riklam

سەرۆك كۆمار داوا لەلایەنە سیاسییەكان دەكات پشتیوانی لەسەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بكەن

عیراق 11:17 PM - 2026-04-27
سەرۆك كۆماری عیراق عەلی زەیدی  راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ راگەیاندنی سەرۆك كۆمار

سەرۆك كۆماری عیراق عەلی زەیدی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ

سەرۆککۆمار

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لەڕێوڕەسمێكی تایبەتدا عەلی زەیدی  راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، كە كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانییە و داواش لەلایەنە سیاسییەكان دەكات پشتیوانی لەسەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بكەن.

ئەمشەو 27ی 4ی 2026، لەڕێوڕەسمێكی تایبەتدا كە بە ئامادەبونی هەریەك لەهەیبەت حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەك لە  ئەندامانی فراكسیۆنە سیاسییەكان لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە ئەم راسپاردنە بریتیە لە پابەندبوون بە دەستوور بە هەمو ماناكانییەوە و دەستپێكی پڕۆسەیەكە كە هیوادارین سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

هاوكات جەختیشیكردەوە كە بەرژەوەندیی عیراق لە سەروو هەموو شتێكەوەیە و ئەمەش پرەنسیپێكی گرنگە لە هەموو هەنگاوێكدا كە ئێمە بێ دوودڵی كار بۆ عیراقێكی دادپەروەر و بەتوانا و یەكگرتوو دەكەین، كە گەلەكەی لە سایەی ئاسایش و شكۆمەندی و خۆشگوزەرانیدا بژیت.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە هێنانەدی سەقامگیری بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە كە تەنها لەڕێگەی شەراكەت و گرنگیدانی بە بەرژەوەندی نیشتمانی دەتوانرێت بەدیبهێنرێت. 

نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق داواشی لە هێزە سیاسییەكان كرد، پشتیوانی لە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بكەن و هاوكاری جددی بكەن بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی كاریگەر كە نوێنەرایەتی هەموو عیراقییەكان بكات و توانای جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازیی هەمەلایەنەی هەبێت كە سەرنجی خستۆتە سەر باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و بەهێزكردنی ئابووری و چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری و سەروەری یاسا.

سەرۆك كۆمار هیوای سەركەوتنی بۆ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو خواست و داوایكرد سەركەوتوبێت لە ئەركە نوێیەكانیدا كە بریتییە لە پێكهێنانی حكومەتێك كە لەگەڵ ویستی گەلی عیراق بگونجێت و سەروەری و سەقامگیری عیراق بەهێز بكات.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆك كۆمار كرد بۆ پابەندبوونی بە تەواوكردنی ئەم پرۆسەیە لە ماوەی دەستوریدا ، هاوكات ویستی خۆی دووپات كردەوە بۆ كاركردن لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە وەڵامی داخوازییەكانی هاووڵاتیان بداتەوە بۆ ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی هەمەلایەنە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket