لە نێوان دەرگا و قفڵ؛ گەڕان بەدوای کلیلی داهاتوودا
بیروڕا 09:48 AM - 2026-06-23
شەو درەنگ بوو، دوای تەواوبوونی یاریی نێوان بەرازیل و مەغریب، لە کاتێکدا بێدەنگیی شەو بە هێمنی دەهاتە ناو ژوورەکەم، بیرم لەو یاسا کۆنە کردەوە کە مێژوو هەزاران جار دووبارەی کردووەتەوە: هیچ هێزێک هەتاهەتایی نییە و هیچ لاوازییەکیش چارەنووسی کۆتایی نییە. بەرازیلی ئەفسانەی تۆپی پێ، ئەو تیپەی رۆژگارێک شێری گۆڕەپانی تۆپی پێی جیهان بوو، ئێستا وەک هەموو هێزێکی تر لەژێر یاسای گۆڕانکارییدایە. لەو ساتەدا بیرم بۆ مێژوو فڕی؛ بۆ یونان و ئەسکەندەر، بۆ تاریق بن زیاد و سوپاکەی، بۆ هەموو ئەو هێزانەی رۆژێک وا دەهاتە بەرچاو کە دەرگاکانی جیهانیان بۆ خۆیان کردبووەوە، بەڵام ئێستا تەنیا ناو و یادەوەرییەکن لە لاپەڕەکانی مێژوودا.
چاوم کەوتە سەر کلیلی دەرگای ژوورەکەم. کلیلێکی ئاسایی بوو، بەڵام لەو شەوەدا وەک پرسیارێکی فەلسەفی دەهاتە بەرچاو: کێ قفڵی دەرگاکان دادەخات؟ کێ کلیلەکانی هێز هەڵدەگرێت و کێ لە کاتی گۆڕانی زەماندا کلیلی نوێ بۆ دەرگای داهاتوو دادەتاشێت؟
لە بێدەنگیی شەودا، وام هەست کرد وتووێژێک لەنێوان دوو بیرکردنەوەدا دەگوزەرێت:
ـ کلیل بۆ داخستنی دەرگایە.
ـ نا… بۆ کردنەوەی دەرگایە.
ـ بۆ پاراستن.
ـ بۆ گەیشتن.
ـ ئەگەر هەموو دەرگاکان کراوە بن، ئاسایش لە کوێ دەبێت؟
ـ ئەگەر هەموو دەرگاکان داخراو بن، هیوا لە کوێ دەبێت؟
ـ کێ راستە؟
ـ کلیل بێدەنگە؛ ئەوە مرۆڤە بڕیار دەدات دەرگا دابخات، یان بیکاتەوە.
هەندێک وشە هەن کە زیاتر لە مانا فەرهەنگییەکەی خۆیان هەڵدەگرن. دەرگا، قفڵ و کلیل لەو وشانەن. ئەوان تەنیا ناوی سێ شتی ماددی نین؛ بەڵکو چیرۆکی مێژووی مرۆڤن. لە پشت هەر دەرگایەکەوە چاوەڕوانییەک هەیە، لە پشت هەر قفڵێکەوە ترسێک، یان دەسەڵاتێک خۆی حەشار داوە و لە ناو هەر کلیلێکدا هیوایەک بۆ دەربازبوون و نوێبوونەوە هەڵگیراوە.
ئەگەر مێژووی رۆژهەڵات بە زمانی فەلسەفە بخوێنینەوە، دەبینین زۆرێک لە شەڕ و ئاشتی، شکست و سەرهەڵدانی گەلان، هەوڵێکی بەردەوام بوون بۆ پاراستنی دەرگایەک، شکاندنی قفڵێک، یان دۆزینەوەی کلیلێکی ونبوو. هەر بۆیە مێژووی عیراق و کوردستانیش دەتوانرێت وەک مێژووی دەرگا و قفڵ و کلیل بخوێندرێتەوە؛ مێژووی نیشتمانێک کە زۆرجار دەرگاکانی بە دەستی ئەوانی تر داخراون، قفڵەکانی لە دەرەوە دروست کراون و کلیلەکەی لە ناو خۆیدا بەدوای خۆیدا گەڕاوە.
لە روانگەی فەلسەفییەوە، دەرگا هێمای نێوان دوو جیهانە؛ جیهانی ناسراو و جیهانی ناناسراو. دەرگا هێڵێکی باریکە لە نێوان متمانە و ترس، ئارامی و نائارامی، رابردوو و داهاتوو. هەر کاتێک دەرگایەک دەکرێتەوە، دەرفەتێکی نوێ لەدایک دەبێت؛ هەر کاتێکیش دادەخرێت، سنوورێکی نوێ دروست دەبێت.
لە ئەدەبیاتی سیاسیی گەلاندا، دەرگای ماڵ وەک سنووری نیشتمانە. ئەو شوێنەیە کە دەبێت هاووڵاتی هەستی پارێزراوی و سەربەخۆیی تێدا بکات، بەڵام مێژووی هاوچەرخی عیراق و هەرێمی کوردستان نیشانیداوە کە زۆرجار ئەم دەرگایە لەژێر هەڕەشەی دەرەوە و ناکۆکیی ناوەوەدا بووە. لە زۆر ساتدا نیشتمان خۆی بووە بە ماڵێک کە دەرگاکانی بە رووی مەترسییەکاندا کراوەن، بەڵام بە رووی خەونەکانی رۆڵەکانی خۆیدا داخراون.
لە لاتێکدا قفڵ لە فەلسەفەی دەسەڵاتدا تەنیا ئامرازێکی پاراستن نییە، زۆرجار هێمای ترسە لە گۆڕانکاریی. هەر دەسەڵاتێک کە لە داهاتوو دەترسێت، هەوڵدەدات قفڵ لەسەر دەرگاکان دابنێت. هەر سیستمێک کە لە رەخنە هەراس هەبێت، پێش هەموو شتێک دەنگە جیاوازەکان سنووردار دەکات.
کاتێک سەیری دۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبینین زۆرێک لە کێشەکان زیاتر لەوەی کێشەی کەمیی سەرچاوە بن، کێشەی قفڵبوونی بیرکردنەوەن. چەقبەستوویی هەندێک دامەزراوە، دواخستنی چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکان و پشتبەستن بە رێگا کۆنەکان، هەموویان جۆرێک لە قفڵبوونی مێژووییان دروست کردووە. لە لایەکی دیکەوە، قفڵ هێمای بێدەنگ کردنیشە. کاتێک گفتوگۆی ئازاد و بیرکردنەوەی نوێ سنووردار دەکرێت، کۆمەڵگا هەست بە نامۆبوون دەکات. ئەو کاتە هاووڵاتی وا هەست دەکات دەرگای دەرفەتەکان بە رووی ئەودا داخراوە.
ئەوەی زیاتر جێی مەترسییە، ئەوەیە کە ئەم قفڵانە تەنیا لەسەر دەرگای دامەزراوەکان نین؛ بەڵکو لەسەر هیوای نەوەی نوێش دانراون. گەنجێک کە لەناو چاوەڕوانییەکی بێکۆتاییدا دەژی، زۆرجار وەک ئەوە وایە لە پشت دەرگایەکی قفڵدراو وەستابێت و چاوەڕوانی کلیلێک بکات کە نادۆزرێتە، بەڵام لە نێوان دەرگا و قفڵدا، هێشتا کلیل هەیە. کلیل داینامیکیترین چەمکی ئەم سیانەیە. هێمای مەعریفە، ئیرادە و چارەسەرە. هەر بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەنییە کێ قفڵەکانی دروست کردووە؛ بەڵکو ئەوەیە کێ کلیلەکە دروست دەکات.
کلیلی راستەقینەی چاکسازیی لە دەرەوە نایەت. بۆ کردنەوەی ئەو قفڵە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی بەرۆکی عیراق و هەرێمی کوردستانیان گرتووە، پێویستمان بە کلیلێکی نوێ هەیە؛ کلیلێکی خۆماڵی کە لە ناوەوەی وڵات دروست کرابێت، لە زاڵبوونی یاسا، دامەزراوەییبوون، شەفافییەت، متمانەی گشتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی هاوبەش داتاشرابێت.
لە یادەوەریی کۆمەڵی ئێمەدا، کلیل هەمیشە مانایەکی زیاتر لە پارچەیەک ئاسنی هەبووە. کلیلی ماڵێکی جێهێڵراو، کلیلی گوندێکی سووتاو، کلیلی گەڕانەوە و کلیلی خەونە ناتەواوەکان، هەموویان هێمای بەڵێنێکی زیندوون؛ بەڵێنی ئەوەی کە مێژوو ناتوانێت ئارەزووی ئازادیی بسڕێتەوە.
لە کۆتایی ئەو شەوەدا، پێش ئەوەی چرای ژوورەکەم بکۆژێنمەوە، جارێکی تر سەیری کلیلی دەرگاکەم کردەوە، هەمان کلیل بوو، بەڵام ئیدی تەنیا پارچەیەک ئاسن نەبوو. وەک وانەیەکی مێژوو دەهاتە بەرچاوم.
مێژوو فێری کردووین کە زۆر لە دەسەڵاتەکان هەوڵیانداوە قفڵ لەسەر دەرگای داهاتوو دابنێن، بەڵام نەیانتوانیوە رێگا لە لەدایکبوونی کلیلە نوێیەکان بگرن. دەرگاکان هەمیشە هەبن، قفڵەکانیش هەمیشە هەبن؛ بەڵام چارەنووسی گەلان بە ژمارەی قفڵەکان نانوسرێتەوە، بە توانا و دانایی ئەو کەسانە دەنووسرێتەوە کە کلیلی نوێ دەتاشن. لەوانەیە گەورەترین ئەرکی نەوەی ئێمە شکاندنی قفڵە کۆنەکان نەبێت، بەڵکو تاشینی کلیلی داهاتوو بێت. چونکە نیشتمان وەک ماڵێکە؛ ماڵێک کە بە قفڵ ناپارێزرێت، بەڵکو بە متمانە، دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیی دەمێنێتەوە.
هەر بۆیە لە نێوان دەرگا و قفڵدا، گرنگترین شت نە خودی دەرگاکەیە و نە قفڵەکە؛ گرنگترین شت ئەو کلیلەیە کە هێشتا لە دەستی مرۆڤدایە. کلیلێک کە دەتوانێت دەرگایەک دابخات، یان ئاسۆیەک بکاتەوە. کلیلێک کە ناوی داهاتووە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و باڵیۆزی رووسیا: بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان هەنگاوی جدی بنرێت
08:53 PM - 2026-06-23 -
خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە خاتوو شنۆ شاسواری
08:30 PM - 2026-06-23 -
ترەمپ رەزامەندی ئێران بۆ پشکنینی ئەتۆمی رادەگەیەنێت و تاران رەتی دەکاتەوە
04:18 PM - 2026-06-23 -
پێشنیار دەکرێت نەخۆشخانەی روقیە لە هەڵەبجە دروست بکرێت
12:24 PM - 2026-06-23
زۆرترین خوێنراو
-
منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ بەشەخۆراکیان پێدەدرێت
کوردستان 11:05 AM - 2026-06-23 -
کەشناسی: پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت
کوردستان 10:22 AM - 2026-06-23 -
لە نێوان دەرگا و قفڵ؛ گەڕان بەدوای کلیلی داهاتوودا
بیروڕا 09:48 AM - 2026-06-23 -
نرخی نەوت زیاتر دابەزی
جیهان 09:45 AM - 2026-06-23 -
پارەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و چوار تیمیش پێکهێنران
جیهان 09:12 AM - 2026-06-23 -
سەرۆک بافڵ: کوردستان لانکەی پێکەوە ژیان و برایەتی ئایینەکانە
کوردستان 10:38 PM - 2026-06-22 -
بانکی ناوەندیی: سزای دۆلار لەسەر بەشێک لە بانکەکانی عیراق لادەبرێت
عیراق 07:57 PM - 2026-06-22 -
سامانی بریکارێکی داماو
بیروڕا 06:28 PM - 2026-06-22




دابەزێنە

