رێككه‌وتنی سیاسی كارئاسانی بۆ په‌سه‌ندكردنی پرۆژەیاسای نه‌وت و غاز ده‌كات
عیراق 11:13 AM - 2026-05-19
PUKMEDIA
نەوت و غاز
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له داهاتوویه‌كی نزیكدا پرۆژه یاسای نه‌وت و غاز ده‌خاته كارنامه‌ی خۆیه‌وه، په‌رله‌مانتارێكی عیراقیش رایده‌گه‌یه‌نێت: لێكتێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌نێوان زۆربه‌ی فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كاندا هاتووه‌ته ئاراوه بۆ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه یاساكه، به شاده‌ماری سه‌قامگیری داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی پرسێكی سیاسی و ئابورییه.
كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چن
عادل مه‌حلاوی، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی ته‌قه‌دووم له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به رۆژنامه‌ی سه‌باحی ڕایگه‌یاندوه: یاسای نه‌وت و غاز به‌م زووانه ده‌خرێته به‌رده‌م په‌رله‌مان، چونكه ڕێككه‌وتنی پێشوه‌خته له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: عه‌لی زه‌یدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، ئاماده‌یی ته‌واوی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه یاساكه ته‌واو بكرێت، چونكه زۆر گرنگه و ڕه‌هه‌ندی ئابووری و خزمه‌تگوزاری هه‌یه.
مه‌حلاوی ڕوونیشی كرده‌وه: هێشتا به‌شێك له‌پرۆژه یاساكان پێویستیان به ڕێككه‌وتنی نیشتمانی هه‌یه، به پرۆژه یاسای نه‌وت و گازیشه‌وه، به‌ڵام پرۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز ده‌رفه‌تێكی فراوانتر ده‌داته پارێزگاكان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خۆیان و ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت.
دواكه‌وتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت زیان به‌عیراق ده‌گه‌یه‌نێت
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، عولا ئه‌لناشی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئاشكرایكرد: نوسراوی ره‌سمیان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت كردووه به‌مه‌به‌ستی ههلوهرگرتنی هه‌موو ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی هاتوونه‌ته پێشه‌وه، كه خۆی له‌هه‌نارده‌ی نه‌وت و زیادكردنی بڕه‌كه‌ی ده‌بینێته‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش دوای ئه‌و گۆڕانكارییانه دێت كه كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌خۆیه‌وه‌ی بینیوه‌و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر جووڵه‌ی كه‌شتییه نه‌وتییه‌كان هه‌بووه.
وتیشی: دۆسیه‌ی نه‌وت شاده‌ماری ئابوریی عیراقه، هه‌ر دواكه‌وتنێك له‌هه‌نارده‌ی نه‌وت یان په‌ككه‌وتنی هێڵه‌كانی هه‌نارده‌كردن، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتی گشتی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت.
ئاماره‌كانی هه‌نارده‌كردن له‌كاتی ئاڵۆزییه‌كاندا
به‌پێی زانیارییه ره‌سمییه‌كانی كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عیراق (سۆمۆ)، له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌هۆی گرژییه‌كانی گه‌رووی هورمزه‌وه، نزیكه‌ی 21 كه‌شتی نه‌وتی عیراق له كه‌نداو په‌كیان كه‌وتبوو، كه بڕی نه‌وته‌كه‌یان به 27 ملیۆن و 678 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو ده‌خه‌مڵێنرێت، هه‌روه‌ها ئاماره ره‌سمییه‌كان ئاماژه به‌وه‌شده‌ده‌ن، له‌مانگه‌كانی ئازار و نیساندا، 8 كه‌شتی توانیویانه پرۆسه‌ی باركردن و تێپه‌ڕین ته‌واو بكه‌ن كه بڕی 9 ملیۆن و 765 هه‌زار و 797 به‌رمیل نه‌وتیان هه‌ڵگرتبوو.
هاوكات له كاتی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه سێ كه‌شتی دیكه توانیویانه تێپه‌ڕن كه باره‌كه‌یان 4 ملیۆن و 886 هه‌زار و 786 به‌رمیل نه‌وت بووه.
له كۆتاییدا، ئه‌لناشی جه‌ختی كرده‌وه كه په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت له به‌دواداچوونی ڕێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وت و كۆمپانیای سۆمۆ بۆ پاراستنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عیراق و ڕێگریكردن له‌ده‌ستچوونی ده‌رفه‌ته ئابوورییه‌كان، به ئامانجی پشتگیریكردنی بودجه و دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی وڵات.
داواشیكرد، وه‌زاره‌تی نه‌وت ئه‌م پێشهاته به گرنگ وه‌ربگرێت، به‌و پێیه‌ی پرسێكی سیاسی و ئابورییه و ته‌نها بابه‌تێكی ته‌كنیكی نییه.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
شێخ جەعفەرو کۆنسوڵی فەرەنسا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن
10:13 PM - 2026-07-06 -
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و پیشەسازیی ئەلبانیا کۆدەبێتەوە
08:48 PM - 2026-07-06 -
نوێنەری یەکێتی بەشداری لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی لە وڵاتی چین دەکات
05:10 PM - 2026-07-06 -
کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کەلار چارەسەرکرا
04:22 PM - 2026-07-06
ئەمانەش ببینە
شێخ جەعفەر ستایشی رۆڵی كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لەپەرەپێدانی پەیوەندییەكاندا دەكات
07:46 PM - 2026-07-06
وتەبێژی ئاوی سلێمانی: پێدانی ئاو ئاسایی دەبێتەوە
06:17 PM - 2026-07-06
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا کۆبووەوە
04:57 PM - 2026-07-06
ئەنجومەنی نوێنەران کاتی لێپرسینەوە لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەران دیاریدەکات
03:56 PM - 2026-07-06
زۆرترین خوێنراو
-
کریستیانەکانی دهۆک: مافمان دەخورێت
کوردستان 01:24 PM - 2026-07-06 -
دابه‌شكردنی مووچه زیاتر دواده‌كه‌وێت
کوردستان 01:10 PM - 2026-07-06 -
خەبات و تێکۆشانی هێزەکانی فەرماندەیی یەدەک بەرزنرخێندرا
کوردستان 12:17 PM - 2026-07-06 -
تف
بیروڕا 11:53 AM - 2026-07-06 -
سەڵاحەدین.. دەستبەسەر نزیكەی سێ ملیار دینار و چوار ئۆتۆمبێلدا گیرا
عیراق 11:48 AM - 2026-07-06 -
بەڕێوەبەری نوێی پۆلیس و رەگەزنامەی سلێمانی دەستبەکاربوون
کوردستان 10:30 AM - 2026-07-06 -
داهاتوو چاوەڕوانی دواکەوتووان ناکات
بیروڕا 10:05 AM - 2026-07-06 -
181هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
کوردستان 09:54 AM - 2026-07-06







دابەزێنە

