ئەمریکا رۆژنامەنوسێک دەکاتە کونسوڵی وڵاتەکەی لەهەرێم
کوردستان 12:45 PM - 2023-08-25مارك سترۆ كونسوڵی گشتی نوێی ئەمریكا
ئەمریكا رۆژنامەنوسێك دەكاتە كۆنسوڵی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوكاتەی پێی خستەناو خاكی هەرێمەوە، هەواڵی رفاندنی سێ رۆژنامەنووس لە دهۆک و هەولێری پایتەخت و خۆپیشاندانی فراوان بۆ ئازادكردنی رۆژنامەنوسانی بادینان و مانگرتنی رۆژنامەنوسێكی زیندانیكراو، گەرمترین رووداوی رۆژبوون كە تایبەتن بە ئازادی رۆژنامەنووسی.
مارك سترۆ كونسوڵی گشتی نوێی ئەمریكایە لە هەرێمی كوردستان و رۆژنامەنووسە و لە سلكی دیپلۆماسیشدا كاردەكات و ئێستا لە هەولێرە كەلەسەر "چەندین كەیسی تیرۆری و رفاندن و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان" لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی سەركۆنە و ئاگادار كراوەتەوە، بەڵام لە كابینەی نۆدا گەیشتووەتە "لوتكەی پێشێلكاریی و بەفشار كۆمێنتێكی كونسوڵی پێشووی ئەمریكا سڕدرایەوە و چەندین تۆمەتیشی خرایە پاڵ، بەجۆرێك ئازادی لەویش زەوتكرا رای خۆی هەبێت".
مارك سترۆ: نابێت ئازادی رادەربڕین پاشەكشە بكات
یەكەمین دیداری دیپلۆماسی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم و كونسوڵی نوێی ئەمریكا باسكردنی "ئازادی رۆژنامەنووسی" تێدابووە كە وەك پەیامێك خوێندنەوەی بۆ دەكرێت كە داكۆكیكاری مافی رۆژنامەنوسان و ئازادییەكان دەبێت، هەم چاودێرێكی پێشێلكارییەكانیش دەبێت.
مارك سترۆ كونسوڵی گشتی نوێی ئەمریكا لە هەرێم لەیەكەم دیداریدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان تەئكیدیان كردەوە كە "نابێت هەرێم لەرووی ئازادی رادەربڕین و بواری رۆژنامەگەرییەوە پاشەكشە بكات، بەڵكو دەبێت پەیوەندییەكی تەندروست و پیشەییانەتر لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و میدیادا هەبێت و پەرەی پێبدرێت".
ئەمریكا چاودێری ئازادی هەرێم دەكات
ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێم بەشێوەیەك پاشەكشەی كردووە لای ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بەگرنگییەوە باسی لێوەدەكرێت، ئەمەش ناوبانگی هەرێمی لەكەدار كردووە، ئەمریكاش دەیەوێت لەڕێی دانانی رۆژنامەنووسێك وەك نوێنەری ئەمریكا لەهەرێم پەیامێك بداتە سەرۆكی حكومەت.
كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKMEDIA رایگەیاند:" لەئێستادا ئەمریكا زۆر بەوردی چاودێری كاری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی كوردستان دەكات و ناردنی كۆنسوڵێكی رۆژنامەنووسیش بۆ هەرێم، بێگومان كاریگەری لەسەر ئەو پاشەكشەیە دەبێت كە لەم كابینەیەدا رووی كردووەتە كاری رۆژنامەگەری لەهەرێم".
" ئازادی رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان نەك هەر لای ئەمریكا، بەڵكو لای وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیاش بووەتە جێی باسێكی گرنگ و لەرابردوودا چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی باسیان لە پاشەكشەی كاری رۆژنامەگەری لەهەرێم كردووەو بووەتە هۆكارێك بۆ لەكەداربوونی ناوبانگی هەرێم" كاروان ئەنوەر وادەڵێت.
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان راشیگەیاند: "دانانی رۆژنامەنوسێك وەك نوێنەری ئەمریكا لەهەرێم بێگومان مەبەستێكی دیاری كراوی لەپشتەو پێویستە سەرۆكی حكومەت لەو پەیامە تێبگات و كار لەسەر باشكردنی رەوشی ئازادی را دەبڕین و كاری رۆژنامەگەری بكات لەهەرێم، چونكە ئەمریكا ئامانجێتی ئەو پاشەكشەیە رابگرێت و بگەڕێتەوە سەر رێچكە راستەكەی پێشتری".
رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان باس لە پاشەكشەی مافی رۆژنامەنوسان دەكەن
لەكابینەی نۆدا پاشەكشەی زۆر بە كاری رۆژنامەوانییەوە دەبیندرێت و چەندین رۆژنامەنووس بە فشاری حزب و بە یاسای جیاواز دادگایی كراون و سزا دراون، لەبەرامبەریشدا چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی هۆشدارییان داوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو پاشەكشێیە و بە كارێكی قێزەون ناویان بردووە، لە بڵاوكراوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیشدا، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" باس لە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم دەكات و كارەكە بەنایاسایی ناو دەبات، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتریش جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی وەك رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (هیومان رایتس وۆچ) لەبارەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان راپۆرت و چاوپێكەوتنیان بڵاوكردووەتەوەو باسیان لەخراپی رەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێم كردووەو دەستوەردانی حزب لەدادگاكانیان لەم كابینەیەدا لەهەولێر و دهۆك بەهۆكاری سەرەكی پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان ناوبردووە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی هەرێم داناوە.
لەزۆنی زەرد و بەتایبەت لەكابینەی نۆدا پاشەكشەیەكی بەرچاو لە ئازادی رادەبڕین و بواری رۆژنامەگەریدا دەبینرێت، لەدوو رۆژی رابردوودا سێ رۆژنامەنووس لەدهۆک و هەولێر بەناوەکانی (دیار حسێن پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا و یاسر مەمەد پەیامنێری وڵات میدیا و ئیسلام کەشانی بەرپرسی نوسینگەی سپێدە لەزاخۆ) دەرفێنرێن، ئەمەش جارێکی تر کاریگەری لەسەر ناوبانگی هەرێم کردووەو بووەتە هۆی ناوزڕاندنی هەرێمی كوردستان و نیگەرانی دۆستانی كوردی لێكەوتووەتەوە، بەجۆرێک چەندجارێک بەئاشكرا هۆشداری و بەرچاوڕونیان لەسەر ئەو پرسە بەكابینەی نۆ داوە.
مارك سترۆ بناسە..
مارك سترۆ پێش ئەوەی خزمەت بەكاروباری دەرەوەی ئەمریكا بكات، رۆژنامەنوس بووە و لە چەندین رۆژنامە و هەفتەنامەی وەك (رۆژنامەی فیلادێلفیا ئینكویرەر وەك پەیامنێر لەساڵی 2000-2002 كاری كردووە و خاوەنی بەكارلۆریۆسە لەمێژوو و زانستە سیاسییەكان لە كۆلێژی ڕاندۆڵف-ماكۆن، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری رۆژنامەگەری لە زانكۆی كۆڵۆمبیا.
مارك سترۆ پێش پۆستە نوێیەكەی، وەك كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە كەراچی، پاكستان كاری كردووە، بە وەكالەت وەك یاریدەدەری سكرتێر و بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی میدیا نێودەوڵەتییەكانە لە مەكتەبی كاروباری گشتی جیهانی لە واشنتۆن، هەروەها وەك بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەكان و یاریدەدەری سكرتێری رۆژنامەوانی لەستافی سكرتاریەتی جێبەجێكاردا خزمەتی كردووە، دواپۆستیشی وەك جێگری وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی (NSC) بووە.
ژیاننامەی مارك سترۆ لە وێبسایتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەرگیراوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆک بافڵ: هێزەکانی هەرێم و عیراق و هاوپەیمانان هەماهەنگ بن
02:53 PM - 2024-05-16 -
هەموومان لەسەر مەزاری عادل موراد دەبین
04:16 PM - 2024-05-17 -
نوێنەرێکی یەکێتی: کێشەی کارتی نیشتمانی سلێمانی و هەڵەبجە چارەسەردەکرێت
08:17 PM - 2024-05-16 -
قوباد تاڵەبانی: ئەرکمانە کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا
05:47 PM - 2024-05-16
ئەمانەش ببینە
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: ئەمریکا بایەخی زۆر بە سەرنجەکانی یەکێتی دەدات
01:01 PM - 2024-05-17
ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت
10:38 AM - 2024-05-17
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی نزیکەی 11 ملیار دینارە
08:47 AM - 2024-05-17
یەکێتی 'تانە'کەی دەباتەوەو کۆمسیۆن دەستبەکارەکانی هەڵبژاردن دەکاتەوە
02:16 PM - 2024-05-16
زۆرترین خوێنراو
-
مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە
بیروڕا 03:05 PM - 2024-05-17 -
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: ئەمریکا بایەخی زۆر بە سەرنجەکانی یەکێتی دەدات
کوردستان 01:01 PM - 2024-05-17 -
ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت
عیراق 10:38 AM - 2024-05-17 -
د.ئەرسەلان بایز کتێبێکی نوێ بڵاودەکاتەوە
کوردستان 09:47 AM - 2024-05-17 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی نزیکەی 11 ملیار دینارە
کوردستان 08:47 AM - 2024-05-17 -
وەفدێکی یونامی سەردانی مەکتەبی هەڵبژاردن دەکات
کوردستان 08:42 PM - 2024-05-16 -
خەڵاتی خزمەت بە د. پۆڵا خانەقا دەبەخشرێت
کوردستان 08:35 PM - 2024-05-16 -
نوێنەرێکی یەکێتی: کێشەی کارتی نیشتمانی سلێمانی و هەڵەبجە چارەسەردەکرێت
کوردستان 08:17 PM - 2024-05-16