riklam

سەرۆككۆمار: هونەرو داهێنان سیمای شارستانی عیراق و ناسنامەی نیشتمانین

عیراق 05:30 PM - 2026-05-04
نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق

سەرۆککۆمار عيراق

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایار  2026، نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لەكۆشكی سەلام لەبەغداد، پێشوازی لەهەریەك لەپارێزگاری نەجەف، ئەمینداری گشتیی حزبی جەماوەری نیشتمانی، سەرۆك و ئەندامانی كۆمەڵەی زانستیی عیراقی بۆ هونەرو سەرۆكی پارتی تەقەدوم كرد.

سەرۆك كۆمار پێشوازی لەپارێزگاری نەجەف كرد

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، پێشوازیكرد لە یوسف گەناوی پارێزگاری نەجەف، كە پیرۆزبایی لەبەرێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژارنی بە سەرۆك كۆمار و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نیشتمانییەكانیدا.

لەمیانی دیدارەكەدا بارودۆخی گشتی پارێزگای نەجەفیان تاوتوێ كرد، سەرۆك كۆمار جەختی لەگرنگی باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان كردەوەو ئاماژەی بەپێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی ژێرخانی ئابوری و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان كرد، بەجۆریك  كە بەشداریبكەن لەگەشەپێدان و سەقامگیری لەپارێزگاكەدا.

سەرۆك كۆمار پێشوازی لەسەرۆك و ئەندامانی كۆمەڵەی زانستیی عیراقی بۆ هونەر دەكات

هاوكات نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لەكۆشكی سەلام لەبەغداد، پێشوازی كرد لەخاتوو غادە ئەلعامیلی سەرۆكی كۆمەڵەی زانستیی عیراقی بۆ هونەر و چەند ئەندامێكی كۆمەڵەكە، كەپیرۆزبایی لەبەرێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژارنی بەسەرۆك كۆمار و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لە ئەركە نیشتمانییەكانیدا.

لەمیانی دیدارەكەدا باسیان لەدۆخی ئێستای كەرتی هونەر و رۆشنبیری لەعیراقدا كرد، سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی پشتیوانیكردن لە بەهرەمەندە داهێنەران و چاودێریكردنی شارەزاییانی هونەری كرد ودوپاتیشی لەڕۆڵی هونەر لەبەهێزكردنی ناسنامەی نیشتمانی و چەسپاندنی بەهاكانی پێكەوەژیان و هەمەچەشنی لەكۆمەڵگەدا كردەوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆكی كۆمەڵەكە پێزانینی خۆی بۆ گرنگیدانی بەڕێزیان بە كەرتی رۆشنبیری و هونەری دەربڕی و پابەندبوونی خۆیانی دووپاتكردەوە بە بەردەوامی هەوڵەكانی بۆ پاڵپشتیكردنی هونەر و داهێنان، بەجۆرێك كە بەشداری بكات لەبەرجەستەكردنی سیمای شارستانییەتی عیراق.

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی حزبی جەماوەری نیشتمانی دەكات

هەر ئەمڕۆ نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، ئەمینداری گشتیی حزبی جەماوەری نیشتمانی كرد.

 لە دیدارەكەدا، ناوبراو بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار، پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەڕاپەڕاندنی ئەركە نیشتمانییەكانیدا.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، باس لە كۆی بارودۆخی سیاسیی وڵات كرا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی وزارییەوە. 

لای خۆیەوە سەرۆك كۆمار جەختی لەگرنگیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێك كردەوە كە كار بكات بۆ بەدیهێنانی خواست و داواكارییەكانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی سەقامگیری، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی یەكخستنی هەوڵەكانی نێوان هێزە نیشتمانییەكان كرد بۆ پشتگیریكردنی رەوتی پڕۆسەی سیاسی.

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە سەرۆكی پارتی تەقەدوم دەكات

 نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، هەر ئەمڕۆ لە كۆشكی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پارتی تەقەدوم و وەفدی هاوڕێی كرد.
لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی دواین پێشهاتەكانی بارودۆخی وڵات و رێڕەوی پێكهێنانی حكومەت كرا. 

سەرۆك كۆمار جەختی لەگرنگیی هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی گشتگیر كردەوە كە نوێنەرایەتیی سەرجەم عیراقییەكان بكات و توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەكانی ئێستای هەبێت، هەروەها بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستی و خواستەكانی هاووڵاتیان بێت.

لە دیدارەكەدا، هەرێم كەمال، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە ئامادە بوون.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket