riklam

پیرۆزباییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عیراق

کوردستان 06:23 PM - 2026-04-11
نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق PUKMEDIA

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق

سەرۆککۆمار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان عيراق كوردستان

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەمڕۆ 11ی 4ی 2026، لەپڕۆسەیەكی دیموكراسیدا توانی نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری نوێی عیراق هەڵبژێرێت، كەلەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەك بروسكەی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری نوێ و گەلی عیراق و یەكێتی كراون، كە ئەمە دەقی بروسكەكانە:


شێخ جه‌عفه‌ر بۆ نزار ئامێدی: پشتیوانت ده‌بین

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌..

برای به‌ڕ‌ێزم كاك نزار ئامێدی

به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنتان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ، گه‌رمترین پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌ گرنگه‌دا. 

دڵنیام پاڵپشت به‌ ئه‌زموون و رابردووی پڕ‌ له‌ خزمه‌تتان ده‌توانن به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو پارێزه‌ری ده‌ستوور و داكۆكیكارێكی پێداگربن له‌ مافه‌كانی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عیراق، به‌تایبه‌تی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان. سه‌رباری كاركردن بۆ راگرتنی هاوسه‌نگیی و شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق كه‌ سێ پایه‌ی گرنگی سیستمی سیاسین له‌ عیراقی نوێدا.

بێ گومان بۆ سه‌ركه‌وتنتان له‌م ئه‌ركه‌ نیشتمانییه‌ گه‌وره‌یه‌دا پاڵپشتت ده‌بین و پشتیوانی ته‌واوت لێده‌كه‌ین.

دووباره‌ هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم و هه‌ر شاد و سه‌رفرازبن.

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا 
لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
11ی نیسانی 2026

پیرۆزبایی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بۆ نزار ئامێدی

هەڤاڵ نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ

بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بەسەرۆك كۆماری عیراق، گەرمترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەكەم، سەركەوتنی ئەم پرۆسە دیموكراسییە، نیشانەی بەردەوامی و خواستی ڕاستەقینەی گەلە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی زیاترو تێپەڕاندنی قەیرانەكان.

لەكاتێكدا ناوچەكە بەبارودۆخێكی ئاڵۆزو پڕ لە گۆڕانكاریی سیاسی و ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت، ئەركی هەمووانە كار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری بكەین. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕوای تەواومان بە ئیرادەی خەڵك و پرۆسەی دیموكراسی هەیە؛ بۆیە پێمانوایە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە عیراق، پێویستە ببێتە هاندەرو سەرەتایەك بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستانیش.

لە ناو جەرگەی ئەم ئاڵۆزییانەی دەوروبەرمان، هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێك پێویستی بە حكومەتێكی كارا هەیە كە بتوانێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم و مافە دەستوورییەكانی كۆمەڵانی خەڵك بكات. هیوادارین دەستبەكاربوونی ئێوە لە بەغداد، ببێتە مایەی بەهێزكردنی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان بەغداو هەرێم بۆ تێپەڕاندنی ئالنگارییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیان.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان


پیرۆزبایی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و بیرو هۆشیاری

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

بۆ به‌ڕ‌ێز فه‌خامه‌تی نزار ئامێدی سه‌رۆك كۆماری عیراق

به‌ناوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و بیرو هۆشیاری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه‌،پیرۆزبایی گه‌رمتان ئاڕ‌استه‌ ده‌كه‌ین به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنتان وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌ ڕ‌ێگه‌یه‌كی ئازاد و دیموكراسیانه‌ له‌ په‌رله‌ماندا، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌لانی عیراق و به‌ تایبه‌تی گه‌لی كوردستانه‌.

هیوادارین له‌م پۆسته‌دا بتوانن رۆڵی نیشتیمانیی خۆتان بگێڕ‌ن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوخۆی عیراق و نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غداد، له‌ ڕ‌ێگه‌ی دیالۆگ و هاوبه‌شی، كه‌ دواجار خزمه‌ت  به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان بكات.

ئێمه‌ وه‌ك خوێندكاری قوتابخانه‌ی مام جه‌لال، باوه‌ڕ‌مان به‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ درێژه‌پێده‌ری ڕ‌ێبازی یه‌كێتی نیشتیمانی و سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌.
پیرۆز بێت و سه‌ركه‌وتووبن


پیرۆزبایی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری نوێی عیراقی فیدراڵ دەکەین، هەڵبژاردنی کوردێک بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بە سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەیی و نیشمانیی کوردستان دەزانین، دەخوازین سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێت بۆ تێپەڕاندنی کێشە و ناکۆکییە هەڵواسراوەکان لە عیراقی فیدراڵ و دەروازەی یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بێت لە هەرێمی کوردستاندا.


پیرۆزبایی جێگری پارێزگاری سلێمانی


ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

جێگری پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆماری نوێی عیراق نزار ئامێدی دەكات.

شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی، بەبۆنەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەك سەرۆك كۆماری نوێی عیراق پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە.

شاهۆ عوسمان رایگەیاند: بەبۆنەی دەست بەكار بوونی وەك سەرۆك كۆماری نوێی عیراق پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی برای بەڕێزم نزار ئامێدی دەكەم كە بەهەوڵی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تونرا ئەو سەركەوتنە بەدەست بهێنرێت.

 نزار ئامێدی وەك لەڕابردودا سەركەوتووبوە لەكارەكانی دا، دڵنیاین بۆداهاتوو لەئەركی نوێیدا لەسەر ڕێچكەی سەرۆك مام جەلال بەردەوام دەبێت.


فراکسیۆنی یەکێتی: لەم ساتەوەختە مێژووییەدا ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری سەرۆك  بافڵ بەرز دەنرخێنین

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

بروسکەی پیرۆزبایی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەبۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ و بەدەستهێنانی متمانەی نوێنەرانی گەل، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەرێز " نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ و تەواوی گەلی عێراق و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین ، ئەم سەرکەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی دەستوور و چەسپاندنی مافەکان و خزمەتکردنی وڵات و پاراستنی سەقامگیری . 

ئەم هەڵبژاردنە مافێکی دەستووریی بوو ، وە پەرلەمان سوور بوو لەسەر جێبەجێکردنی بۆ ڕێزگرتن لە پڕۆسەی یاسایی و دەستووری وڵات، کە خۆشبەختانە بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا .

لەم ساتەوەختە مێژووییەدا، بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری سەرۆك  بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنین، کە بە حیکمەت و دیدگایەکی نیشتمانییانە توانی ئەم پرسە چارەنووسسازە یەکلا بکاتەوە و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان بکات .

هەروەها سوپاس و دەستخۆشی زۆرمان هەیە بۆ سەرجەم ئەو فراکسیۆنە سیاسیانەی کە بە ڕۆحیەتێکی بەرپرسیارانە ڕۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی ئەم بڕگە دەستوورییە گرنگەدا  ئەم هاوکاری و هەماهەنگییە، کلیلی سەرکەوتنی پڕۆسەی سیاسی و هەنگاونانە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو پێکهاتەکان .

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

وەزیری پێشمەرگە بۆ نزار ئامێدى: متمانەبەخشین پێتان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

‘’بەڕێز کاک نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری نوێی عێراقی فیدراڵ.

بەبۆنەی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی بەڕێزتان وەک سەرۆک کۆماری عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم. متمانەبەخشین بە ئێوە لەم قۆناغەدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.

هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لەم ئەرکە نیشتمانییەدا؛ ئومێدەوارین دەستبەکاربوونتان ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و تەواوی پێکهاتەکانی عێراق، وەک پارێزەری دەستوور و سەروەریی یاسا.

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هەمیشە سەرکەوتوو بن.’’

شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١١ی نیسانی ٢٠٢٦


بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نزار ئامێدى: داواکارین  پارێزەری تەواوی دەستوربێت

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پیرۆزبایی لە کاندیدی سەرکەوتوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەرێز نزار ئامێدی دەکەین بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەک بەشێک لەئیستحقاقاتی گەلی کورد لەعێراقدا.

هەر بەبۆنەی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەباڵایە لەعێراقدا وێرای هیوای سەرکەوتنمان بۆ بەرێز سەرۆکی کۆماری نوێی عێراق، داواکارین  پارێزەری تەواوی دەستوربێت و بەرگری لەمافی رەوای تەواوی پێکهاتەکان بکات، بەتایبەتی ئەو مافانەی شایستەی خەڵکی کوردستان و تێکۆشان و خەباتی سەدان ساڵەیەتی لەپێناو بەدەستهێنانیدا.

بزوتنەوەی گۆڕان /سلێمانی ،گردی زەرگەتە
٢٠٢٦/٤/١١

پیرۆزبایی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نزار ئامێدی

بەڕێز: نزار محەمەد سەعید (نزار ئامێدی)
سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ

بەبۆنەی هەڵبژاردنتان، وەک سەرۆک کۆماری عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و گەلی عێراق و کوردستان دەکەین.

ئەم بەرپرسیارێتیەی بەڕێزتان، لە قۆناغێکی هەستیاردایە، کە ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان لەناو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری و پێشهاتی نوێدایە، ئەم هەلومەرجە پێویستی بە دیدگایەکی نیشتمانی و هاوسەنگ هەیە، بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە بەغدا لەلایەک و، لەلایەکی دیکە پاراستنی گیانی کاری پێکەوەیی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق و ڕەنگدانەوەی لە هەرێمی کوردستاندا.

دوبارە، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان دەکەین و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین.

بزوتنەوەی گۆڕان‎
١٢ی نیسانی ٢٠٢٦

عەلی باپیر بۆ نزار ئامێدى:هیوادارم ئەم وێستگەیە بکەنە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

{بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ}
بەڕێز نزار ئامێدی (سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ) سڵاوی خواتان لێبێت.

بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سەرۆک کۆماری عێراق، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لەم ئەرکە نوێیە و ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا خراوەتە سەر شانتان.

ئومێدەوارم دەستبەکاربوونی جەنابتان ببێتە مایەی خێر و بنیاتنانی قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانی، کە تێیدا بنەماکانی دادپەروەری بچەسپن، دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق پارێزراو بن.

هیوادارم ئەم وێستگەیە بکەنە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و کارکردن بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە و دوورخستنەوەی وڵات لە قەیرانەکان، و ڕاستەڕێی بکەن بەرەو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان.

داواکارم لە خوای بەرزی کاربەجێ یارمەتیدەر و پشتیوانتان بێت بۆ خزمەتکردنی تەواوی گەل و پێکهاتەکانی عێراق.

عەلی باپیر
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
٢٣ی شەووالی ١٤٤٧ ك
١١ی نیسانی ٢٠٢٦ ز

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو هیوای سەرکەوتنی بۆ نزار ئامێدى لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی دەکات 

مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نزار ئامێدی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عیراق و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.

 دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی :  سەرۆک بافڵ ئەم سەرکەوتنەی خستە پاڵ سەرکەوتنەکانی دیکەی

پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز نزار ئامێدی بە سەرۆک کۆماری عێراق

لەناخی دڵەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆماری عێراق، متمانەبەخشین بە جەنابتان بۆ ئەم پۆستە باڵایە، نیشانەی لێهاتوویی و ئەزموونی دەوڵەمەندی ئێوەیە لە کایەی سیاسی و کارگێڕیدا، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  و سیاسەتێکی راست، درووست و رۆڵی لە دنیای کایەی سیاسی عێراقدا.

ماندووبوون و هەوڵە چڕە دیبلۆماسییەکانی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی دانووستکار و فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرزدەنرخێنین و بەڕیز بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەم سەرکەوتنەی لەم بارودۆخە ناهەموارەدا خستە پاڵ سەرکەوتنەکانی دیکەی.

 ئومێدەوارین بەڕێز نزار ئامێدی، فەخامەتی سەرۆک کۆمار لەم ئەرکە نیشتمانییە نوێیەدا، بە هەمان دیدگەی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال، ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان، پارێزەری دەستوور، مافە رەواکانی گەلی کورد و خزمەتکردنی زیاتر بە وڵات، پاراستنی یاسا و یەکگرتوویی نیشتیمانی سەرجەم گەلانی عێراق.

دامەزراوەکەمان هەمیشە پشتیوانی هەر هەنگاوێکی جەنابی فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەبێت کە خزمەت بە سەقامگیری، پێکەوەژیان و گەشەپێدانی وڵات بکات.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازین.

باڵیۆز، د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

سکرتێری بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی بۆ نزار ئامێدى: هیوادارین سەرکەوتووبن و ڕۆڵی کاریگەرتان هەبێت 

ده‌قی پیرۆزباییه‌كه‌...

(بەناوی خودای گەورە و میهرەبان)
بەڕێز/کاک نزار ئامێدی 
سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ

بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆک کۆماری عێراق بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەکەین ، هیوادارین سەرکەوتووبن و ڕۆڵی کاریگەرتان هەبێت لە بەهێزبونی پەیوەندی دۆستانەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی وڵات بەشێوەیەکی دەستوری بۆ دەستەبەرکردنی زەمینەی لەباری ئاشتی و پێکەوە ژیان. 

دەکرێت ڕۆڵی بەڕێزتان لەسەر ڕێڕەوی سیاسەتی دانایانەی سەرۆک مام جەلال بەردەوامبێت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان ، جارێکی تر بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین .

بێرون عومەر فەتاح 
سکرتێری بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتمانی 
٢٠٢٦/٤/١١

ئه‌بوو کاروان پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق دەکات 


ئەبوو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆماری عێراق، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و داوای لێکرد ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان.


ده‌قی په‌یامه‌ پیرۆزبایییه‌كه‌:

بەڕێز/ فەخامەتی سەرۆککۆمار نزار محەمەد سەعید ئامێدی

سڵاوێکی گەرم.
بە بۆنەی هەڵبژاردنتان وەک سەرۆککۆماری عێراق، پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتاندا.
وەرگرتنی ئەرکێک لەم ئاستەدا و لەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراق و ناوچەکەدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە.
لە کاتێکدا لە شەقام و دامێنی کۆمەڵگەدا گوتاری یەکڕیزی بەرز دەکرێتەوە، بەڵام هاوپەیمانیی حوکمڕان لە هەرەمی دەسەڵاتەوە ناتوانن لەسەر پرسە هاوبەش و چارەنووسسازەکان ڕێکبکەون.
هیوادارم لە ڕێگەی ئەم دەسەڵاتە دەستوورییەوە ڕۆڵێکی کارا بگێڕن بۆ سەقامگیری و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی.
دووبارە پیرۆزباییمان قبووڵ بفەرموون و هەر شاد و سەرکەوتوو بن.

ئەبووکاروان
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان

پارتى نەتەوەیى کوردستان: هیوادارین وڵات بەرەو ئاقارى ئامان ببەن


PUKMEDIA

له‌م لینكه‌وه‌ پیرۆزبایی كه‌سایه‌تییه‌ عیراقییه‌كان بۆ نزار ئامێدی سه‌رۆك كۆماری نوێی عیراق بخوێنه‌ره‌وه‌....

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket