riklam

دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیدا

کوردستان 03:47 PM - 2023-09-27
بافڵ جەلال تاڵەبانی PUKMEDIA

بافڵ جەلال تاڵەبانی

پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی سەرۆک بافڵ یەکێتی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتای دەستپێکی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا وتاری یەکێتی خوێندەوەو پاش بەخێرهاتنی میوانەکان رایگەیاند: "بەستنی کۆنگرە لەم کاتەدا کە دوو هەڵبژاردنمان لەپێشەوەیە، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە متمانەمان بەیەک هەیە و پشتیوانی یەکین"، هەروەها راشیگەیاند: "ئێمەی یەکێتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانین، حزبی تێکۆشەر و شەهیدانین، حزبی قارەمانەکانین، حزبی دیکتاتۆر روخانین، هەر بۆ خوای گەورە سەردائەنەوێنین و بەس".

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیدا...


بەڕێزەکانمان، تێکۆشەرەکانمان،
ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆر زۆر بەخێربێن بۆ کۆنگرەی پێنجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

ئێمە بەیەکەوە لێرە کۆبوینەتەوە، بەیەک رۆحیەت، تا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قوەت کەین و بەهێز کەین تا وەکو پێویست بتوانین خزمەتی میللەتەکەمان بکەین.

 

رێز دەگرین لە خوێنی شەهیدەکانمان، رێبازی مام جەلال دەپارێزین، بە فەلسەفەی مام جەلال سیاسەت دەکەین و دەژین، تێکۆشەرەکانمان، ماڵە شەهیدەکانمان، زیندانییە سیاسییەکانمان، کەمئەندامەکانمان، پێشمەرگە دێرینەکانمان، دۆست و رەفیقەکانمان، میللەتەکەمان، دەخەینە سەر سەر و سەر چاومان.

 

ئەمڕۆ بەیەکەوە قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکەین، پێویست دەکات میللەت ئاشت بکەینەوە، پێویست دەکات حزبەکەمان چەند یەکڕیزە یەکڕیز تری بکەین، دەستلەناودەست ئێمە دەبێت ئامادەبین، هەموو قوربانییەک بدەین بۆ گەلەکەمان، بۆ میللەتەکەمان، ئا لێرە یەکێتی پێویستە دەستی برایەتی و ئاشتی درێژ بکات بۆ هەموو حزبەکانی کوردستان، بۆ هەرچی لایەک و لایەنێک کە باوەڕی بە یەکڕیزی و ئازادی هەیە.

 

ئێمەی یەکێتی، دەبێت پەیوەندییەکانمان بپارێزین و بەهێزی بکەین، لەگەڵ خوشک و براکانمان لەبەغدا، ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی کورد و شیعە دەبێت گەشەی پێبدەین و دەوڵەمەندی بکەین، برا سونەکانمان، برا کریستیانەکانمان، هەموو لایەک کە ئامادەیە بۆ یەکڕیزی و بۆ میللەت خزمەت بکات، ئێمە دەبێت دەستیان بگرین و باوەشیان پیا بکەین، بۆ ئازادی و دیموکراسی خەبات بکەین.

 

هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان_ە، ئەوەندە بەهێزە، کەلەپێش دوو هەڵبژاردن کۆنگرە ببەستێت، لەناو ئەم قەیرانە ئابورییە کۆنگرە ببەستێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت چەند متمانەمان بەیەکتری هەیە و چەند متمانەمان بە کادرەکانمان هەیە و چەند متمانەمان بە میللەتەکەمان هەیە.

 

ئێمە دەبێت بەرگری لە میللەتەکەمان بکەین و کوردستان بکەین بەبەهەشتێک کە خەڵک بتوانێت بە ئازادی تیای بژی و بتوانێت بەبێ ترس رای خۆی بڵێت، دەبێت بەرگری لە مافی ژنان و پێکهاتەکان بکەین.

 

داوا دەکەم لەم کۆنگرەیەدا بەرنامەیەکی تایبەت دابنێین بۆ لاوان و گەنجان، راستە کوردستان نەوتی هەیە و غازی هەیە، بەڵام ئەوەی کە بە ڕاستی ئێمە دەوڵەمەند دەکات ئەو گەنجانەن کەوەک ئەستێرە لە ئاسمان دەبریسکێنەوەو بەداخەوە وەک پێویست خزمەت نەکراون.

 

ئێمە خزمەتی میللەتەکەمان دەکەین، ئارامی و ئاسایش و کەرامەتیان دەپارێزین، یەکڕیزی و ئاشتی لە عیراق و کوردستان دەپارێزین.

 

دەرفەت زۆردەبێت قسە بکەین، لەم چەند رۆژە، بۆیە درێژە بە قسەکانم نادەم، لە رۆژانی ئایندەدا گفتوگۆی هەموو شتێک دەکەین، ئەمە کۆتا جارە ئەمڕۆ من قسەتان لەگەڵ بکەم وەک سەرۆک، پێنج دەقەی تر من دەبم بە ئەندامێکی ئاسایی کۆنگرە، دەمەوێت سوپاسی یەک بەیەکتان بکەم کە ئەو متمانەیەتان بە من هەبوو، ئەم دوو ساڵە بەیەکەوە خەبات بکەین، گەورەبونە بۆ من دەرفەتتان بە من داوە، کە خزمەتتان بکەم، چی روودەدات لەم کۆنگرەیە دڵنیابن ئێمە بەیەکەوە بوین و هەر بەیەکەوە دەبین.

 

کاری یەکێتی تازە دەستپێدەکات، هەرچی شتێک ببێت ئێمە بەیەکەوە دەبین، دەست لەناو دەست و شان بە شان، هەرچی پۆست و پلەیەک بدەن بە من، بە گۆڕی ئاکام بەلێنتان دەدەمێ، هەرگیز بەجێتان ناهێڵم، هەرگیز ناهێڵم نەیارەکانتان و دوژمنەکانتان زاڵ بن بەسەرتاندا، ئێمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانین، حزبی تێکۆشەر و شەهیدانین، حزبی قارەمانەکانین، حزبی دیکتاتۆر روخانین، هەر بۆ خوای گەورە سەردائەنەوێنین و بەس.

 

جارێکیتر سوپاستان دەکەم و دەستخۆشیتان لێدەکەم
بژی یەکێتی
بۆ پێشەوە یەکێتی
بۆ پێشەوە کورد و کوردستان
زۆر سوپاس

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket