riklam

ترەمپ وڵاتانی ناتۆ سزا دەدات

جیهان 04:52 PM - 2026-04-01
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا میدیاکان

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەڕەشەی توند لە وڵاتانی ناتۆ دەکات و رایدەگەیەنێت: بیر لە کشانەوە لە هاوپەیمانییەکە دەکاتەوە، ئەم هەڕەشەیەش دوای ئەوە دێت،  وڵاتانی ئەوروپا رەتیان کردەوە بەشداری لە جەنگی ئێران و کردنەوەی گەروی هورمز بکەن.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانیا، هاوپەیمانە 77 ساڵانەکەی بە پڵنگی سەر کاغەز ناو زەند کرد و دووپاتی کردەوە، بە جدی بیر لە کشانەوەی ئەمریکا لە ناتۆ دەکاتەوە، بۆ ئەمەش تەنها ئەوە ماوە کە بڕیاری کشانەوە بدات.

ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە، کە گرژییەکانی نێوان کۆشکی سپی و وڵاتانی ئەوروپا پەرەی سەندووە، ئەمەش دوای ئەوە هات ئەو وڵاتانە رەتیان کردەوە بەشداری لە کردنەوەی گەروی هورمز بکەن و کەشتییەکانیان بۆ پاراستنی گەروەکە رەوانەی ئەو ناوچەیە بکەن،کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران داخراوە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەیدا، ئاماژەی بەوەکرد: ناتۆ لە هیچ شتێکدا نەیانتوانیوە باوەڕم پێبهێنێت، دەمزانی کە ئەوان تەنها پڵنگی سەر کاغەزن، پۆتینیش ئەوە دەزانێت، ئێمە هەموو کات لە پێناوی ئەوان، لەلایەن بووین، تەنانەت لە ئۆکراینیش، بەڵام ئەوان هیچ کات لەلای ئێمە نەبوون.

پەیوەست بە بەریتانیاش، ترەمپ رەخنەی توندی لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە گرت و ئاماژەی بەوەشکرد توانای دەریاوانی بەریتانیا زۆر دابەزیوە، کەشتی فڕۆکەهەڵگریان هەیە، بەڵام کارناکات، ستارمەریش تەنها گرنگی بە وزەی نوێبووەوە دەدات، کە خەرجییەکی زۆر لەسەر هاووڵاتیان دەکەوێت.

بڕیارە، ئەمڕۆ 1ی4ی2026، ترەمپ وتارێک لە بارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران پێشکەش بکات.

ترەمپ بە رۆژنامەکەشی وتووە، جەنگ لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا کۆتایی پێدێت، ئامانجی جەنگەکەش تەنها بۆ ئەوە بوو، کە ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.

 پێشتریش رۆژنامەی تەلەگراف، ئاشکرای کردبوو، ترەمپ دەیەوێت شێوەی ناتۆ دابڕێژێتەوە و ئەو ئەندامانەش سزا بدات، کە داواکانی ئەمریکایان رەتکردووەتەوە.

هاوکات، سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە کشانەوەی هێزی وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا دەکاتەوە.

 داوای هاوکاری لە ناتۆ لەلایەن ترەمپەوە، بەندی پێنجەمی ناتۆ دەهێنێتەوە بەر باس، کە باس لە بەرگری هاوبەش دەکات و بە دەق دەڵێت:" هێرش کردنە سەر یەک وڵاتی ئەندامی ناتۆ، واتە هێرش کراوەتە سەر تەواوی ئەندامانی ناتۆ"، بەڵام لێرەدا ئەمریکا هێرشی نەکراوەتە سەر، بەڵکو هێرشی کردووە، ئەم مادەیەش یەکجار کارا کراوە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە لە 11ی سێپتەمبەر هێرش کرایە سەر ئەمریکا و  دواتریش بەهۆی جەنگەکانەوە زیاتر لە هەزار و 100 سەربازی نا ئەمریکی کوژران، کە 457 سەربازیان بەریتانی بوون و لە جەنگی ئەفغانستان کوژران.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket