riklam

فەرەنسا، کۆبوونەوەی G7 و ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران

بیروڕا 04:25 PM - 2026-06-18
دکتۆر لوئەی جاف دکتۆر لوئەی جاف

دکتۆر لوئەی جاف

بیروڕا

لە ۱٥ بۆ ۱۷ حوزەیران ۲٠۲٦، لە شارە ئاوسازگارەکەی ئێڤیان-لێ-بان لە فەرەنسا، کۆبوونەوەی گروپی G7 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم لوتکە گرنگە، لە کاتێکدا بەڕێودەچێت کە جیهان بە شێوەیەکی قەیراناوی کەوتۆتە نێو ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری گەورە. لە سەروبەندی ئەم بارودۆخەدا، ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانی سەرکردەکانی G7.

بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی بنەڕەتی لە سەر وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ، کردنەوەی گەرووی هورمز و دانانی چوارچێوەیەک بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوانیان. بەڵام ئیسرائیل بەم ڕێککەوتنە ڕازی نیە و پێدەچێت هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکە یان هەڵگیرسانی شەڕی تاکلایەنە دژی ئێران بە بێ ئەمریکای هاوپەیمانی.

۱ـ کاریگەری ڕێککەوتنەکە لە سەر بازاڕەکانی جیهان

ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە بە خێرایی و پۆزەتیڤانە پێشوازیی لێکرا لە بۆرسە و بازاڕە داراییەکان. دوای مانگێک لە دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری، پێشبینی دەرێت نرخی نەوت بەرەو دابەزین بچێت کە ئەمەش نیشانەیەکی هیوابەخشە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ بازاڕەکانی وزە. دڵنیابوون لە ئاسایشی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز زۆر گرنگە، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا کە زۆربەی پێداویستییەکانیان لە نەوت و گازی هاوردەکراو، لە ڕێگەی ووڵاتانی کەنداوی عەرەبی دابیندەکرێت و بە گەرووی هورمز تێدەپەڕێت بۆ ووڵاتانی کڕیار.

بەڵام، هێشتا پرسیارگەلێکی زۆر لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. چارەنووسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و ڕۆڵی گروپ و هێزە چەکدارەکانی نزیک لە سوپای پاسداران، پێویستیان بە گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر هەیە.

۲ـ فەرەنسا، ناوەندێکی دبلۆماسی بێ وێنە

وەک خانەخوێی کۆبوونەوەی G7، فەرەنسا ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوڕایی نێودەوڵەتی.
 سەرۆکی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماکرۆن) ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانیە جیهانیەکانی کرد بە یەکێک لە سەرەکیترین بابەت و ئامانجەکانی ئەم لوتکەیە.

پاریس ژمارەیەک لە وڵاتانی کاریگەری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بانگهێشت کرد، لەوانە عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، قەتەر و میسر، بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی فراوانتر بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دابین بکرێت.

دیپلۆماسیەتی فەڕەنسا ماوەیەکی زۆرە پشتیوانی دەکات لە چارەسەرێکی ئاشتیانە و سیاسیانە بۆ کێشەکانی ئێران. لە چوارچێوەی G7 دا، فەرەنسا هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی سەربازی چڕکردۆتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە لە سەر دڵنیابوون کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.

دبلۆماسیەتی فەڕەنسی، لەم لوتکەیە، هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەوروپا لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. بۆ پاریس، تەنها چارەسەر بۆ کێشەکانی جیهان، گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسیەتە و پێی وایە تەنها ڕێگایە کە بەردەوام دەتوانێت بەرژەوەندیە ئابوورییەکانی هەموو لایەک دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لە دروستبوونی قەیرانیتر لە بواری وزەدا.

۳ـ هەنگاوێک بەرەو ئارامی و سەقامگیری

بێگومان کۆبوونەوەی G7 ی ساڵی ٢٠٢٦ وەک خاڵێکی گرنگ لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تۆمار دەکرێت. ئەگەرچی ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، بەڵام سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە پەیوەستە بە پابەندبوونی هەردوو لایەن بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانیان و بەردەوامی گفتوگۆکان.

بۆ فەڕەنسا، ئەم کۆبوونەوەیە دووبارە سەلماندی کە دەتوانێت وەک هێزێکی دیپلۆماسیی کاریگەر، لایەنە جیاوازەکانی جیهان بخاتە سەر یەک مێزی گفتوگۆ. لە جیهانێکدا کە پڕە لە ئاڵۆزیی قەیرانی سیاسی و ئابووری، دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستن بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی گشتی.

٤ـ کورتەیەک لە سەر مێژوو و ئامانجەکانی G7

گروپی حەوت (G7) یەکێکە لە گرنگترین فۆڕۆمەکانی هەماهەنگیی ئابووری و سیاسی لە جیهاندا. ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٧٥ دامەزرا، کاتێک سەرکردەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا لە شاری (رامبوییە)ی فەڕەنسا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر قەیرانە ئابوورییەکانی ئەو سەردەمە. ساڵێک دواتر، کەنەداش پەیوەندی پێوە کردن و گروپەکە بە ناوی G7 ناسرا. یەکێتیی ئەورووپا هەروەها وەک ئەندامێکی هەمیشەیی لە چاودێری و بەشداریی چاڵاکدا لە کۆبوونەوەکان ئامادە دەبێت.

ئامانجی سەرەکیی G7 بریتییە لە تەنسیقکردن و دانانی بەرنامەی گونجاو سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری، دارایی و بازرگانی نێوان زلهێزە پیشەسازییەکان، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پرسیارە گرنگەکانی جیهان وەک گۆڕانی کەشوهەوا، ئاسایشی وزە، تەندروستی جیهانی، بازرگانی نێودەوڵەتی و چارەسەری ململانێ نێودەوڵەتییەکان. ئەگەرچی G7 ڕێکخراوێکی فەرمی نییە و بڕیارەکانی پابەندکەر نین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەندامەکانی بەشێکی زۆر لە ئابووریی جیهان و بازرگانی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن، بڕیار و ڕاسپاردەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ڕووداوە سیاسی و ئابوورییە جیهانییەکان هەیە.

لە ساڵی ٢٠٢٦دا، کۆبوونەوەی G7 لە فەڕەنسا بارێکی تایبەتی وەرگرت، چونکە جگە لە بابەتە ئابوورییەکان، بووە سەکۆیەکی گرنگ بۆ گفتوگۆ لەسەر ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەم شێوەیە، G7 هەروا بەردەوامە لە ڕۆڵی خۆی وەک یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی گفتوگۆ و هەماهەنگی نێودەوڵەتی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket