riklam

وەزارەتی ژینگە: تاوەرەکانی پەیوەندی نابنە هۆی شێرپەنجە

عیراق 07:25 PM - 2026-05-05
تاوەرەکانی پەیوەندی میدیاکان

تاوەرەکانی پەیوەندی

وەزارەتی ژینگەی عیراق، ئاشکرای دەکات هیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەردەستدا نییە ئاماژە بە پەیوەندی نێوان تیشکی کارۆموگناتیسی تاوەرەکانی پەیوەندی و نەخۆشی شێرپەنجە بکات، هاوکات کاریگەرییەکانی ئەو تیشکەشی لەسەر تەندروستی مرۆڤ ڕوون کردەوە.

لوئەی موختار وتەبێژی وەزارەتی ژینگە، ڕایگەیاند:  تاوەرەکانی  پەیوەندی و گەیاندن و پەخشی ڕادیۆیی بەشێکن لە سیستەمی تیشکی کارۆموگناتیسی کە لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەردەچن.

 ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم شەپۆلانە لە جۆری "تیشکی نایۆنێنەرن"، واتە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەردیلەکاندا نابنە هۆی دروستبوونی ئایۆن.

وتەبێژەکەی وەزارەتی ژینگە دووپاتیشی کردەوە:  هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نەیسەلماندووە کە ئەم تیشکانە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر کەشوهەوا، ئاو، خاک یان جۆراوجۆری بایۆلۆژی هەیە.

لە بارەی دەنگۆی ئەوەی کە تیشکە دەردراوەکانی تاوەرەکانی پەیوەندی، دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عیراق، ئاشکرای کرد: بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەی شێرپەنجە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت تیشکی مۆبایل و تاوەرەکان دەبنە هۆی شێرپەنجە.

لە بارەی کێشە تەندروستییەکانی دیکەشەوە، لوئەی موختار رایگەیاند: زیانە تەندروستییەکانی دیکە پەیوەستن بە بڕی تیشکەکە و ماوەی بەرکەوتنی تیشکەکە، کە لەوەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، سەرئێشە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار.

 لە کۆتایشدا، لوئەی موختار وتەبێژی وەزارەتی ژینگە، دووپاتی کردەوە کە  دانان و کارکردنی تاوەرەکانی پەیوەندی، بەپێی ڕێنمایی ورد دانراون، لەوانە دیاریکردنی دووریی گونجاو لە ناوچە نیشتەجێبووەکان و دانانی سەقفی دیاریکراو بۆ ئاستی پەخش و فریکوێنسەکان، بۆیە پابەندبوون بەم مەرجانەهاووڵاتییان لە زیانە لاوەکییەکانیان دەپارێزێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket