riklam

زانیارییەكانی وەفدی حكومەت پشكی هەرێمی كەمكردووەتەوە

کوردستان 12:29 PM - 2023-08-06
لۆگۆی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان PUKMEDIA

لۆگۆی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان

بەغدا حکومەتی هەرێم

رادەستنەكردنی ئەو بڕەی لە بودجەدا بۆ نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم بە عیراق دیاریكراوە، خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش لە بەغدا دەڵێت: "پێشتر وەفدی هەرێم ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا داوە و لە ئێستاشدا حكومەتی عیراق لەسەر ئەو داهاتە پشكی مانگانەی هەرێم كەمدەكاتەوە".

 

 

حكومەتی هەرێم پابەندیی بۆ دروستبووە

 

 

 

هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "یاسای بودجەی ساڵەكانی 2023، 2024، 2025، حكومەتی عیراقی پابەند كردووە بە ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم چەند پابەندییەكی بۆ دروست بووە كە پێویستە جێبەجێیان بكات وەك، رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان".

 

"لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێم پایەند نەبووە بە رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی كە لە بودجەدا مانگانە بۆی دیاریكراوە، هەروەها وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە سەردانەكانیاندا ئەوەیان راگەیاندبوو كە داهاتە نا نەوتییەكانی هەرێم ساڵانە چوار ترلیۆن و 500 ملیار دینارە، بەڵام ئێستا ئاماژە بەوەدەكەن داهاتی ناوخۆی هەرێم زۆر لەوە كەمترە و حكومەتی عیراقیش لەسەر ئەو ژمارەیەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات" هەرێم كەمال ئاغا وادەڵێت.

 

 

كێشە بۆ پشكی هەرێم دروستبووە

 

 

هەرچەندە حكومەتی هەرێم پابەندكراوە بە رادەستكردنی 50% ی داهاتی ناوخۆ بە حكومەتی عیراق، بەڵام بەهۆی نەگەڕاندنەوەی ئەو داهاتە بۆ بەغدا، حكومەتی عیراق  ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم مانگە لە پشكی هەرێم بڕیوە.
 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راشیگەیاند: "ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم مانگە لە پشكی هەرێم بڕدراوە، حكومەتی عیراق خستوویەتییە بری داهاتی ناوخۆی ئەم مانگە، چونكە حكومەتی هەرێم هیچ داهاتێكی ناوخۆی نەگەڕاندووەتەوە بۆ حكومەتی عیراق".

 

راشیگەیاند: "حكومەتی هەرێم مولزەم كراوە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عیراق بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە 50% ی داهاتی ناوخۆ بۆ حكومەتی عیراق بنێرێت، لە ئێستاشدا كە هیچ كام لەو خاڵانەی جێبەجێ نەكردووە كێشەی بۆ ناردنی پشكی هەرێم دروستكردووە".



پێویستە هەڵەكە راست بكرێتەوە

 

 

حكومەتی هەرێم بەهۆی پێدانی ژمارەی هەڵە لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا، كێشەی لەنێوان هەردوولادا دروست كردووە، هەرچەندە بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەشی زۆری كێشە ئابورییەكانی نێوانیان چارەسەر دەبن، بەڵام پێویستە لە ئێستادا هەرێم ئەو هەڵەیە راست بكاتەوە.

 

 
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "حكومەتی عیراق لەو 907 ملیار دینارەی كە پێویست بوو مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت، داهاتی ناوخۆی هەرێمی لێ بڕیوە و بڕی 598 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە، بۆیە ئەگەر كێشەیەك هەبێت، ئەوا هەڵەی حكومەتی هەرێمە چونكە خۆیان پێشتر ژمارەی ناڕاستیان داوەتە بەغدا". 

 

"جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەشی زۆری كێشە ئابورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەكات، بەڵام تا ئەوكاتە پێویستە وەفدی هەرێم ئەو هەڵەیە لەبارەی بڕی ئەو داهاتەی كە پێشتر بە حكومەتی عیراقی راگەیاندووە راست بكاتەوە" شیروان میرزا وادەڵێت.

 

حكومەتی عیراق بۆ ئەم مانگە بڕی 309 ملیار دیناری لە پشكی هەرێم كە 907 ملیار دینارە بڕیوە و خستوویەتییە بری داهاتی ناوخۆی ئەم مانگەی هەرێم، كە پێویست بوو 50% ی داهاتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی عیراق بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر وەفدی هەرێم بە عیراقی راگەیاندبوو: "داهاتی ساڵانەی هەرێم چوار ترلیۆن و 500 ملیار دینارە"، بەڵام ئێستا دەڵێن داهاتی ناوخۆ زۆر لەو بڕە كەمترە و پێویستە راستبكرێتەوە، ئەمەش بووەتە خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوولا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket