شاره حه‌رامكراوه‌كه.. شارێك له 9999 ژوور
شوێنەوار 03:00 PM - 2017-02-04.
له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی 2016 له‌سه‌ردانێكماندا بۆ وڵاتی چین.. له په‌كینی پایته‌خت، هه‌ر له‌نزیك گۆڕه‌پانی تیان ئان مین، له‌و شوێنه‌وه كه سه‌ركرده‌ی چین (ماوتسی تونگ) بانگه‌شه‌ی كۆماری چینی میللی تێدا كردوه، له‌وێدا وه‌ك شوێنێكی گه‌شتیاری زنجیره كۆشكێكی ده‌گمه‌ن ده‌بینرێن به ره‌نگی ئاڵ‌و واڵا و قه‌شه‌نگ دروستكراون، ئێستا به‌ڕووی خه‌ڵكدا كراوه‌یه، به‌ڵام سه‌دان ساڵ جگه له‌بنه‌ماڵه‌كانی حوكمڕان، كه‌سێكی بیانی نه‌یتوانیوه توخنی ئه‌م شاره بكه‌وێت، بۆیه به شاره حه‌رامكراوه‌كه ناسراوه، واته له‌خه‌ڵكی ئاسایی حرامكراوه..
تا به چاوی خۆت نه‌یبینیت و له‌مێشكتدا وێنه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گریت، هه‌رگیز نا‌توانیت به‌نووسین باس له‌م شاره حه‌رامكراوه بكه‌یت.. به‌راستی سه‌یره، له‌سه‌رده‌مێكدا كه هاووڵاتی ئاسایی چادرێك نه‌بوه له‌سه‌رمای زستان و گه‌رمای هاوین بیپارێزێت، میرنیشینه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانی چین زنجیره كۆشكێكیان دروست كردبوو له9999 ژوور پێكهاتبوو..
سه‌ردانی شاره حه‌رامكراوه‌كه بیرۆكه‌یه‌ك له‌مێشكی هه‌ركه‌سێكدا دروست ده‌كات كه مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی بلیمه‌ت و ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین و ته‌واو هونه‌ركاره، ئه‌م هونه‌ره‌ی به‌كارهێناوه بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و جوانكاری ژیانه‌كه‌و خۆشگوزه‌رانی..
ئه‌م شاره چه‌ندین سه‌ده قه‌ده‌غه بووه بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی سه‌ردانی بكه‌ن، چونكه له‌یه‌كه‌م ئیمپراتۆریانه‌وه تاوه‌كو ئیمپراتۆریه‌تی 24 هه‌مین به درێژایی 600 ساڵ ته‌نها خاوه‌ن شكۆ و بنه‌ماڵه‌و ده‌سه‌ڵاتداران تێیدا ژیاون..
ئه‌و رۆژه‌ی سه‌ردانی ئه‌م شاره‌مان كرد توشی حه‌په‌ساوی ببوین، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه وه‌رگێڕو رێنیشانده‌ره‌كه‌مان ده‌یداینێ مێشكمان به لۆژیكی نه‌ده‌زانی..
ئه‌مه چ عه‌قلیه‌تێكی دروستكه‌رو له‌هه‌مان كاتدا زۆردار‌و بنیاتنه‌ره‌وه‌یه!!
چ ده‌سه‌ڵاتێكه بتوانێت 9999 ژوور له ته‌خته‌ودار به كۆیله‌و خه‌ڵكی ژێر ده‌سته دروست بكات؟؟
سه‌دان ئه‌فسانه له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌م شاره ده‌ماوده‌م ده‌گێڕدرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه به‌ڕاستی و ژماره‌ی ورد هه‌ن وه‌رگێره‌كه‌و رێبه‌ره‌كه‌مان به ئێمه‌یان وت ئه‌مانه بوون:
رووبه‌ری ئه‌م شاره 720.000 هه‌زار مه‌تری چوار گۆشه‌یه، له‌سه‌رده‌می حوكمی بنه‌ماڵه‌ی مینگ ده‌ست به‌دروستكردنی كراوه، به پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان له ساڵی 1406 تا 1420 زایینی واته ماوه‌ی 14 ساڵ كاركردن له‌م كۆشكانه‌دا به‌رده‌وام بووه، ئێستا ئه‌م كۆشكانه یه‌ك له‌و 6 كۆشكه‌ن كه له جیهاندا به گه‌وره‌ترینه‌كان ناوزه‌د كراون.
ئه‌م كۆشكانه‌ی به شاره حه‌رامكراوه‌كه ناسراون، مێژوو رۆشنبیریی چینیه‌كان ده‌خاته‌ڕوو..
رووپۆشی زه‌وی ئه‌م كۆشكانه به‌جۆره به‌ردێك كراوه كه كێشی هه‌ر یه‌كێكیان سه‌دان كیلۆ زیاتر ده‌بێت، له ئه‌ستووری و گه‌وره‌یی قه‌باره‌دا به‌ردی له‌و جۆره‌م نه‌دیوه..
به‌رێبه‌ره‌كه‌م وت بۆچی ئه‌م به‌رده گه‌ورانه له‌سه‌ر زه‌وی دانراون؟
پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامم بداته‌وه سه‌رنجم كه‌وته سه‌ر ئه‌و چه‌ند جۆگه ئاوه‌ی (رووبارۆكه) كه بوچوارده‌وری شورای كۆشكه‌كاندا هه‌بوون.. له‌چوارده‌وری ئه‌م شاره‌دا و ته‌نها چه‌ند پردێكی بچوك به‌چه‌ند قوله‌یه‌كی پاسه‌وانیه‌وه نه‌بێت ئیتر رێگای په‌ڕینه‌وه نه‌ماوه بۆ ناو كۆشك، واته ئه‌مانه پرسگه یان زاڵگه‌ی پشكنینن له‌نێوان وشكایی و كۆشكه‌كاندا.
هه‌مدیسان گه‌ڕامه‌وه سه‌ر خولیاكه‌مو به ڕێنیشانده‌ره‌كه‌مانم وت: بۆچی به‌رده‌كانی زه‌وی ئه‌م كۆشكانه هێنده گه‌وره‌و قورسن؟؟ ئه‌ی بۆچی له ناو كۆشكه‌كاندا دارودره‌خت نابینم؟
له وه‌ڵامدا وتی گه‌وره‌یی وئه‌ستوری ئه‌و به‌ردانه‌ی زه‌ویه‌كه‌ی پێ ڕووپۆشكراوه، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هاتوو دوژمنان توانیان له‌ژێر زه‌ویه‌وه‌و له‌ئه‌وبه‌ری جۆگه‌ئاوه‌كانه‌وه تونێل لێبده‌ن بۆ ئه‌مبه‌ر، واته بۆ ناو شاره‌كه، نه‌توانن له‌ژێرزه‌ویه‌وه ئه‌و به‌ردانه كون بكه‌ن و بێنه ده‌ره‌وه بۆناو كۆشكه‌كان، هه‌روه‌ها نه‌بوونی دره‌ختیش له‌م شاره‌دا به‌هه‌مان شێوه له‌به‌ر پاراستن و لایه‌نی ئاسایشه، تا دوژمنه‌كان نه‌توانن له‌په‌نای ئه‌و ده‌رختانه‌دا خۆیان حه‌شار بده‌ن!!
به‌ڵێ ئه‌م شێوازه له‌نه‌خشه‌و دروستكردنی شاره حه‌رامكراوه‌كه‌دا، سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به‌ده‌ستهێنا و سه‌رباری بوونی ئه‌و هه‌موو دوژمنانه‌ی چینیه‌كان، به‌ڵام تاكه ئیمپراتۆرێكیش لێره تیرۆر نه‌كرا.
سیستمی ئاگر كوژانه‌وه پێش 600 ساڵ
شتێكی تر زۆر سه‌رنجی منی ڕ‌اكێشا له‌م كۆشكانه‌دا، ئه‌ویش سیستمی ئاگر كوژانه‌وه بوو، كه چه‌ندین حه‌وزو مه‌نجه‌ڵی گه‌وره ئاماده كرابوون و چه‌ندین جۆگه‌له‌ی ئاوی بچوك‌و ناوه‌ند به تایبه‌ت له‌لێواری كۆشكه‌كاندا ده‌چۆڕان، به‌جۆرێك له‌كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا، ده‌بێت ئاو نزیكترین هۆكار بێت بۆ كوژاندنه‌وه..
ده‌شێت بیرمان نه‌چێت كه سه‌رجه‌می ئه‌م كۆشكانه له‌ته‌خته‌ودار دروستكراون بۆیه ناكرێت سیستمی ئاگر كوژاندنه‌وه‌ی پێشكه‌وتوو تایبه‌تی نه‌بێت ..
ئه‌م شاره له هه‌ر چوارلاوه، چوار ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه، هه‌ر ده‌روازه‌یه‌ك هێمایه بۆ وه‌رزێك له وه‌رزه‌كانی ساڵ، هه‌روه‌ها ره‌نگی هه‌ر ده‌روازه‌یه‌ك نیشانه‌یه بۆ ئه‌و وه‌رزه كه ناونراوه (سپی زستان، سه‌وز به‌هار، شین هاوین، زه‌رد پاییز) به دیوارێكی به‌رزی به‌ردین (شورا) چوار ده‌وری شاره‌كه گیراوه، چه‌ندین قوله‌ی پاسه‌وانانی له‌سه‌ر دامه‌زرێنراوه، ئه‌وه‌نده به ئه‌ندازه‌یه‌كی تایبه‌ت دروستكراون، هه‌ست ده‌كه‌یت هه‌رگیز هیچ دو‌ژمنێك نه‌توانێت به‌سه‌ر ئه‌و قولانه‌و شوراكه‌وه‌سه‌ربكه‌وێت و بچێته ژووره‌وه، ده‌روازه‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌یان له نۆ پارچه و نۆ تۆپی ئاسنین دروستكرابوون، كه ژماره 9 لای ئه‌وان و له‌كه‌ڵچه‌ریاندا پیرۆزیه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه‌و تا ئێستاش هه‌ر پیرۆزیه‌كی تایبه‌تیان بۆ ژماره نۆ هه‌یه..
سیمرغ و ئه‌ژدیها
ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی له‌ناو كۆشكه‌كاندا دانراون مایه‌ی تێڕامان بوون، په‌یكه‌ری گه‌وره‌و قه‌به بۆچه‌ندین ئاژه‌ڵ و باڵنده دانراون، وه‌ك به ئێمه‌یان وت، زۆری و گه‌وره‌یی په‌یكه‌ره‌كان له‌سه‌ر كۆشكه‌كان هێمان بۆ پله‌و پۆستی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێدا ده‌ژین.. هه‌ندێك له‌و ئاژه‌ڵانه ئه‌فسانه‌ن و هه‌ندێكیشیان ڕاسته‌قینه‌ن وه‌ك شێر‌و پڵنگ، ئه‌فسانه‌كانیش وه‌ك ئه‌ژدیهای ده‌م به‌ئاگر و سیمرغ، وێنه‌ی ئه‌ژدیهای ده‌م به‌ئاگر و باڵدار ئه‌وه‌نده زۆرن له‌م كۆشكانه‌دا هه‌ست ده‌كه‌یت له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوونی هه‌بوو بێت، ئه‌گینا له سه‌ر دیوار‌و بن‌میچ و په‌یكه‌ره‌كان به‌و هێنده رازێنراوه نه‌ده‌بوون..
ئه‌م زنجیره كۆشكانه‌ی به‌شاری حه‌رامكراو ناسراون، له‌ته‌نیشت گۆره‌پانی (تیان ئان مین)ه كه به‌ناوبانگترین گۆره‌پانه‌كانی وڵاتی چینه و بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1989 له‌و گۆڕه‌پانه‌دا خوێنكاران خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا داوای چاكسازی و دیموكراسیان كرد.. له‌ساڵی 1987 رێكخراوی یونسكۆی نێوده‌وڵه‌تی به كاڵچه‌رێكی جیهانی تۆماری كردووه‌و ساڵانه زیاتر له 10 ملیۆن كه‌س سه‌ردانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ساڵی پار 16 ملیۆن كه‌س سه‌ردانی كردووه، تیمه‌كه‌ی ئێمه‌ش كه 7 ڕۆژنامه‌نووس بووین له ناو ئه‌و 16 ملیۆن كه‌سه‌دا بووین.
دوایین سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌م شاره مانه‌وه‌ی ئه‌م كۆشكانه بوو به‌مجۆره كه چۆن توانراوه بپارێزرێن و به‌وجۆره وه‌ك مه‌زنییه‌كی میلله‌تی چین ساڵ به ساڵ گرنگی زیاتری پێبدرێت، بریا ئێمه‌ش كه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی شوێنه‌وارین له جیهاندا بمانتوانیایه به‌وجۆره به‌رگری له مێژوو له ئاسه‌واری خۆمان بكه‌ین...
له كۆتاییدا ده‌ڵێم مه‌زنی میلله‌ته‌كان به ئاسه‌وارو كرداره‌كانیانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، نموونه‌ی ئه‌م شاره ئه‌فسانه ئه‌فسووناویه.. منیش كه ئه‌و داهێنانه‌ی مر‌ۆڤم بینی هه‌ستم به گه‌وره‌یی خۆم كرد كه منیش مر‌ۆڤم.
كاروان ئه‌نوه‌ر
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
10:33 AM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25