، تاقیکردنەوەیەکی دژوارتر دەستپێدەکات: تاقیکردنەوەی پاراستنی رۆحی خەبات لە سەردەمی ئارامیدا.

کوردستانیش ئەمڕۆ لە بەردەم هەمان تاقیکردنەوەدایە. نەوەکانی پێشوو بۆ مافی بوون خەباتیان کرد؛ بۆ زمان و ناسنامە و مافی ژیان شەهیدبوون، بەڵام نەوەی ئەمڕۆ لە بەردەم پرسیارێکی جیاوازدایە: چۆن دەسکەوتەکان بپارێزرێن؟ چۆن حوکمڕانیی باشتر دروست بکەین؟ چۆن گەنج لە وڵاتەکەی خۆی بێ هیوا نەکەین؟ ئەم پرسیارانە بە چەک و دروشم وەڵام نادرێنەوە؛ بە بیرکردنەوە و چاکسازیی و دامەزراندنی متمانە وەڵام دەدرێنەوە.

لەو نێوەندەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنیا بەشێک نییە لە مێژووی کوردستان؛ بەڵکو بەشێکە لە وەڵامی پرسیاری داهاتووی کوردستان، چونکە هەر رێکخراوێک کە لە پرۆسەی خەباتدا لەدایکبووە، رۆژێک دەگاتە ئەو ئاستەی دەبێت بڕیار بدات: ئایا تەنیا پاسەوانی میراتەکەی دەبێت، یان خاوەنی خەونێکی نوێش بۆ میللەتەکەی؟

میراتی سەرۆک مام جەلال تەنیا لە دەسکەوتە سیاسییەکانیدا کۆنەبووەتەوە؛ بەڵکو لە شێوازی بیرکردنەوەشیدا. ئەو باوەڕی بەوە هەبوو کە سیاسەت هونەری دۆزینەوەی رێگایە، نەک تەنیا هونەری بەدەستهێنانی دەسەڵات. هەر بۆیە لە زۆر قۆناغدا نیشانیداین کاتێک دەرگایەک دادەخرێت، دەکرێت پەنجەرەیەک بکرێتەوە و کاتێک دەنگی جەنگ بەرز دەبێتەوە، دەبێت دەنگی عەقڵیش ببیسترێت.

ئەمڕۆ جیهان و ناوچەکە بە خێرایی دەگۆڕێن. لەم بارودۆخەدا هەرێمی کوردستان ناتوانێت تەنیا بە سەرکەوتنەکانی دوێنێ بژی. داهاتوو بە ئامرازەکانی رابردوو بەڕێوەنابرێت. پێویستە دامەزراوەکان بەهێز بکرێن، لێهاتوویی ببێتە پێوەر و شەفافییەت و بەرپرسیارێتی ببنە بناغەی حوکمڕانی. هەر بۆیە چاکسازیی نابێت تەنیا دروشم بێت؛ دەبێت ببێتە پێداویستییەکی هەبوون. چاکسازیی لە دامودەزگاکان، لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خەڵک، لە هەڵبژاردنی کادر و لە رێگادان بە ژنان و نەوەی نوێ بۆ کارکردن لە پرۆسەی بنیادناندا، چونکە دەسەڵات زۆرجار نەک بەهۆی لاوازیی تواناوە، بەڵکو بەهۆی لاوازیی متمانەوە تووشی زیان دەبێت. یاسا، دامودەزگا دەپارێزێت، بەڵام متمانە داهاتوو دەپارێزێت. هەر دەسەڵاتێک دەتوانێت فەرمان بدات، بەڵام تەنیا ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت بەردەوام بێت کە متمانە دروست دەکات.

دارێکی پیر بە قوڵایی رەگەکانی دەوەستێت، بەڵام بە گوڵ و بەرەکانی دەژی. ژیانی دار لەوەدا نییە چەند ساڵ تەمەنیەتی؛ لەوەدایە کە هێشتا دەتوانێت بەهارێکی نوێ بخوڵقێنێت. خەڵک و رێکخراوەکانیش هەمان یاسای ژیانیان هەیە.

میرات ریشەیە؛ بەڵام داهاتوو گوڵ و بەرهەمە. ئەو رەگ و ریشانەی ناتوانن ژیانێکی نوێ لە خۆیاندا بڕوێنن، هێدی هێدی وشک دەبن، هەرچەندە لە مێژووشدا ناویان گەورە بێت، بەڵام ئەو رەگانەی هەر ساڵ بەهارێکی نوێ دروست دەکەن، کات ناتوانێت پیریان بکات. لەبەر ئەوە، پرسیاری سەرەکیی ئەمڕۆ ئەوە نییە کە یەکێتی و هەرێم چییان کردووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە دەتوانن لە ئایندەدا چی بکەن. چونکە گەل بە بیرەوەرییەکان شکۆمەند دەبێت، بەڵام بە خەونەکان دەژی. ئەگەر خەونی نوێ هەبێت، داهاتووش هەیە، ئەگەر خەون ون ببێت، تەنانەت گەورەترین میراتیش ناتوانێت جێگای بگرێتەوە.

لەنێوان میرات و داهاتوودا، چارەنووس بەوە دیاریی ناکرێت چی هەبووە؛ بەوە دیاریی دەکرێت چی دەتوانرێت دروستبکرێت، چونکە مێژوو لە کۆتاییدا ئەوانە ناناسێت کە تەنیا پاسەوانی دوێنێ بوون؛ ئەوانە دەناسێت کە جەسارتی دروستکردنی سبەینێیان هەیە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket