riklam

د.لەتیف رەشید: خزمەتکردن بە عیراق گەورەترین شەرەفی ژیانم بوو

عیراق 03:19 PM - 2026-04-11
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق PUKMEDIA

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق

سەرۆککۆمار

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دوای کشانەوەی لەدووبارە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رایگەیاند: خزمەتکردن بەگەلی عیراق لەماوەی ڕابردوودا گەورەترین شەرەفی ژیانم بووە، ئێستاش چاوەڕێی تەرخانکردنی کاتەکانمم بۆ کاری دیکە.

دەقی وتارەکە:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
گەلی عێراقی خۆشەویست
سڵاوی خوداتان لێ بێت

ئەمڕۆ بەویژدانێکی ئاسودە و سوپاسگوزارییەوە لەگەڵتان دەدوێم سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە پێکەوە ئەنجاممان دا، دوای تێڕوانینێکی ورد، بڕیارم دا بۆ خولی دووەم وەک سەرۆک کۆمار خۆم کاندید نەکەم.

شانازییەکی گەورە بوو کە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خزمەت بەگەلی عێراق بکەم، پێکەوە پێگەی وڵاتەکەمان لەجیهاندا گەڕاندەوە دوای چەندین ساڵ لە تیرۆر و گۆشەگیری.

لەماوەی سەرۆکایەتیەکەمدا ئەو شانازیەم پێبڕا کەنوێنەرایەتی عێراق بکەم لە دەرەوەی وڵات، وەک ئەرکێک بۆ بنیاتنانەوەی متمانە و کردنەوەی دەرگاکان و گێڕانەوەی وڵاتەکەمان بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەچەندین وڵاتی جیهاندا هەمان پەیامم گەیاند: عێراق ئەمڕۆ پێگەیەکی ئاسایش و سەقامگیری و کلتوورە و هاوبەشێکی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەگەڵ جیهان لەڕوی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە.

بۆ یەکەمجار لەدوای شکستی داعشەوە میوانداری لوتکەی کۆمکاری عەرەبیمان کرد، ئەمەش بۆ جیهانمان نیشان دا کە عێراق وەک یاریزانێکی چالاک لەناوچەکەدا پێگەی شیاوی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە، هەروەها زۆرجار لە پشت پەردەوە ڕۆڵی بنیاتنەرمان و ناوبژیوانیمان لەناوچەکدا بینیوە،چونکە ئاشتی بە ژاوەژاو دروست ناکرێ، بەڵکو بەئارامی و دیپلۆماسی دروست دەکرێت، کارمان کرد بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری، بۆ ئەوەی گەلەکەمان بتوانێت بەئارامی بژی و شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەین کە بەدەستمان هێناوە، بەتایبەتی گێرانەوەی ماف و شکۆمەندی بۆ هەڵەبجە وەک پارێزگایەک.
یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی ماوەیەی سەرۆکایەتیم سەردانکردنی زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و گوێگرتن بوو لەبەرپرسان و هاووڵاتیان بە هەمان شێوە و هاوبەشکردنی ساتەکان لەگەڵ منداڵان کە هیوا و گەشبینیەکانیان بەردەوام ئیلهام بەخش بوو بۆم.
سەرەڕای هەوڵەکانمان، نەمانتوانی بەتەواوی بەسەر بنبەستی سیاسیدا زاڵ بین ، سێ ساڵیش بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بەدرێژایی دەیان ساڵ کەڵەکە بوون، بەڵام من پێم وایە ئەو بناغانەی کە دامانناوە یارمەتی سەرکردەکانی داهاتوو دەدەن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بەهێزتر و یەکگرتووتر.

تەنانەت لەنێو جەنگ و ململانێکانی ناوچەکەماندا، لەپێشینەی کارەکانم پاراستنی عێراق بووه له ململانێ و خزمەتکردنی بەڕژەوەندییەکانی هه موو گەلەکەمان بوو، من پابەند دەبم بەخزمەتکردنی وڵاتەکەم لەدەرەوەی پۆست و پشتگیریکردن لەهەر هەوڵێک کەیەکێتی و سەقامگیری و داهاتووی دیموکراسیمان بپارێزێت.

زۆرێک لە ئێمە ساڵانێک لە ئۆپۆزسیۆن و دەربەدەریدا، دوور لە نیشتمانمان، بەباوەڕیکی پتەو کە گەلەکەمان شایەنی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە و دەسەڵات لەڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە بەدەست بهێنرێت، نەک بە زۆر بسەپێندرێت، ئەم دیموکراسیەتە بەنرخە دەبێت بپارێزرێت، نامەوێت کاندیدبوونم بەبێتە هۆکاری زیادبوونی جەمسەرگیری و لاوازکردنی یەکێتی وڵات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ، خۆم کاندید نەکرد و کشامەوە لە کێبڕکێکە.

خزمەتکردن بەگەلی عێراق لەماوەی ڕابردوودا گەورەترین شەرەفی ژیانم بووە، ئێستاش چاوەڕێی تەرخانکردنی کاتەکانم بۆ کاری دیکە.

خودای گەورە عێراق و گەلە بەڕێزەکەی بپارێزێت.
سڵاوی خوداتان لێبێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket