کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:56 AM - 2026-06-08
PUKMEDIA
ستران عەبدوڵڵا
بەشی بیست و سێیەم
حزبایەتی گواستنەوەیەکی جەوهەرییە لە کوردەواریدا
جا لێرەوە حزبایەتی وەک رێکخستن و چوارچێوەی رێکخراوەیی رۆڵی نۆتەی مۆسیقا دەگێڕێت، کە دەنگە جوانەکانی دەشتەکان لە خوڕەی ئاو و کانیاو و جریوەی باڵندەکان و.. هتد... رێک دەخات و پارچەیەک ئاوازی لێ هەڵدەچنێ، کە خۆی هی سروشتە، بەڵام بە رێکخستن و نۆتەکردنی ئیمزای ئاوازدانەر و کۆششی تیمی مۆسیقایەکی هونەرپەروەر لێی دەدات و دڵ گەش دەکاتەوە، لێرەوەیە حزبایەتی ئیشی باخەوان یاخود باخەوانگەلێکە کە سەوزایی دەشتودەر رێکدەخات و لە چوارچێوەی باخچەیەک بە پەین و مەقەست و ئامێری باخچەوانی بە سەبر و سەلیقە دەیانڕازێنێتەوە. بە مانایەکی تر خۆی سروشتی جوان هەیە، نە خاسمە سروشتی وڵاتی ئێمەش، بەڵام باخەوان، بەتایبەتی باخەوانی مەرد و رەند ئاوی دەدا و چاودێری دەکا و گوڵپەروەرێکی جوانناسە.
بە مانایەکی تر خۆی کوردایەتی هەیە و خۆڕسکە، بەڵام ئۆرگانی رێکخستن مشتوماڵی دەکا و ئەرکی نەتەوایەتی پێ رایی دەکات، خۆی کوردایەتی لەوەتەی کورد هەیە گوڵاڵە سوورەی دەشتودەر و خواستی کۆمەڵی کوردەوارییە بۆ ئاوەدانی و بوژانەوە، هەرچی حزبایەتییە وەک نرخی مەعنەوی و بەهای فیکری بۆ دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی رێکی دەخات و خاوەندارێتی لێ دەکات، ستوونی پتەوی هەرمان و هەمیشەیی بۆ دادەنێت.
بەو واتایە حزبایەتی کوردایەتییەکی رێکخراو و خاوەن ستراتیژە کە بۆ سەرکەوتن و گەیشتنە ئامانج دڕک و داڵ و پووش و پەڵاشی زیادەی لێ لادەبات، ئەوی بێکەڵکە شوێنی نابێتەوە و ئەوی بۆ ئەرک و فرمان گونجاوە پەروەردە و تۆکمەی دەکات.
لە رووی رێکخستنەوە هەڤاڵێتی و پێکەوەیی و گیانبازی باش و گونجاوە بۆ دەم و دەست و بە زوویی کەوتنە سەرپێی بزووتنەوەی کوردایەتی و لە رووی بەها بەرز و مۆدێرنەکانی کاری دەستەجەمعی و پلەبەندکردنی کۆششی رێکخراوەیی، زۆر پێویستە شێوازی مۆدێرنی کارکردن بێتە کایەوە.
بێگومان هەرچی چاک و گونجاو و لەبارە لە جوولەی خۆڕسکی کوردایەتی هی ئەوەیە کەڵکی لێوەربگیرێ و بهێنرێتە ناو دامەزراوەی حزبایەتییەوە، بەڵام ئەوی خراپە لە نەریتە دواکەوتووەکانی وەک: تەوەلایی، منمنۆکێ و پێڕپێڕی و هۆزگەلی پێویستە تووڕ هەڵبدرێت و لیژنەی پشکنین و کوالیتی کۆنترۆڵی مۆدێرن خەبەری لێ بدات و لە جەستەی بە نرخی حزب دووری بخاتەوە، هەرچی سیفەت و خەسڵەتی دواکەوتووی کۆمەڵی ئێمەیە، کە هی جەهالەت و داڕزاوی پێشینە و بێئاگا لەخۆمان هاتووە و دێتە ناو جەستەی ئۆرگانی حزبەوە،… دەبێ زووبەزوویی پوچەڵبکرێت و بە دژەڤایرۆسی هەڤاڵێتی و خەباتگێڕی و حزبایەتی مۆدێرن لەناو ببرێت.
دەرفەتی نووسین و ستوونی رۆژنامەی کاغەزی رێ بە زۆربڵێیی نادات، بەڵام هەر بۆ نموونە: خەسڵەتەکانی لوتبەرزی، ئیرەیی بردن، بەهیچ سەیرکردنی کۆششی هەڤاڵەکانی خۆت، خۆ بەشتزان و کەڵەگایی، تەمبەڵی و بێ پەروایی، پاشقولگرتن و خنەخنکردن لە ئەرکی خەبات و راپەراندنی فرمانی سەرشان، ئەمانە هەر هەمووی خەسڵەتی قۆناغی پێش حزبی، قۆناغی جەهالەت و دواکەوتووییە کە لە غەفڵەتا دێتە ریزی رێکخستنی مۆدێرنەوە و هەوڵدەدات گەرای تێدا بکات.
ئەمما خەسڵەتە جوانەکانی هەر ئەم کوردەوارییەی خۆمان، لەکاری هەرەوەزی و هاوکاری و هیممەت و بەتەنگەوەهاتنی یەکتری گشتیان هی ئەوەن باوەشیان بۆ بکرێتەوە و ببنە بەشێک لە بەهاکانی رێکخستنی ئۆرگانی حزب، ببنە بەشێک لە نەریتی کوردایەتی رێکخراو و بچنە ناو پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەوە و دەربڕین و وشەی هەڤاڵانای ناو فەزای حزبایەتی بۆ دابتاشین.
ئەم پرسە دیسانەوە دەبێتە بەشێک لە پەروەردەی مۆڕاڵی و هۆشیاری رێکخراوەیی حزب، بۆیە دێت و دەبێت تا گوشراوەی باشترینەکانی کوردەواری و کوردایەتی لەخۆیدا کۆبکاتەوە، باشترینەکان بەم کەم و بەم (بەشە) و بەم (پارتە) لەناو زۆرینەی کوردستاندا دەبێتە شانازی جێی ئومێد، دەبێتە پیرەمەگروون و قەندیلێکی سەربەرزی پێگەیشتنی ئەندێشە و کردەوەی نەتەوە.
دیقەت بفەرموون و لێرە قەت وشەی گوزارشتی ئەدەبی ریز ناکەم و (رستەی شۆڕشگێڕی) وەک ئەدەبیاتی دێرینی چەپ، توانجی لێ دەدات، نانووسم، بەڵکو ئەمەوێ بیرۆکەکە باشتر و روونتر بگات. مەعلومە(پارت) کەمینەیە لەناو کۆمەڵی کوردستان، بەڵام نەبەردی و ململانێیەتی تا بەها رەسەنەکانی هەر ئەم کوردستانە ببێتە خۆراکی پێشکەوتن و رزگاریمان.
بە واتایەکی تر:
کوردایەتی رێکخراو لەوکاتەی بۆ رزگاری و دوا مەنزڵی مافی چارەنووس خەبات دەکات و ئەمەش پرس و ناکۆکییە سەرەکیەکەیەتی، رێک هەر لەوکاتەش ململانێی شاراوەی ناکۆکی لاوەکی هەیە لەگەڵ هەموو نەریتە خراپەکانی کە جاران وڵاتی ئێمەی دواخست و کەلەپچە کرد و نەیهێشت زووتر هەراش بین و پێ بگرین و کەمتر قوربانی و خەسارەت و تەلەف بدەین.
رێکخستن پەیامی گوڵاوپرژێن دەباتە ناو کوردەواری و ناهێڵێ دواکەوتوویی و هیچ لەبارانەبوویی لە درزی لاوازی رێکخستن و حزبەوە بچێتە ژوور، ئالودەی بکات لە جیاتی ئەوەی مژدەبەری سەرکەوتنی یەکجارەکی خەبات بێت.
درێژەی هەیە
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
پۆلیتەکنیکی سلێمانی پلاتفۆرمێک بۆ ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا دروستدەکات
08:23 PM - 2026-06-08 -
قوباد تاڵەبانی: یەكێتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی هەیە
05:37 PM - 2026-06-08 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشمەرگەو تێکۆشەرێکی دێرین بەسەردەکاتەوە
04:31 PM - 2026-06-08 -
ڕفعەت عەبدوڵا: گرنگە گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان قوڵبکەینەوە
03:22 PM - 2026-06-08
ئەمانەش ببینە
سەرۆك بافڵ: هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دوورخستنەوەی گرژییەكانە
03:12 PM - 2026-06-08
حاجییانی کوردستان بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە
10:52 AM - 2026-06-08
مەکتەبی سیاسی: حاجی ئاسۆ لە رووداوێکی تەمومژاویدا شەهید کرا
09:20 AM - 2026-06-08
سەرۆک بافڵ و ئەحمەد داودئۆغڵو پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپات دەكەنەوە
11:09 PM - 2026-06-07
زۆرترین خوێنراو
-
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:56 AM - 2026-06-08 -
سەرۆک بافڵ: داوای یەکێتی داوای خەڵکە
کوردستان 11:38 AM - 2026-06-08 -
گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران دەستیپێکردەوە
جیهان 11:12 AM - 2026-06-08 -
حاجییانی کوردستان بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە
کوردستان 10:52 AM - 2026-06-08 -
ژمــــــارە 4
بیروڕا 10:50 AM - 2026-06-08 -
نرخى نەوت بەرزدەبێتەوە
جیهان 10:35 AM - 2026-06-08 -
نرخى زێڕ دادەبەزێت
کوردستان 09:47 AM - 2026-06-08 -
مەکتەبی سیاسی: حاجی ئاسۆ لە رووداوێکی تەمومژاویدا شەهید کرا
کوردستان 09:20 AM - 2026-06-08







دابەزێنە

