riklam

بەبێ تایبەتمەندی خاوەن پێداویستی تایبەت مۆڵەت بەپرۆژەكان نادرێت

کوردستان 09:30 PM - 2019-12-08
.

.

لەكۆبوونەوەیەكی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی بڕیاردرا مۆڵەت بەهیچ بیناو پڕۆژەیە‌و شوێنێك نەدرێت ئەگەر تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێبەجێ نەكات، هەروەها لەهەر فەرمانگەیەكیش دوو كارمەند بۆ راییكردنی‌ مامەڵەی‌ خاوەن پێداویستییە‌ تایبەتەكان تەرخان بكرێت.

ئەمڕۆ 8ی كانونی یەكەمی 2019، لەهۆڵی‌ هۆتێل تایتانیك، بەئامادەبوونی‌ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانی ‌‌و ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌ و عومەر گوڵپی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی ‌‌و سالار محەمەد شەریف نوێنەری‌ فەرمانگەی‌ داواكاری‌ گشتی‌‌ و میدیا شێخ ئەحمەدو حاجی‌ رێبوار ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و نوێنەری‌ زۆرینەی‌ فەرمانگەكانی‌ سلێمانی‌‌و ژمارەیەك لەڕێكخراوەكانی‌ بواری‌ مافی‌ كەمئەندامان كۆبوونەوەیەكی‌ فراوان بەناونیشانی‌ (سلێمانی‌ بەرەو ئامانجی‌ باشترین ژینگە بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت) بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای‌ كۆبوونەوەكەدا، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئامانجەكانی‌ كۆبوونەوەكەی‌ خستەڕوو كە مەبەست لەهەڵسەنگاندنی‌ ئەو كارو خزمەتانەیە كە لە ئێستەدا بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەنجامدەدرێن ‌و دانانی‌ پلان‌و بەرنامە بۆ داهاتووی‌ كاری‌ فەرمانگەكان ئەوەش بۆ بەرزكردنەوەی‌ ئاستی‌ خزمەتگوزاری‌ تایبەت بە هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.

وتیشی‌:بەپێی‌ بەڵگەو داتاكان، پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێشەنگە لە بواری‌ كاركردن بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت ‌و هوشیاری‌ هاووڵاتیان بەرانبەر مافەكانی‌ كەمئەندامان‌و چۆنیەتی‌ بەجێهێنانی‌ ئەركەكان لەلایەن دامەزراوەكانی‌ حكومەت‌و كەرتی‌ تایبەت‌و رای‌ گشتی‌، بەڵام ئەم دەرئەنجامە بەهیچ جۆرێك لەئاست كێشەو گرفتی‌ هاووڵاتیانی‌ كەمئەندام‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت نییە، چونكە سەرجەم فەرمانگەكان بەو توانایانەی‌ ئێستەیان دەتوانن كاری‌ باشتر ئەنجام بدەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و ئازاد حەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پاڵپشتی‌ خۆیان بۆ كۆبوونەوەكەو بۆ فەرمانگەكان دەربڕی‌ بۆ هێنانەدی‌ ئەو ئامانجەی‌ كۆبوونەوەكەی‌ بۆ رێكخراوە.

بەشی‌ دووەمی‌ كۆبوونەوەكە پێكهاتبوو لەخستنەڕووی‌ راپۆرتی‌ فەرمانگەكان و بەشداربووان سەبارەت بەو پرۆسە كارگێڕی‌ و یاساییانەی‌ لە دامەزراوەكانیانە تایبەت بە كەمئەندامان بەڕێوە دەچێت‌و ئەو ئاسانكارییانەی‌ كە بۆ هاووڵاتیانی‌ كەمئەندام بەڕێوە دەچن.

لە بەشی‌ سێیەمی‌ كۆبوونەوەكەدا، ئامادەبووان گفتوگۆی‌ راپۆرت‌و ئەو بڕگانەی‌ یاسای‌ ژمارەی‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2011ی‌ ماف‌و ئیمتیازی‌ كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێ بەجێ نەكراون، هەروها پێشنیاركردنی‌ باشترین رێوشوێن بۆ ئەوەی‌ باشتر ئەو یاسایە جێ بەجێبكرێت و لە ئاستێكی‌ بەرزدا ژینگەی‌ گونجاو بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت فەراهەم بكرێت.

لە ئەنجامی‌ كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان كۆكبوون لەسەر ئەم خاڵانەی‌ خوارەوە:

1ـ مۆڵەت بەهیچ بیناو پڕۆژەیە‌و شوێنێكی‌ ئیش نەدرێت ئەگەر تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت رەچاو نەكات‌و جێ بەجێ نەكات.

2ـ فەرمانگەكان كۆبوونەوەیەكی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌‌و فەرمانگەكانیان تەرخان بكەن بە گفتوگۆی‌ ئەو پرۆسە كارگێڕییانەی‌ بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بەڕێوە دەچن.

3ـ لەهەر فەرمانگەیەك دوو كارمەند تەرخان بكرێت بۆ راییكردنی‌ مامەڵەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.

4ـ كارئاسانی‌ تەواو بكرێت بۆ كەمئەندامان‌و ئیش‌و كارەكانیان لەسەر قورس نەكرێت.

5ـ لە سەرجەم شوێنەكانی‌ وەستانی‌ ئۆتۆمبیل شوێنی‌ تایبەت بەئۆتۆمبێلی‌ كەمئەندامان تەرخان بكرێت.

6ـ بەشی‌ ئەندازیاری‌ لەبەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ئامادەی‌ پێشكەشكردنی‌ هاوكارییە بۆ سەرجەم فەرمانگەكان بۆ جێبەجێكردنی‌ رێبەری‌ ستانداردە ئەندازیارییەكان بۆ رەچاوكردنی‌ تایبەتمەندی‌ كەمئەندامان لە پڕۆژەو بیناو باڵەخانەكاندا.

ئەمە بێجگە لە گەڵاڵەكردنی‌ چەند پێشنیارێكی‌ تری‌ گونجاو بۆ دامەزراوەكان لەئاستی‌ وەزارەت بۆ دەركردنی‌ رێنمایی‌‌و بۆ پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی‌ یاسا.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی‌ بەشی‌ پلان‌و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەڕێوەچوو و تیایدا سەرجەم ئەو بەرپرس‌و بەڕێوەبەرانە ئامادەبوون كە پەیوەندیدارن بەخزمەتگوزاری‌ كۆمەڵایەتی‌‌و ماف‌و تایبەتمەندی‌ كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەوە.

PUKmedia 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket