riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

خەباتی هەمەلایەنە بژاردەی ستراتیژی نەگۆڕ و تاسەر

ئەڵقەی بیستەم

خەباتی هەمەلایەنە دەستەواژەیەکی ئەدەبی ناو کۆری سیاسەت و تێکۆشانی کوردایەتییە. هەندێک جار وەک دەستەواژەی هاندانی جۆش و خرۆشی ناو وتاری سیاسی دێتە بەرچاو و لە ئەدەبیاتی یەکێتی و مام جەلال دا دووپاتە و رستەیەکی شۆڕشگێڕی خەباتی پێشمەرگایەتییە، بەڵام راستێکەی دەستەواژە و چەمکی خەباتی هەمەلایەنە بە ئەزموون و نرخی زۆری هیلاکی و تێکۆشانی کوردایەتی سەلمێندراوە و بۆتە بژاردەیەکی ستراتیژی نەگۆڕ و تاسەر کە هەموو شێوازەکانی تری خەبات لە خۆیدا کۆدەکاتەوە و دەبێتە چەتری ئەمان و پارێزگاری بۆیان، جێگەی کەسیان ناگرێتەوە بەڵکو دەبێتە چەتری سۆز و باوەشی گەرم بۆ هەموویان.

خەباتی هەمەلایەنە هەموو ئامراز و شێوەکانی خەباتی کاریگەر دەگرێتەوە کە یاساکانی خەباتی رەوا و رەوان و دادپەروەر بۆ میللەتانی بن دەست و روو لە ئازادی و رزگاری، بە شایان و زەرووری و ناچاری زانییوە.

خەباتی هەمەلایەنە بەرەیەکی فراوانی ئامرازی خەباتی سیاسییە لە بەرامبەر بەرەیەکی زاڵم و زۆردار و ستەمکار، کە هەموو شێوازە ئاسایی، مەدەنی و دیموکراتییەکانی لە گەلی بندەست و ئازادیخواز حەرام و قەدەغە کردووە.

خەباتی هەمەلایەنە وەک ستراتیژی (جەنگی مەغلوبە)ی میللەتی زوڵملێکراو وایە بەرامبەر ستەمی هەمەلایەنەی گشتگیر و (هەڵمەتی خاچپەرستانە)ی ناحەزان لە دژی خاوەن خاک و خەڵکی رەسەنی وڵات.

خەباتی هەمەلایەنە گرێدراوی خەباتی درێژخایەن و دوورمەودا و ستراتیژی بزووتنەوەی سیاسی میللەتە کە حزب و بزووتنەوە و بەرە سیاسییە جیاجیاکان نوێنەرایەتی دەکەن.

حزب و بزووتنەوەی سیاسی لە داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەی سەرخستنی خەباتی رزگاریخوازی و دیموکراسی خۆیدا بە نەفەسێکی درێژ و دوورمەودا ئیش دەکات و بەرنامە دادەنێ.

خەباتی درێژخایەن و دوورمەوداش مانای تێپەڕین بەسەر چەند قۆناغ و چەند دەورانی سیاسیی کە گۆڕانی سیاسیی هەمەچەشن دەقەومێ. ئیتر لەوێوە خەباتی میللەتەکە بەرەو پێش دەڕوا و سەنگەری قایمی ستەم و دیکتاتۆری درزی تێدەکەوێ و پاشەکشێ دەکا و هەلومەرجی دەوروبەریش وا دەگۆڕێ کە سەرەتای خەبات وەک ناوەڕاستەکەی و کۆتاییەکەشی وەک سەرەتاکەی نییە. ئەمەش لە پێشکەوتن و پاشەکشێدا گۆڕان لە تەکتیکی ئیشکردن و خەبات دەکاتە پێویستییەکی واقیعی، لێرەوە خەباتی هەمەلایەنە مانای جەوهەری پەیدا دەکات.

یەکەم: هەندێک لە جۆرەکانی خەباتی هەمەلایەنە: بەو واتایە دێت، لە دەستپێک و تا چەند قۆناغێکیش پێکەوە دەبێت.

بۆ نموونە خەباتی حزبی و رێکخستن، خەباتی راگەیاندن و تەبلیغاتی، خەباتی نهێنی و ژێرزەمینی، خەباتی چەکداری و ئەمنیەتی، خەباتی مەقاوەمەتی زیندان و خەباتی جۆشدانی جەماوەری.

ئەم جۆرە خەباتە هەمەلایەنە، جاری وا هەیە پێکەوە دەست پێدەکەن و جار وایە هەندێکیان لەنیوەی رێگە و بە پێی گەشەی خەباتەکە دێتە ریزەوە و هەندێکیش بە گوێرەی گەشەی زیاتر و هەلومەرجی نوێ پاشەکشێ دەکەن، یان دوا دەخرێن، یاخود تەنانەت بلۆک دەکرێن و بۆ کاتێکی جیاواز دەبنە شێوەیەکی یەدەکی خەبات.

نموونەی ئەمە: خەباتی رێکخستن و ئەڵقەی پێکەوە گرێدانەوەی جۆرەکانی رێکخستنی نهێنی لە پێشدا دێن، خەباتی چەکداری و پێشمەرگانە هەلومەرجی خۆی هەبووە، هەرچی خەباتی جەماوەرییە (نارەزایەتی یان پشتیوانی)، ئەوا دوای دابینبوونی رێکخستنی پتەو بزووتنەوەیەکی چەکداری پاڵپشت و داکۆکیکار دەبێت لە جەماوەر، کە لە لێقەومانی هێرشی پێچەوانەدا بتوانێت لەسەر ئەو جەماوەرە بێتە جواب و داکۆکیان لێ بکات.

خەباتی تەبلیغاتی و میدیایی لە سەرەتاوە دەبێت، بەڵام بە گوێرەی هەلومەرجەکان ئەرکی جیاواز و شێوازی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت، ئەم خەباتە میدیاییە لە کاتی نهێنی و ژێر زەمینیدا بڵاوکراوەی نهێنی و جفرەی شۆڕشگێڕییە، بەڵام لەکاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیدا راگەیاندنی تەبلیغاتی راستەوخۆ و داکۆکییە لە حزب و بزووتنەوە و جەماوەری شۆڕشگێڕ، لە قۆناغی رزگاری و ئەزموونی دیموکراتیدا بەشێکە لە دەسەڵاتی چوارەم و کەمێک سەربەخۆتر کار دەکات، وەک چۆن دەسەڵاتەکانی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری دادەمەزرێت و بۆ راگرتنی هاوسەنگی  ئەزموونی دیموکراتیدا لێک دادەبڕێن.

دووەم: هەندێکی تر لە خەباتی هەمەلایەن لەگەڵ گەشەی خەباتەکە و بەدیهاتنی بەشێکی ئامانجەکانی دێنەکایەوە، بۆ نموونە لە خەباتی دوای رزگاری نیشتمانی کە وڵات، یان بەشێکی وڵات، ئازاد دەبن، خەباتی دیموکراسی و هەڵبژاردن دێنەکایەوە، خەباتی هەڵبژاردن لە هەلومەرجی وادا:

-هەم بەرهەمی خەباتی دیموکراسییە.
-هەم رێبازی دیموکراسییە بۆ حوکمڕانی و دەسەڵات.
-هەم تەرزێکی نوێی سیاسەتکردنە لە شار بۆ ئیدارەی ناکۆکی و ململانێکان، بەخۆشی و خۆشەویستی و خۆنەویستی و ململانێی نەرم.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket