riklam

لە یادی 25 ساڵەی كۆچی دوایی شازاد صائب-ی نەمردا

کوردستان 12:00 PM - 2026-05-21
تێكۆشەری كۆچكردوو شازاد صائب PUKMEDIA

تێكۆشەری كۆچكردوو شازاد صائب

تێكۆشەری كۆچكردوو شازاد صائب، یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانەی یەكێتی كە هەمووان و بەتایبەتیش سەرۆك مام جەلال بەگرنگییەكی زۆرەوە لێیان روانیوە و هەر هەڤاڵ مام جەلال-یش دەربارەی ئەو تێكۆشەرە وتوویەتی: ئەگەر كاكە شا؛ قبووڵی كردبا دەمێك بوو دەچووە سەركردایەتییەوە و هیچ رێگرییەكیشی لێ نەدەكرا.

كەواتە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت هەر كاتێك ئەو رازیببوایە ئەوا پلە و پۆستی باڵای پێدەرا، بەڵام كار و خەباتی ئەو بۆ هیچ پلە و پۆستێك نەبووە، هەر ئەوكاتەش كە تێكەڵی دنیای سیاسەت بوو، خاوەنی سەروەت و خۆشگوزەرانییەكی باش بوو، كەسێكی یاسایی و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوو، كەچی وازی لە هەموو ئەوانە هێنا و بەشداری لە خەباتی گەلەكەیدا كرد دژی داگیركاری و ستەمكاری. ئەو سەروەتەشی كە هەیانبوو خستییە خزمەتی رێكخستنەكانەوە و هاوكاریی زۆری ماددیی شۆڕشی كردووە.

بەدرێژایی ماوەی خەباتی رێكخستن و پێشمەرگایەتی و یاسایی و دیپلۆماسی و ئیداری، بەوپەڕی دڵسۆزی و شارەزاییەوە خزمەتی كردووە و دەستكەوتی باشی بۆ كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەبووە.

ژیاننامەكەی

تێكۆشەری نەمر شازاد جەمیل صائب، ساڵی 1946 لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە، قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتوویی لە سلێمانی و بەغدا تەواوكردووە، دواجار كۆلیژی یاسای لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە، لە قۆناغی ناوەندیدا بەشداری لە خەباتی گەلەكەیدا كردووە و بووە بە ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و پارتی. ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی قوتابیان و یەكێك لە سەركردەكانی مانگرتن و خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی بەغدا بوو لە ساڵی 1967دا، دوای تەواوكردنی خوێندن، بووە بە پارێزەر و لە تێكۆشانی سیاسیشدا بەردەوام بووە.

ساڵانی 1969 و 1970 سەرنووسەری گۆڤاری رزگاری بووە، كە ئەو گۆڤارە زەمینەخۆشكەری ئایدیۆلۆژیا و دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوو، خۆی بوو بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەو كۆمەڵەیە.

دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975دا، پەیامی كۆمەڵە و تێكۆشەرانی ناوەوەی كوردستانی گەیاندە سەرۆك مام جەلال لە دەرەوەی وڵات و ساڵی 1979ش لەسەر داوای سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی لە كار و پیشەی تایبەتی خۆی هەڵگرت و لە عیراقەوە چوو بۆ لەندەن، دواتر بوو بە نوێنەری ی.ن.ك لە سوریا، ساڵی 1980 وەك پێشمەرگەیەك گەڕایەوە بۆ كوردستان، دادگاكانی شۆڕشی نوێی دامەزراند، یەكەم یاسا كە سەركردایەتیی ی.ن.ك پەسەندیكرد بۆ كارپێكردنی، كاك شازاد نووسیبووی.

پاش ماوەیەك لە ژیانی پێشمەرگایەتی، بەهۆی نەخۆشییەكی كتوپڕەوە چووە دەرەوەی وڵات، لەوێش وەك كادرێكی سیاسی، دیپلۆماسی و رێكخراوەیی كاریكردووە و لە زۆربەی گەشتەكانی سەرۆك مام جەلال-دا، یاوەری بووە.

لە كۆبوونەوە و كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و كۆنگرەكانی ی.ن.ك-دا بەشداریی كردووە، هەمیشە داوایلێكراوە خۆی بۆ سەركردایەتیی كۆمەڵە، یان یەكێتی بپاڵێوێت، بەڵام رەتیكردووەتەوە.

ساڵی 1988 نوێنەری یەكێتی بووە لە ئەوروپا، ساڵانی 1994-2001 نوێنەری یەكێتی بوو لە توركیا، رۆژی 24/1/2001 پۆستی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێسپێردرا، رۆژی 21/5/2001 لەسەر رێگەی گشتیی پیرەمەگرون- تاسڵوجە بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

PUKMEDIA کوردستانی نوێ/ ئاوات كۆكەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket