riklam

خاتوو شاناز: د. لەتیف رەشید بەرپرسیارانە سەرۆكایەتی عیراقی كرد

کوردستان 05:13 PM - 2026-04-11
خاتوو شاناز و د. لەتیف رەشید راگەیاندنی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

خاتوو شاناز و د. لەتیف رەشید

سەرۆککۆمار كوردستان عيراق

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیداهاتووە: هەست بە شانازی دەكەم لەئاست ئەو میراتە دوانەهاتووەی كە هاوسەرو هاوڕێی تەمەنم، عەبدولەتیف جەمال رەشید لەسەرۆكایەتی كۆماردا بۆی جێهێشتووین، دەشڵێت: زۆرێك لە كارو دەستكەوتە بەرهەمدارەكانی نەبوونە سەردێڕی هەواڵەكان، بەڵام هەوڵ و كۆششەكانی لەپشت پەردەوە، رۆڵییان هەبوو لەهێوركردنەوەی گرژییەكان، دووبارە كردنەوەی كەناڵەكانی پەیوەندی، پاراستنی عیراق لەپەلكێشكردن بۆ ناو ململانێ هەرێمییەكان و ئاڕاستەكردنی وڵات بەرەو رێڕەوێكی پێشكەوتووتر و سەقامگیرتر. 

دەقی پەیامەكە :

هاونیشتمانیانی ئازیزی عیراق

لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركە رەسمییەكانی هاوسەر و هاوڕێی تەمەنم، عەبدولەتیف جەمال رەشید لە سەرۆكایەتی كۆماردا، هەست بە شانازی دەكەم لە ئاست ئەو میراتە دوانەهاتووەی كە سەركردایەتییەكەی بۆی جێهێشتووین.

 وڵاتەكەمان و ناوچەكەش بە ساڵانێكی پڕ لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا تێپەڕین. بەدرێژایی ئەم ماوەیەش، شایەتی ئەوە بووم كە چۆن بە دەستپاكییەوە و بە هەستێكی بەرزی لێپرسراوێتیی نیشتمانیی بەرامبەر وڵات و گەلی عییراق سەرۆكایەتی دەكرد، لە ساتەوەختی فشار و دابەشبووندا، ئەو لەبری خۆنواندن حیكمەتی هەڵبژارد و لەبری رووبەڕووبوونەوەش دیالۆگی كردە پیشە.

زۆرێك لە كار و دەستكەوتە بەرهەمدارەكانی نەبوونە سەردێڕی هەواڵەكان، بەڵام هەوڵ و كۆششەكانی لە پشت پەردەوە، رۆڵییان هەبوو لە هێوركردنەوەی گرژییەكان، دووبارە كردنەوەی كەناڵەكانی پەیوەندی، پاراستنی عیراق لە پەلكێشكردن بۆ ناو ململانێ هەرێمییەكان و ئاڕاستەكردنی وڵات بەرەو رێڕەوێكی پێشكەوتووتر و سەقامگیرتر.

لە هەمان كاتدا، پێویستە راستییەك ئاشكرا بكەین، ئەگەر لەم ماوەیەدا خاوەنی یەكڕیزییەكی گەورەتر و پشتگیرییەكی فراوانتر و كارێكی دەستەجەمعی بەهێزتر بووینایە، دەتوانرا دەستكەوتی زۆر گەورەتر بەدەست بهێنرێت.

شانازیش بەوەوە دەكەم كە لە پێگەی خۆمەوە وەك خانمی یەكەم، بەشدار بووم لە مسۆگەركردنی ئەنجامدانی مەراسیمێكی شایستە بۆ بەخاكسپاردنی قوربانیانی ئەنفال لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا دوای تێپەڕبوونی چل و پێنج ساڵ، هەروەها پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییە بێسەروشوێنبووەكانی ناو ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە كە تا ئێستاش برینەكانیان خاكی ئێمەیان رەنگ كردووە. بۆ یەكەمجاریش، سەكۆی نووسینگەی خانمی یەكەم بۆ تیشكخستنەسەر منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چەندین پرسی تری مرۆیی بەكارهێنرا كە لە دڵمەوە نزیكن.

بە هەمان شێوەش، هەوڵمداوە پشتگیری ژنانی عیراق بكەم، كە رۆژانێك لە پێشەنگی بزووتنەوەی ژنان بوون لە ناوچەكەماندا، بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا زۆرجار دەنگیان پەراوێز خراوە. هیوادارم توانیبێتم بەشدار بم لە رەخساندنی دەرفەتی راستەقینە بۆ بەشدارییپێكردنیان لە ژیانی گشتی، پەروەردە و سەركردایەتیكردندا.
نووسینگەی خانمی یەكەم، هەر لە سەرەتاوە دامەزراوەیەكی نوێ و هەندێك جاریش جێگەی مشتومڕ بووە. هەرچەندە كارە مرۆییەكانم و داكۆكیكردنم لە مافەكان و چالاكییە مەدەنییەكانم مێژووەكەی بۆ زۆر پێش ئەم پۆستە رەسمییە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم پێگە و سەكۆیە دەرفەتی ئەوەی پێدام كە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی عیراق بكەم، چ لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا یان لە كارە مرۆییەكاندا.

لە ساڵانی دواییشدا، نووسینگەی خانمی یەكەم رۆڵێكی كاراتری گێڕا لە خزمەتكردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و پاڵپشتیكردنی پێشكەوتنی ژنان. هیوادارم لەمەودوا ئەم ئەزموونە وەك حاڵەتێكی ناوازە سەیر نەكرێت، بەڵكو وەك سەرەتایەك لێی بڕوانرێت.

لێرەدا دەمەوێت سوپاسی تەواوی تیمەكەم بكەم، كە ماندوونەناسانە و زۆرجار دوور لە چاوی كامێراكان كاریان كرد بۆ پشتگیریكردنی خانمی یەكەم و پەیامەكەمان. دەستخۆشی لە دڵسۆزیی، كارامەیی و بڕوای نەگۆڕیان دەكەم بە خزمەتی گشتی.

پاپەندبوونم بەرامبەر بە عێراق و گەلەكەی و داهاتووەكەی بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە. هیوادارم بەردەوام بم لە بەخشین بەو شێوەیەی كە ویژدان و بڕواكانم رێنوێنیم دەكەن.
 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket