riklam

كاندیدەكەی یەكێتی بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا

کوردستان 05:42 PM - 2026-04-11
نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق PUKMEDIA

نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق

سەرۆککۆمار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان عيراق

ئەمڕۆ 11ی4ی2026 بە ئامادەبوونی 252 پەرلەمانتار، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچوو، كە تێیدا نزار ئامێدی تاكە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا رێژەیەكی زۆر لەدەنگەكان بەدەستهێنا و لەبەرامبەردا ركابەرەكانی چەند دەنگێكی زۆر كەمیان بەدەستهێنا.

پێش دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكە هەریەك لە د.لەتیف رەشید و ئاسۆ فەرەیدون، كە پێشتر خۆیان كاندید كردبوو بۆ ئەو پۆستە لە كاندیدبوون كشانەوە و بەمەش هەریەك لە نزار ئامێدی و موسەنا ئەمین و فواد حسێن وەك كاندیدی كورد مانەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ئەو پۆستە بەپێی رێككەوتنی سیاسی بۆ كورد یەكلابووەتەوە.

لەگەڕی یەكەمی دانیشتنەكەدا، نزار ئامێدی تاكە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 208 دەنگی بەدەستهێناو یەكەمی ركابەرەكانی بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند دەنگێكی كەمی مابوو بۆ سەركەوتن، هەڵبژاردنەكە كەوتە گەڕی دووەم.

لەگەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار،249 ئەندام پەرلەمان بەشداری پڕۆسەكەیان كرد و نزار ئامێدی بە 227 دەنگ وەك سەرۆككۆماری نوێی عیراق هەڵبژێردرا، چونكە لەگەڕی دووەمدا كاندیدی سەركەوتوو پێویستی تەنها بە 50+1 دەنگ هەیە و كاندیدەكەی یەكێتی لەو رێژەیە زیاتر دەنگی بەدەستهێناو بوو بە سەرۆك كۆماری نوێی عیراق.

رۆژی 11ی11ی2025 هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش توانی 18 كورسی ئەنجومەنەكە بەدەستبهێنێت.

بەپێی رێككەوتنەكان پۆستە سیادییەكانی عیراق لەنێوان لایەنەكاندا دابەشكراون، بەشێوەیەك كە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ كورد بێت و لەناو كوردیشدا بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، هەرچەندە دوو خولە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئەو پۆستە لەیەكیتی وەربگرێت بەڵام ناتوانێت، هەروەها پۆستی جێگری سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ شیعەكان دیاریكراوە و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ سوننەكانە، بەهەڵبژاردنی كاندیدەكەی یەكێتیش بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، چاوەڕواندەكرێت بە زووترین كات پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق یەكلا بكرێتەوە و عیراق لە بۆشایی یاسایی رزگار بكرێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket