riklam

رێکخراوی پەیامنێران راپۆرتی پێشێلکاری شەش مانگی رابردوو بڵاودەکاتەوە

کوردستان 11:06 AM - 2026-07-19
لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێران PUKMEDIA

لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێران

رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێکدا ڕاپۆرتی شەش مانگی رابردووی ڕێکخراوەکە بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەخاتەروو، کەلە 36 حاڵەتدا خۆی دەبینێتەوە، هاوکات هەر لە راپۆرتەکەدا باس لە پابەندبون بە ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی دەکرێت

دەقی راگەیەندراوەکە...

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، وەک نەریتێکی ساڵانەی خۆی، ئەمڕۆ ڕاپۆرتی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بڵاودەکاتەوە. ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە تەنها تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نیشاندانی ڕاستیی دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی و هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان.

بەداخەوە، دۆخی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان هێشتا ڕووبەڕووی بەربەست و گرفتە جۆراوجۆرەکانە. سەرەڕای بوونی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، کە یاسایەکی گرنگە بۆ پاراستنی کاری ڕۆژنامەوانی، هێشتا حاڵەتەکانی وەک دەستگیرکردنی نایاسایی، ڕێگرکردن لە کاری ڕۆژنامەنووسان، سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و هەندێک جار داخستنی دەزگا میدیاییەکان بەردەوامن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵەدا 36 پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراون، کە بریتین لە:

 3 حاڵەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس.
 4 سکاڵای یاسایی دژی ڕۆژنامەنووسان.
 26 حاڵەتی ڕێگرکردن و پێشێلکاری لە کاتی کارکردن.
 1 حاڵەتی سووکایەتی.
 2 حاڵەتی داخستنی دەزگا یان کەناڵی میدیا.

ئەم ئامارانە جێگای نیگەرانییە و پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی پراکتیکی بۆ کەمکردنەوەی ئەم پێشێلکارییانە بنێن.

 بەڕێزان،

جگە لە پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان، ئەمجارە ڕێکخراو بە گرنگی دەوەستێتە سەر بابەتێکی تر، ئەویش پابەندبوون بە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانیە.

بەداخەوە، لە کاتی ڕووداوە نائاسایی و دۆخە ئەمنییەکاندا، هەندێک دەزگای میدیا سنووری پیشەیی تێدەپەڕێنن و گرنگی پێویست بە بەرپرسیارییە کۆمەڵایەتی و نیشتمانی نادەن.

لە کاتی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، بینیمان هەندێک میدیا بە پەخشی ڕاستەوخۆ لە شوێنە هەستیارەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نەهەڵسەنگێندراو، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ترس، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لەنێو هاوڵاتیان بوون. ئازادی میدیا نابێت ببێتە هۆکاری مەترسی بۆ ئاسایشی گشتی یان ئاسایشی نیشتمانی و بۆ زیادکردنی لایک و ڤیوو

لەبەر ئەوە، بانگەواز لە هەموو دەزگا میدیاییەکان دەکەین کە لە دۆخە هەستیارەکاندا پابەندی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بن، لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەیەک کە دەبێتە هۆی ترس و شێواندنی دۆخی گشتی خۆبپارێزن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکان بکەن.

هەروەها، داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە یەک شێوە و بەبێ هیچ جیاوازییەک، یاسای ژمارە (35) جێبەجێ بکەن و لەگەڵ هەر دەزگایەک کە یاسا و ئیتیکی پیشەیی پێشێل دەکات، مامەڵەی یاسایی بکەن. هەروەها پێویستە پەخشی ڕاستەوخۆ لە شوێنە هەستیار و سەربازییەکان بەپێی ڕێنمایی و پێوەرە یاسایی و پیشەییەکان ڕێکبخرێت.

لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین بنەمای هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتی یە ، بەڵام ئەم ئازادییە دەبێت هەمیشە لەگەڵ بەرپرسیاری، پابەندی بە یاسا و ڕێزگرتن لە ئیتیکی پیشەیی هاوتەریب بێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket