riklam

یەكڕیزی نێوماڵی كورد" گەرەنتی سەركەوتنەكان" دەكات

کوردستان 05:13 PM - 2023-10-23
یەکێتی و یەکڕیزی PUKMEDIA

یەکێتی و یەکڕیزی

هەرێم و بەغدا یەکێتی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدوای پێنجەمین كۆنگرەو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەنگاو دەنێت بۆ یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، تابتوانێت بەیەك دەنگ داوای مافە دەستورییەكان لەبەغدا بكەن و هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر راسپاردەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی بڕیارە  بەمنزیكانە وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی لایەنەكان بكات و ئامانجی یەكێتی-یان بۆ خزمەت و ئارامی و یەكڕیزی پێبگەیەنێت، وەك ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت: " بەدرێژایی مێژووی خەباتی كورد، هیچ كاتێك وەك ئێستا پێویستمان بە یەكڕیزی ناوخۆیی نێو ماڵی كورد نەبووە".

 

 

یەكڕیزی و پتەوكردنی نێوماڵی كورد ئامانجی یەكێتییە

 

پۆڵا شەهید سیروان تاڵەبانی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: " یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام لەگەڵ یەكڕیزی نیشتمانیدا بووەو پێیوایە یەكڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەكان رەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیری وئاشتەوایی و كاری پێكەوەیی دەبێت، لەكۆنگرەشدا ئەم پرسە گفتوگۆی زۆری لەسەر كرا و بڕیاری لێدراوە".

 

"سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەوتارەكەیدا لە دەستپێكی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتییدا، بەروونی ئاماژەی بە گرنگی ئاشتەوایی و یەكڕیزی كرد و دەستی گفتوگۆی بۆ سەرجەم هێز و لایەنە كوردستانییەكان درێژكرد، هەروەها لەسەرجەم كۆبونەوەكانی سەركردایەتی ومەكتەبی سیاسیشدا باسی ئەم بابەتەكراوە و تەنانەت لیژنەیەكی باڵاش بۆ سەردانی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانیەكانی پێكهێنراوە، بەمەبەستی دانیشتن وگفتوگۆو راوێژكردن"، پۆڵا سیروان تاڵەبانی وایوت. 

 

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەش دەڵێت: "یەكێتی پێوایە بە یەكڕیزی دەتوانین دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان لە عیراق باشتر بەدەستبهێنین و بیشیان پارێزین و مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەربكەین، لەكوردستانیش یەكڕیزی و ئاشتەوایی رەنگدانەوەی گێڕانەوەی متمانەی خەڵك دەبێت بە لایەنە سیاسییەكان".

 

لایەنە سیاسییەكان ئاشتبونەوەی نیشتمانی رابگەیەنن

 

یەكڕیزی نیوماڵی كورد تاكە رێگایە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی هەرێم لەبەغدا و پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئاشتبونەوەی نیشتمانی رابگەیەنن، لەپێناو ئەو میللەتەی دەریایەك خوێنی رشتووە.

 

عادل مەلا ساڵح ئەندامی سەركردایەتی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA لەبارەی یەكڕیزی لایەنەكان دەڵێت: "بەدرێژایی میژووی خەباتی كورد، هیچ كاتێك وەك ئێستا پێویستمان بە یەكڕیزی ناوخۆیی نێو ماڵی كورد و لایەنەكان نەبووە، ئەو بارودۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، كە كۆمەڵێك گرفتی سیاسی و یاسایی و دەستوری هەیە، پێویستی بەیەكڕیزی لایەنەكانە و بەدنیا بینی و فراوانتر لەجاران شان بەنە ژێر ئەو ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەی لەسەریانە".

 

"پێوستە لایەنە سیاسییەكان ئاشتبونەوەی نیشتمانی رابگەیەنن، لەپێناو ئەو میللەتەی دەریایەك خوێنی رشتووە، ئەگەر لەهەرێم لایەنە سیاسییەكان یەك دەنگ و یەك ریز نەبن، ناتوانین مافە دەستورییەكانمان بەدەست بهێنین و ناتوانین هەنگاو لەگەڵ عیراق بنێن و بەرەو پێش بچین و داوای چەسپاندنی مافەكانمان بكەین، پێكەوە كاربكەین بۆ ئامانجە نیشتمانییە باڵاكانمان"، عادل مەلا ساڵح.

 

لەروانگەی پەرۆشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یەكریز و یەكگوتاری كورد و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، دەستپێشخەری بۆ دیالۆگ و سەردانی لایەنەسیاسییەكان دەخاتەڕوو، تاوەكو نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و هەموان پێكەوە بەرەنگاری پێشهاتەكان ببنەوە، هەروەك یەكریزیش گەرەنتی پاراستنی مافەكانی كورد دەكات.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket