riklam

ئەنفال تاوانی سەدە

کوردستان 08:37 AM - 2026-04-14
تاوانی ئەنفال PUKMEDIA

تاوانی ئەنفال

تاوانی ئەنفال

38 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كە پرۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتی كورد و لەناوبردنی گشت شوێنەوارێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی كۆمەڵگەی كوردی.

قۆناغی‌ یەكەمی‌ پرۆسەی‌ ئەنفال
لە (23 /2  تـــا 18 / 3 / 1988)

سنوری پەلاماری ئەنفالی یەك بریتی بوو لە (دوكان، بنگرد، زێی بچوك، ماوەت، چوارتا، ئەزمەر سلێمانی سوسێ، سورداش)ی‌ سەر بەپارێزگای‌ سلێمانی‌،کە لەو ناوچانەوە دەستی‌ پێكرد، لەسەعات 1:30 خولەك بۆ 2ی شەوی 23 ی شوبات بوو كە خەڵكی‌ یاخسەمەرو سەرگەڵو بەرگەڵو لەتاریكی و باراندا بەدەنگی‌ ناڵەو زرمەی‌ راجیمە بەئاگاهاتنەوە، ئەم بۆردومانە بە هەموو نیازو مەبەستێك، بەیەكەم تەقەی‌ پەلاماری‌ ئەنفال دەژمێردرێت.

دوای نزیكەی یەك مانگ لە شەڕو پێكدانان و روبەڕوبونەوەی سەخت لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق لە رۆژی‌ 18 / 3/ 1988 یەكەكانی‌ سوپا رژانە ناو سەرگەڵو بەرگەڵو لە رۆژی‌ 19 / 3 / 1988 دا بە بەیانی‌ ژمارە (3087) لەهەمو دەزگاكانی‌ راگەیاندنی‌ خۆیەوە گیرانی‌ بارەگاكانی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ وەكو مژدەیەك بڵاو كردەوە.


قۆناغی‌ دوەمی‌ پرۆسەی‌ ئەنفال
 لە  22/3   تــا  1/ 4/ 1988
قۆناغی دووەمی ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی‌ (قەرەداغ، بازیان، دەربەندیخان) بوو، وەكو نەریتی خۆی رژێم سەرەتای هەر قۆناغێكی ئەنفال بە هێرشی كیمیاوی دەستی پێدەكرد، بۆیە ( 6 ) رۆژ دوای‌ كارەساتی‌ هەڵەبجە لە 22/ 3 / 1988  گوندی‌ (سێوسێنان) بەسەختی‌ و بە شێوازی‌ بەعسیانە درایە بەر كیمیاوی‌، بۆیە ئەم چەكە بوو بەسامناكترین چەك كە دژی‌ كورد بەكار بهێنرێت، ئەم هێرشە بە دەستپێكی‌ قۆناغی‌ دووەمی‌ ئەنفال دادەنرێ‌ت، لەئەنجامی‌ ئەم كیمیابارانەدا وێڕای‌ زیانێكی‌ مادی‌ زۆر، بوو بەهۆی‌ شەهید بونی‌ زیاد لە (66) كەس و بریندار بوونی‌ دەیانی‌ دیکە لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان مناڵ بوون.
پاش ئەوەی‌ رژێم ئەم ناوچەیەی‌ داگیر كردبوو سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیەی‌ روخاند كە نزیكەی‌ (80) گوندو (2241) خانوو كە (12254) كەس لەم ناوچەیەدا دەیان، نزیكەی‌ (5637) كەس بەر شاڵاوی‌ ئەنفال كەوتن و سەرنگوم كران.

پاش روخان و گشت گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیە ئەنفالی‌ دوو لە 1 ی‌ نیسانی‌ 1988  كۆتایی‌ بەم قۆناغەش  هات.


قۆناغی‌ سێیەمی‌ ئەنفال
  7/ 4تــا  20 / 4 / 1988   
ئەم قۆناغەی ئەنفال بە پڕ زیانترین و ترسناكترین پرۆسەی ئەنفال دادەنرێت، كە زۆرترین مرۆڤی كوردی تیادا ئەنفالكرا، سنووری ئەم ناوچەیە لە رۆژئاواوە شاڕێی نێوان شاری پڕنەوتی كەركوك و شارۆچكەی دوزخورماتوە، لە باكورەوە رێگای كەركوك – چەمچەماڵ، لەلای رۆژهەڵاتەوە چیاكانی قەرەداغ و لە باشوریشەوە هەرسێ شارۆچكەی كەلارو كفری و پێبازە، ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت دادەنرێت، ئەمیش بۆسەر ناوچەكانی‌ (چەمچەماڵ، سەنگاو، قادركەرەم، دوز، كفری‌، كەلار، بێباز، تیلەكۆ)، ئەم ناوچانە سەر بەهەرسێ‌ پارێزگای‌ (كەركوك، سلێمانی‌، دیالا) بوون، ئەمیش فراوانترین هێرشی‌ ئەنفال بوو كە پتر لە (500) گوندی‌ گرتەوە سەرەڕای‌ تەختكردنی‌ 4 ناحیە.

رۆژی‌ (14 / 4/ 1988) لوتكەی‌ هێرشی‌ ئەنفال بوو، لەم رۆژەدا بەپێی‌ خەمڵاندنی‌ ( كۆمیتەی‌ بەرگریكردن لە مافی‌ قوربانیانی‌ ئەنفال)، نزیكەی‌ (20)هەزار لە ژن و پیاو و پیرو منداڵ كۆكرانەوەو بەئیڤای‌ سەربازی‌ و تراكتۆری‌ گوندنشیەكان رەوانەی‌ قەڵا سەربازیەكەی‌ (قورەتو) كران و لەوێشەوە بەرەو چارەنوسی‌ نادیار رۆیشتن، هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی‌ (ئەنفالەكان)
ئەم هێرشەی‌ قۆناغی‌ سێیەم لە رۆژی‌ 20 / 4 / 1988  كۆتایی‌ هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێنرا، خەڵكەكەشی‌ بەزۆری‌ لەقادر كەرەم كۆكرانەوەو پاش تەواوبوونی‌ ئەم قۆناغە (عەلی‌ حەسەن مەجید و بارق و سوڵتان هاشم) هاتن بۆ سەیری‌ ئەو گیراوانەی‌ كە لە قادر كەرەم كۆكرابونەوە، چەند رۆژێك تەلەفیزیونەكانی‌ رژێم پیشان دەدران

قۆناغی‌ چوارەمی‌ ئەنفال
لە  3 / 5  تـــا  15/ 5 / 1988
ئەنفالی چوار بۆسەر ناوچەكانی دۆڵی زێی بچوك و دەشتی كۆیەو ئاغجەلەرو تەقتەق و شوان و بوو. ئەنفالی چوار لە رۆژی 3/5/1988 بە كیمیایبارانكردنی خەستی گوندی گۆپتەپەو عەسكەری سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دەستی پێكرد، ئەو بۆمبارانە كیمیاویە بووە هۆی شەهید کردنی 154 كەس و برینداربوونی سەدان كەسی دیكە.

سوپا لەرۆژی‌ 15/5 سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیەی‌ روخاند و ئەم قۆناغەی ئەنفالیش كۆتایی هات.


قۆناغی‌ پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی‌  ئەنفال
لە 15 / 5   تـــا  26 / 8 / 1988
قۆناغەكانی‌ (پێنجەم و شەشەم و حەوتەم)ی ئەنفال، بۆسەر دۆڵی‌ نێو چیاكانی‌ (شەقڵاوە و رەواندوز) بوو، لەرۆژی‌ 15ی‌ مایس دەستی‌ پێكرد، ئەم پەلامارەش بەسەرپەرشتی‌ فەرماندەی‌ فەیلەقی‌ (5)و سەرپەرشتیاری‌ ئەم قۆناغەی‌ ئەنفال (یونس محمد زەرب بو)، سەرەتای‌ ئەم پەلامارەش هەروەكو سەرجەم پەلامارەكانی‌ دی‌ رژێم بەهێرشی‌ كیمیاوی‌ دەستی‌پێكرد، رۆژی‌ 15 / 5 / 1988 دوا روژی‌ رەمەزان بو خەڵكی‌ خۆیان بۆ جەژنی‌ رەمەزان ئامادەكردبو چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی‌ گوندەكانی‌ (وەرە، عەلی‌ یاوا، سماقولی‌، نازەنین) لەم پەلامارەدا لە گوندی‌ وەرە (36)كەس شەهید بون (17)پیاوو (19)ئافرەت .

قۆناغی‌ هەشتەم و كۆتایی‌ ئەنفال
  26 / 8  تــا  6 / 9 / 1988
سنوری پەلاماری قۆناغی هەشتی ئەنفال بریتی بو لە: دهۆك، زاخۆ، باتوفە، كانی ماسێ، زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە. لەدوای وەستانی شەڕی نێوان عێراق ئێران لە 8/8/1988 سوپای عێراق تەواوی هێزەكانی لە ناوچە سنوریەكان كشاندەوە بۆ بەرەكانی ئەنفال، كە لەوكاتەدا 7 قۆناغی ئەنفال كۆتایی هاتبو تەنها قۆناغی هەشتەمی ئەنفال مابو، قۆناغی‌ هەشتەمی‌ شاڵاوی‌ ئەنفال بۆسەر دەڤەری‌ بادینانی‌ سنوری‌ توركیا بوو.

سەرەتای هێرشەكەش بۆ چاوترساندنی‌ خەڵكە بە كیمیابارانكردن دەستی‌ پێكرد، پاش كیمیابارانێكی‌ خەست رژیم هێرشی‌ زەمینی‌ لەرۆژی‌ 28 / 8 / 1988 دەستی‌ پێكرد، ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لەزاخۆوە تا ئامێدی‌ درێژبوەوە لە باشورو رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی‌ گرتەوە .
پاش روخانی‌ سەرجەم گوندەكانی‌ ئەم ناوچەیە لە رۆژی‌ 6 / 9 خاتمەی‌ ئەنفال راگەیەنرا و هەربە بۆنەیەشەوە لێبوردنی‌ گشتی‌ راگەیەنرا.


زیانەكانی پرۆسەی ئەنفال
پرۆسەی ئەنفال بوە هۆی‌ وێران كردنی‌ نزیكەی‌ (4)هەزار گوندو، (4)قەزا، (30) ناحیە، ( 3100)مزگەوت و (100)كڵێسا، لەڕوی ژەڵدارییەوە بوە هۆی‌ بەتاڵان بردنی‌ (2)ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ.

ئەنفال جگە لەو زیانانەی‌ سەرەوە كارەساتێكی‌ ژینگەیی‌ ئایكۆلۆژی‌ گەورە بو كە بوە هۆی‌ شێواندنی‌ رواڵەتی‌ ئاژەڵداری و روەكی‌ ناوچەكەو بوە هۆی‌ لەناوبردنی‌ روبەرێكی‌ فراوان لە باخ و رەزو چەم و چنار كە هاوسەنگی‌ ژینگە لاسەنگ دەكات.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket