riklam

هۆکاری ڤیتۆکەی ڕووسیا و چین بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز رووندەکرێتەوە

جیهان 09:42 PM - 2026-04-07
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی AFP

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

ڕووسیا و چین دژی پڕۆژەبڕیارێکی پێشکەشکراو بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەنگیاندا، کە بەکارهێنانی هێزیشی لەخۆگرتبوو؛ مافی ڤیتۆیان بەکارهێنا بۆ پەکخستنی ئەم بڕیارە، مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە، هۆکارەکەی رووندەکاتەوە.

پرۆفیسۆر ئیسماعیل سەبری مەقلەد مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە، رایدەگەیەنێت: هیچ گومانم نییە، کە ڕووسیا و چین تەنها لەبەر ئەوە دژایەتی پڕۆژەبڕیارەکەیان کرد، چونکە دڵنیابوون لەوەی ئەمریکا بە هێز تەنگەبەرەکە دەکاتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوان و بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم ئەمری واقیع لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و بڕیارەکانی، چونکە ئەو سەرۆکەی هەڕەشەی سڕینەوەی ئێران لەسەر نەخشە و ناشتنی شارستانیەت و مێژووە درێژەکەی بۆ هەمیشە دەکات، دوودڵ نابێت لە کردنەوەی تەنگەبەری هورمز بە هێز، کە ئەمە ئامانجێکی سەرەکییە لە لیستی مەرج و کارە لەپێشینەکانیدا.

دەشڵێت: بۆیە ڕووسیا و چین بە دژایەتیکردنی بڕیارەکە، ویستیان هەڵوێستێک بۆ خۆیان تۆمار بکەن و وەها لە ئێران بگەیەنن، کە لەبەرەی پشتگیریکردنی بڕیارەکەیدان بۆ داخستنی تەنگەبەری هورمز بە مەبەستی فشار خستنەسەر ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگ.

ئەو مامۆستای زانستە سیاسییەکان، رەخنە لە هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە دەگرێت و لەو باوەڕەدایە، شیاوتر بوو بۆ ڕووسیا و چین، وەک دوو هاوبەشی ستراتیژیی گرنگی ئێران، بە شتێکی زیاتر لە تەنها ڤیتۆیەک لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتگیریی لێبکەن، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە پێنج هەفتەیە بەوپەڕی دڕندەیی و تووندییەوە لێی دەدەن و سەرکردەکانی تیرۆر دەکەن، ژێرخانەکەی وێران دەکەن و حەرەمی ئاسمانییەکەیان بەزاندووە و بە هێرشە بێوچانەکانیان ئاسمانی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردووە بۆ ئەوەی بیکەنە نموونەیەکی تری غەزە و باشووری لوبنان.

لە بارەی هۆکاری ئەم هەڵوێستەیان و بێدەنگیان، پرۆفیسۆر ئیسماعیل سەبری مەقلەد، دووپاتی دەکاتەوە: بێدەنگییەکەیان تەنها، وەک ترس لە کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە ئەگەر بڕیار بدەن لە دژی بوەستنەوە، هەر بۆیە پێیان باش بوو لێیبگەڕێن هەرچییەکی دەوێت لە جەنگەکەیدا دژی ئێران ئەنجامی بدات، لە وێرانکاریی قێزەون و دەستدرێژیی ئاشکرا، کە ئێران بۆ ساڵانێکی زۆر باجە قورسەکەی دەدات و ڕەنگە هەرگیز چاکنەبێتەوە.

لە کۆتایشدا، پرۆفیسۆر ئیسماعیل سەبری مەقلەد مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی خۆیان بە ویستی خۆیان، ئەوەیان سەلماند، کە سیستەمی نێودەوڵەتی هێشتا هەر سیستەمی "تاک جەمسەرییە" بە هەموو مانایەک، وەک بڵێی زیاتر لە سی ساڵ گەڕاوینەتەوە بۆ دواوە، بۆ کاتی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت و دەرکەوتنی ئەمریکا، وەک تاقە جەمسەری جیهان، کە جێگەی هیچ جەمسەرێکی تری تێدا نابێتەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket