riklam

وته‌بێژی یه‌كێتی: ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌ت

کوردستان 04:40 PM - 2026-06-01
كاروان گه‌زنه‌یی وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA

كاروان گه‌زنه‌یی وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كارا و خزمه‌تگوزار و هاوبه‌ش ده‌رگای گفتوگۆمان كراوه‌یه‌، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، له‌سه‌ر رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ئاستی خوێنی شه‌هیدان و كادیران و داخوازییه‌كانی هاووڵاتیاندا ده‌بین.

كاروان گه‌زنه‌یی وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان،له‌ 51 ـه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕ‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: مه‌به‌ستمه‌ به‌ ناوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ كادیر و تێكۆشه‌ر و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و کەمئەندامی سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ و ده‌نگده‌ران و ته‌واوی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق بكه‌م.

له‌ ئاستی داخوازی چین و توێژه‌كان ده‌بین

وتیشی: دوای 51 ساڵ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌مڕ‌ۆ له‌سه‌ر ڕ‌ێبازی جه‌نابی مام جه‌لال، به‌ڵێن دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ئاستی خوێنی شه‌هیده‌كانمان بین، له‌ئاستی داوا و ویستی تێكۆشه‌ره‌كانمان بین، له‌ئاستی داخوازیی كادیر و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بین.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟

په‌یوه‌ست به‌ ئامانجه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوای 51 ساڵ له‌خه‌بات، كاروان گه‌زنه‌یی رایگه‌یاند: ده‌هێنێت پرسیارێك بكه‌ین؛ دوای 51 ساڵ جارێكی دیكه‌ وه‌ك جه‌نابی مام جه‌لال فه‌رمووی: "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟".

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ به‌سه‌ر قافڵه‌كردنی گه‌نجان و به‌داینه‌مۆكردنی، به‌ره‌و پێشبردنی گه‌نجان له‌ نیشتمان و له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی نیشتمان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ژنان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر حیكمه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك بافڵ له‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانین خزمه‌تی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ بكه‌ین؛ كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ و ته‌واوی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئاوێته‌كردنی خه‌باتی گه‌نجان و وزه‌ی گه‌نجان، وزه‌ی ژنان له‌گه‌ڵ متوربه‌كردن و ئاوێته‌كردنی له‌گه‌ڵ خه‌باتی تێكۆشه‌ره‌كانمان، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.

هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی هەبووە

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، وته‌بێژی یه‌كێتی ئاشكرای كرد: هه‌وڵ هه‌بووه‌ له‌ماوه‌كانی رابردوودا، بۆ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی نشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هیوادارین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌وڵه‌كان به‌ ئه‌نجام بگه‌ن و كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار له‌ هه‌رێم پێكبهێنین.

وتیشی: ئێمه‌ دوو حزبی سیاسی جیاوازین، خاوه‌نی تێڕ‌وانین و میكانیزمی جیاوازین بۆ به‌ڕ‌ێوه‌بردنی حوكمرانی له‌هه‌رێمی كوردستان، ڕ‌استه‌ جیاوازیمان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دوو حزبی جیاوازین، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شمان زۆره‌ كه‌ ده‌توانین ناكۆكییه‌كانمان به‌لاوه‌ بنێین، له‌پێناوی نیشتمانه‌كه‌مان، ده‌هێنێت ناكۆكییه‌كانمان به‌لاوه‌ بنێین بۆ خزمه‌تكردنی نیشتمانه‌كه‌مان، حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری سه‌رتاسه‌ری.

نه‌وه‌ی نوێ هاوپه‌یمانێكی هاوبه‌شه‌

كاروان گه‌زنه‌یی، له‌باره‌ی رێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێ هاوپه‌یمانییه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ و تێڕ‌وانیشمان هاوبه‌شه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا ئیمزا له‌سه‌ر رێككه‌وتنی نێوانمان ده‌كه‌ین و به‌ یه‌كه‌وه‌ و به‌ یه‌كپاكێج مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین.

یه‌كێتی ده‌رگای كراوه‌یه‌

وته‌بێژی یه‌كێتی راشیگه‌یاند: به‌ناوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم، ئێمه‌ ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌دیاریكراوی له‌گه‌ڵ خوشك و برایانمان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانین حكومه‌تێكی كارای خزمه‌تگوزارو حكومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر پێكبهێنین.

حكومه‌تێكی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌مان ده‌وێت

وتیشی: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌تێك بێت، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوبه‌شێكی ڕ‌استه‌قینه‌ بین تیایدا، یه‌كێتی وه‌ك ده‌نگ، وه‌ك پێگه‌ی سیاسی، وه‌ك پێگه‌ی جوگرافی، وه‌ك پێگه‌ی ئیقلیمی، وه‌ك پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، یه‌كێكه‌ له‌و هێزانه‌ی كه‌ واقیعی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌یخوازێت ئێمه‌ هاوبه‌شێكی ڕ‌استه‌قینه‌ی حوكمڕ‌انی بین له‌ ته‌واوی كایه‌كانی حوكمڕ‌انی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستێكی كارامان هه‌بێت.

به‌ڵێنه‌كانمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین

له‌كۆتایشدا، كاروان گه‌زنه‌یی وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێتی پێداگره‌ له‌سه‌ر داخوازییه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی خۆی كه‌ به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی داوه‌، له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بافڵ كه‌ به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی داوه‌، ئه‌م به‌ڵێنانه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕ‌انی و كارنامه‌ی حوكمڕ‌انی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بێنه‌ دی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دووباره‌ لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ گفتوگۆ و بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كارا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket