riklam

‎‎ دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی فەرماندە عەلی شامار تێدەپەڕێت

ی ن ک 03:42 PM - 2026-04-22
 فەرماندە عەلی شامار PUKMEDIA

فەرماندە عەلی شامار

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ 22ی 4ی 2026، دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی عەلی شامار، فەرماندەو پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێدەپەڕێت.

 عەلی شاماری فەرماندە، لەژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی و فەرماندەیی چەندین نەبەردیی كردووە، لەوانە: شەڕی گەرەوانی باڵەكایەتی و شەڕی گردە بێناس و شەڕی سەید خەلیل، تێكڕاش سێجار بریندار بووە.

عەلی شامار

عەلی شامار ئەمین كەریم ناسراو بە عەلی شامار، لەدایكبووی ساڵی 1947ی شاری مەندەلییە، لەسەرەتای ساڵانی پەنجاكاندا ماڵیان چووەتە خانەقین، قۆناغەكانی خوێندنی تا ئامادەیی هەر لە خانەقین تەواوكردووە. ساڵی 1971 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1974 لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێیدا، كۆمیتەیەكی رێكخستنیان بەناوی (باوەڕ)ەوە لە خانەقین دروستكردووە، ساڵی 1975 كە شۆڕشی كورد هەرەسی هێنا، لەگەڵ چەند هەڤاڵێكیدا كەوتە كۆكردنەوەی چەكە فڕێدراوەكانی پێشمەرگە و ژمارەیەكی زۆری لە سنووری گوندی (مەحمود قەجەر)ی گەرمیان شاردەوە، بە ئومێدی ئەوەی كە خەباتی چەكداری دەستپێبكاتەوە، لە رووی چەكەوە پەكیان نەكەوێت، هەر لەو ماوەیەشدا بۆ كاروباری رێكخستن، رەوانەی بەغداد كرا.

ساڵی 1976 كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشی نوێی هەڵگیرساند و مەفرەزە سەرەتاییەكان چوونە شاخ، عەلی شامار چووە قەندیل و بوو بە پێشمەرگە.

رۆژی 25/11/1976، هێزەكانی عیراق پەلاماری ناوچەی باڵەكایەتییاندا و لە گوندی گەرەوان شەڕ لەنێوان ئەوان و هێزی پێشمەرگەدا دروستبوو، عەلی شامار بەشدارییەكی كارای لە شەڕەكەدا كرد و بە شكستی دوژمن كۆتایهات، زەرەری گیانیی دوژمن بریتی بوو لە كوژرانی 25 سەرباز و 11 دیل، 127 پارچە چەكیش دەستكەوتی پێشمەرگە بوو.

ساڵی 1979 كرا بە فەرماندەی كەرتی زیندان لە خڕی ناوزەنگ، ساڵی 1981 بەشداریی یەكەم كۆنفرانسی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی كرد لە مالیمۆس.

ساڵی 1984 لەگەڵ  كۆچكردوو خاتوو وەسفیە بەنی وەیس ژیانی هاوسەریی پێكهێناوە، ساڵی 1988 و لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك ئاوارەی ئێران بوون، عەلی شامار كرایە لێپرسراوی رێكخستنی كاروباری ئاوارەكان.

بە پێی نەخشەی راپەڕینی ساڵی 1991، فەرماندەیی میحوەری خانەقینی پێسپێردرا و بە سەركەوتوویی ئەركەكەی بەجێهێنا، ساڵی 1992 كرایە كارگێڕی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوك، ساڵی 1994 كرایە قایمقامی خانەقین لە قەزای مەیدان، ساڵی 1999 كرایە قایمقامی ناوەندی كەركوك لە دەربەندیخان.

ساڵی 2001، لەگەڵ 45 پێشمەرگەی دیكەدا، وەك پێشمەرگەی دانەبڕاو خەڵاتی تایبەتی سەرۆك مام جەلالی پێبەخشرا، ساڵی 2002 كرایە قایمقامی كەلار و هاوكات ئەركەكانی قایمقامیەتی (مەندەلی)شی بەڕێوە دەبرد.

ساڵی 2003 لە پرۆسەی ئازادی عیراقدا، رۆڵی گەورە و گرنگی بینی لە سڕینەوەی مۆركی تەعریب لە 76 گوندی قەزای مەندەلیدا، ساڵی 2005 كرایە قایمقامی دەربەندیخان، ساڵانی
2007-2010 نوێنەری سەرۆك مام جەلال بوو لە مەڵبەندی رێكخستنی خانەقین، ساڵی 2014، وەك پێشمەرگەی نموونەیی خەڵاتی زێڕینی بلەی پێ بەخشرا.

عەلی شاماری فەرماندە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی و فەرماندەیی چەندین نەبەردیی كردووە، لەوانە: شەڕەكەی گەرەوانی باڵەكایەتی ساڵی 1976 و شەڕی گردە بێناس لە قەڵادزێ ساڵی 1983 و شەڕی سەید خەلیل لە گەرمیان ساڵی 1984، تێكڕاش سێجار بریندار بووە، بەتایبەت لە شەڕەكەی سەید خەلیلدا گولـلەیەكی قەنناسی بەركەوت، گولـلەكە لەنێوان مل و دەفەی شانیدا مایەوە و بەجۆرێك گرفتی تەندروستیی بۆ دروستكرد كە ماوەیەكی زۆر نەتوانێت هیچ لێپرسراوێتییەك وەربگرێت.

لە كۆتایی ساڵانی تەمەنیدا، كاریگەریی برینداربوون و نەخۆشی تینیان بۆ هێنا و بەو هۆیەشەوە، لە رۆژی 22ی 4ی 2024 ماڵئاوایی یەكجارەكی كرد و لە گردی سەلیم بەگی سلێمانی، بە خاك سپێردرا.

 پاكی و خاكی و راستگۆ لە كوردایەتیدا، پێناس و ئەو خەسڵەتانەن شایستە بە ناوی عەلی شامارن، چونكە هەر وێستگەیەك لە ژیانی ئەو فەرماندەیەدا، ئاسایی و ئاسان تێنەپەڕیوە، بەبێ دەستەكەوت و سەركەوتنیش نەبووە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket