riklam

لە ساڵیادی شەهیدبوونی سەردار سەعید سۆفیدا

کوردستان 12:10 PM - 2026-06-30
شەهید سەردار سەعید لەکاتی پێشمەرگایەتیدا ئەرشیف

شەهید سەردار سەعید لەکاتی پێشمەرگایەتیدا

39 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی فەرماندەی نەمر (سەردار سەعید سۆفی) جێبه‌جێكاری‌ دروشمی‌ (فاشست بكوژه‌ تاگه‌ل بژی‌، عه‌فله‌قی‌ بكوژه‌ تاكورد بژی‌).

له‌ فلكه‌ی‌ زه‌عیمی‌ هه‌ولێر، كوا سه‌رداری‌ سه‌عید سۆفی‌؟

ماوه‌یه‌ك بوو شه‌وان هه‌ر كه‌ده‌یویست سه‌رخه‌وێك بشكێنێ‌، هه‌م قاچه‌كانی‌، هه‌م هزری‌، هیچ نه‌بێ‌ كه‌مێك بحه‌وێنه‌وه‌ تاله‌گه‌ڵ كازیوه‌یه‌كی‌ نوێدا قاچه‌كانی‌ بۆ تووله‌ڕێی‌ سه‌خت و درێژتر، هزریشی‌ بۆكێشانی‌ پلانی‌ نه‌به‌ردیی گه‌وره‌و گه‌وره‌تر ئاماده‌بێ‌، به‌ڵام هه‌ركه‌چاوی‌ لێكده‌نا گینگڵی‌ تۆڵه‌ خه‌وی‌ ده‌زڕاند، وێنه‌ی‌ شه‌پۆلی‌ حه‌فتا و پێنچ مه‌تری‌ ئێزگه‌كه‌و كتێبه‌ خوێناوییه‌كه‌ی‌ عه‌بدولخالق مه‌عروف به‌رچاویان به‌رنه‌ده‌داو هه‌رئه‌ویان شكده‌برد بۆتۆڵه‌، به‌ڵام ئه‌م شه‌وه‌یان سه‌رخه‌وی‌ نه‌شكاندوكه‌وته‌ڕێ‌، به‌یانیه‌كه‌ی‌ 19/3/1986 بوو، هه‌ڵۆی‌ داستانان سه‌رداری‌ سه‌عید سۆفی، ئه‌م جاره‌ش وه‌ك ده‌یان جاری‌ دی‌ له‌گه‌ڵ دوو هاوسه‌نگه‌ری‌ تری‌ ڕێی‌ هات و نه‌هاتی‌ گرته‌به‌ر، سه‌رداری‌ تۆڵه‌و ئه‌ده‌بدۆست ئه‌وڕۆژه‌ له‌هه‌موو سه‌فه‌ره‌كانی دیكه‌ی‌ ئاسوده‌تر بوو، چونكه‌ بۆتۆڵه‌ی‌ دوو نوسه‌ری‌ شه‌هید داده‌به‌زییه‌ ناوشار.

سەردار، پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە، پێشمەرگەبوو
دوای ئەنجامدانی ئەو چالاكییە گەورەیە،  خۆی و هەردوو هاوڕێكەی، سەربەرزانە گەڕانەوە ناوچە ئازادكراوەكان.
(سەردار ئازابوو، زۆریش ئازابوو، لە چاوی بەعس نەدەگەڕایەوە، لە خۆپیشاندانەكان جێی ئەو  هەمیشە پێشی پێشەوە بوو، واحیدیشی لەگەڵ بوو، سەردار پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە، پێشمەرگە بوو، ئەوساتەی هەواڵی مەرگیم بیست، تەواوێك بۆی گریام).

كەریم كاكەی رۆماننووس، هاوڕێ و هاوهەڵوێستی سەرداربوو لە بەرەنگاری و دژایەتی بەعسدا، گەرچی بیروڕایان جیاوازبوو، بەڵام بەیەك دەنگ هاواریان دەكرد (بڕوخێ رژێمی بەعسی فاشی)، ئەوە لەكوێ؟، لە خۆپیشاندانەكانی  خوێندكارانی  خوێندگەكانی  ئامادەیی (سەربەستی، ئازادی، رزگاری)ی هەولێر، بەڵێ، سەردار پێشەنگ و بەرنامەڕێژی  زۆربەی خۆپیشاندانەكان بوو كە لە دوای  مانگی چواری 1982 لە هەولێر دەستیپێكرد (بیست و چواری چوارە، جێ كەڵبەی سەگی هارە)، سەردار جگە لەو دروشمانەی ئەوكات، گڕی خۆپیشاندانەكانی جۆشدەدا، هەمیشە ریكۆردەرێكی بچوكیشی لەگیرفانی شەڕواڵەكەیدا بوو كە كاسێتی سروودە  نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەكانی لەسەربوو، خۆپیشاندانی پێگەرمتر دەكرد، سەردار ورەبەرز و  كۆڵنەدەربوو، تا رۆژی زیندانیكردنی، ئەو هەمیشە سەرداری  خۆپیشاندانەكانی خوێندكاران بوو، دوای ئازادبوونی بە كەفالەت، ئەمجارە رێی شاخی گرتەبەر.


 سەردار  بوو بە پێشمەرگەی شاخ     
  
رۆماننووس هەر لەخۆوە نەینووسیوە (سەردار پێش ئەوەی ببێتە پێشمەرگە، پێشمەرگە بوو)، ئاخر ئەو هەڵگری بیرو باوەڕبوو، ئەوەی لەشار كردبووی هەر پێشمەرگایەتی بوو، بەڵام لەناو دڵی دوژمندا، لەنیوەشەودا نووسینی دیواری  شوێنە  بەرچاوەكانی شار بەدروشمی  شۆڕشگێڕی، ئەدی ئەوە پێشمەرگایەتی نەبوو؟ بەڵام بە فڵچە و قەڵەم.
بە پێچەوانەی زۆران، ئەو قەدەر رەوانەی شاخی نەكرد، بەڵكوو سەنگەری شاری گواستەوە شاخ، بۆیە لە رەفتار و كرداری سەردار پێشمەرگەی راستەقینە دەخوێندرایەوە، ئەو وشانە، هەقیقەتی رەوشتە جوانەكانی سەردارن: دڵسۆز، ئازا، بێباك، خاكی، دەستپاك، راستگۆ، وەفادار، دۆستی خوێندنەوە و شیعر نووسین. بۆیە یادكردنەوەی شەهید سەردار، یادكردنەوەی سەرجەم ئەو شەهیدانەیە كە لە پێناوی ئازادی  نیشتماندا، خوێنی خۆیان بەخشی.

شاعیری گەورە شێركۆبێكەس  دەڵێت:
(شەهیدانی وڵاتەكەم تێكڕا هەموو خۆشەویستن!
لە هەموویان خۆشەویستر
ئەوشەهیدانەی یەكەمجار
ترسی مەرگیان
بۆ بەزاندووم).

بۆیە منیش وەك هاوڕێیەكی نزیكی شەهید سەردار كە زۆر لە راستییەكانی  تێكۆشانی ئەو قارەمانە، بە ورد و درشتییەوە دەزانم، چ لەشار  چ لەشاخ، ئەركی منە، مێژووی جوانییەكانی ئەو پێشمەرگە خاوەن باوەڕە بخەمەڕوو، ئەو دوای ئەوەی رێی خەباتی شاخی لە 1983 گرتەبەر، سەرەتا نەچووە ئەو تیپ و ناوچەیە كە دووبرا گەورەكەی لێ پێشمەرگەبوون، نەوەك رێی پێنەدەن ببێت بە پێشمەرگە، بۆیە رووی لەناوچەیەكی تركرد، لەڕۆژانی سەرەتادا خۆی ناساند و چووە دڵی هاوڕێكانی، نموونەمان بۆ هەموو ئەوسیفەتانە هەیە كە لەدێڕەكانی پێشتر ئاماژەمان پێدا، بۆ ئازایەتی ئەو دەفتەری بەرباخەڵی پێمان دەڵێت (84) چالاكی بەتەنیا و دەستەیی لەگەڵ هاوڕێكانی ئەنجام داوە لەماوەی ئەوچەند ساڵەی پێشمەرگایەتیدا، دەفتەرەكانیش رۆژژمێری هاوسەر و پیرەمێرد بوون كە لای من بوون، بەداخەوە ساڵی 1992 كاتێ حەمەعەلی خان فیلمی (هەڵۆكان)ی دەرهێنا، پێمدا و ئێستاش نەیدامەوە!.


بە خوێن سەلماندی چەندە راستگۆبوو لەگەڵ  رێبازەكەیدا

بۆ دەستپاكیش، ئەوە هاوڕێكانی گەواهی دەدەن چۆن دوای ئەو چالاكییانەی ئەنجامیان داوە، دەستكەوتەكانی بێكەم و زیاد گەیاندۆتەوە فەرماندەكانی، بۆ خاكی بوون، ئەوە گوندەكانی دۆڵی سماقوڵی و بەڕانەتی  پێمان دەڵێن، سەردار لە ئێمە چوو، بۆ وەفاداری، دوای دەستگیركرانی (بەختیار كاوانی)ی هاوڕێی، شیعری پاكانەی مزەفەر نەوابی بەدەنگی خۆی تۆمار كردبوو، كە باس لەزیندان و پاكانە دەكات، پێشكەشی بەختیاری كردبوو، هەمیشە ئەوكاسێتەشی لەگیرفاندا بوو، خوێنەر و شاعیر بوو، بۆ ئەوەش هەمیشە هەگبەكەی پڕكتێب بوو، بەتایبەت كە جەولەی سەركردایەتی  بكردایە، بێ كتێب (بەتایبەت ئەدەبییەكان) نەدەگەڕایەوە، منیش یەكێك لە سوودمەندانی ئەو كتێبانە بووم، بۆ راستگۆییش ئەوە هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە قۆناغەكانی ژیان هاوڕێیەتییان كردووە، دەزانن چەند سەرڕاست بوو لەهاوڕێیەتیدا، لە كۆتاییشدا  بە خوێن سەلماندی چەندە راستگۆبوو لەگەڵ بیر و باوەڕ و رێبازەكەیدا.
ساڵی 1993 لە كتێبی (سەرداری بەور) كە كۆمەڵێك فەرماندە و شاعیر و نووسەر بەشدارییان كردووە، شاعیری گەورەش شێركۆبێكەس بەناوی (سەردری بەور) چامەیەكی درێژی  بۆ نوسیووە، بە كۆپلەیەك لەو چامەیە، كۆتایی بە بەبابەتە دەهێنین:
هەر بۆیە ئەمڕۆش 
(سەرداری بەور) بۆتە نەخشی ناودڵ و
كزەی دەروونی هەموومان.
بۆتە وێنەی هەمیشە لە پێش چاوی
سەر دیواری ژوورەكانمان و
باڵندەیەكی سووری سەر لقوپۆپی
درەختی حەوشەی ماڵەكانمان و
ئەسپێكی ئەرخەوانی ناو خەونی منداڵەكانمان
( سەرداری سەعید سۆفی)
قەڵایە و
(پیرمامە)ە و
سەفینە و
لە پێش چاو ون نابێ!


كورتەی ژیاننامەكەی شەهید سەردار
فەرماندەی شەهید سەردار سەعید سۆفی‌، ساڵی‌ 1966 لە هەولێر لە دایك بووە وساڵی‌ 1981 پەیوەندی‌ كردووە بەرێكخستنەكانی كۆمەڵەی‌ رەنجدەرانی كوردستانەوە.

ساڵی‌ 1983 كە لە پۆلی‌ پێنجەمی‌ ئامادەیی دەبێت، لەلایەن رژێمی بەعسەوە فەرمانی‌ گرتنی‌ بۆ دەردەچێت، بەڵام خۆی دەرباز دەكات و دەبێتە پێشمەرگە و فەرماندەیەكی دیاری شۆڕشی نوێ.

رۆژی 30/6/1987 لەكاتی‌ بەرگریكردن لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشی نوێ، لە چیای‌ كێشكێ‌ شەهید كراو دوا پلەشی فەرماندەی‌ كەرت بوو لە تیپی‌ 85ی‌ بەڕانەتی‌.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket