پەیـــامە نهێنییـــەکـــانی نوســــــــەرانـــی روس بـــۆ مـــرۆڤـــایەتی
کوردستان 05:10 PM - 2026-06-18
کوردستانى نوێ
وێنەى کەسایەتییەکانى ناو راپۆرتەکە
بۆچـــــی ئەدەبـــــی روســـــی هێشـــــتا پــــــــــڕ
خوێنـــــەرتـــــرین ئەدەبـــــی جیهـــــانە؟
ئەم ماددەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەلتوری نێوان رۆژنامەی
کوردستانی نوێ و دامەزراوەی میدیایی یارکوب-ی روسی ئامادەکراوە، کە ئامانجی
ئاشناکردنی خوێنەرانە بە کەلتور و نەریت و ژیانی هاوچەرخ و مێژووی هەردوو گەلی
روسی و کوردی، هەروەها پەرەپێدانی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لە رێگەی گفتوگۆی
راستەوخۆوە.
کاتێک دەمانەوێت باس لە رۆحی ئەدەب بکەین، بێگومان دەبێت رووبکەینە
ئەدەبی روسی، چونكە یەکێکە لە گەورەترین و کاریگەرترین کەلتورە ئەدەبییەکانی
جیهان، کە بە قوڵایی فەلسەفی و رەنگدانەوەی دەروونیی مرۆڤ ناسراوە، ئەم ئەدەبە
تەنیا کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆک نییە، بەڵکو گەشتێکی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤ و
هەڵسەنگاندنی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە
گەورەکانی مێژووی روسیادا، چونكە خاکی روسیا بەهۆی سەختیی ژینگە و ئاڵۆزیی
مێژووەکەیەوە، نووسەرانی ناچارکردووە بە دیدێکی جیاوازەوە تەماشای ژیان بکەن، هەرچەندە
لە سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئەمڕۆ، نووسەرانی روس توانیویانە سنوورە جوگرافییەکان
ببەزێنن و وەڵامی بەشێك لە پرسیارەكانی مرۆڤایەتیش بدەنەوە.
رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان
رۆدەچینە ناو ئەدەبی روسییەوە، کە پێگەیەکی تایبەتی لای خوێنەری کورد
هەیە، ئاكۆ محەمەد باس لەوە دەکات، رووبەڕووبوونەوەی راستییەکان و چاوپۆشی نەکردن
لێیان، پاڵنەری سەرەکی بووە، بۆئەوەی دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرانی روسی
بكات، بەتایبەت تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی، ئەوان لەبری ئەوەی وێنەیەکی جوانی خەیاڵیی
بۆ ژیان بکێشن، بوێرانە راستییە تاڵەکان و کێشە قووڵەکانی مرۆڤیان نیشان داوە
ئەمەش وایکردووە بەرهەمەکانیان لە تەنها چیرۆکەوە ببێت بە ئاوێنەیەک بۆ نیشاندانی
راستی مرۆڤایەتی.
وتیشی: ئەدەبیاتی روسی بە تەنها گوزارشت لە خەمۆکی ناکات، بەڵکو
گوزارشت لە راستگۆییەکی رووت دەکات بەرامبەر سروشتی مرۆڤ، ئەو چێژە ئەدەبییەی
خوێنەر لێی وەردەگرێت، چێژێکی کاتیی یان رووکەشانە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە
پاکبوونەوەی دەروون کە بە ئینگلیزی ئەم وشە باوەی هەیە لەناو ئەدەبدا Catharsis،
کاتێک دەبینیت نووسەرێک بەو وردەکارییەوە تاریکترین لایەنەکانی دەروونی مرۆڤی
هەڵماڵیوە، خوێنەر هەست بە تەنیایی ناکات لە رووبەڕووبوونەوەی کێشە هەبووەکان،
ئازار لەم ئەدەبیاتەدا ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە راستی و مانا، بۆیە چێژەکە لەوەدایە
کە خوێنەر هەست دەکات تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ ژیان و مردن و دادپەروەری لای دروست
بووە، تەنیای ناکات لە رووبەڕووبوونەوەی کێشە هەبووەکاندا، ئازار لەم ئەدەبیاتەدا
ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە راستی و مانا، بۆیە چێژەکە لەوەدایە خوێنەر هەست دەکات
تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ ژیان و مردن و دادپەروەری لەلا دروستبووە.
بایەخدانێکی زیاتر بە دۆستۆیڤسکی
ئەو خوێنەرە ئاماژەى بە ئەوەدا: ئەم کێبڕکێیە وەک هەڵبژاردن وایە
لەنێوان دوو ئاوێنەی جیاوازدا: تۆڵستۆی وەک پیرۆزییەکی بینەر وایە ئەو جیهان و
کۆمەڵگە و مێژوو بە فراوانی دەبینێت. ریالیزمەکەی وەک تابلۆیەکی گەورە وایە کە
هەموو وردەکارییەکانی ژیانی تێدایە. دۆستۆیڤسکی وەک نەشتەرگەرێکی دەروونی وایە ئەو
ناچێتە ناو کۆمەڵگە، بەڵکو دەچێتە ناو قووڵایی ژێرزەمینەکانی مێشک و دەروونی مرۆڤ.
دەشڵێت: زۆربەی رەخنەگران پێیانوایە مرۆڤایەتی پێویستی بە
هەردووکیانە، بەڵام ئەگەر بەدوای تێگەیشتنی مرۆڤ لەناو کۆمەڵگەدا بگەڕێیت تۆڵستۆی
بێوێنەیە و ئەگەر بەدوای ململانێی ناوەکیی مرۆڤ و ئیماندا بگەڕێیت دۆستۆیڤسکی
پێشەنگە، من وەک خوێنەرێکی ئەدەبیاتی روسی بایەخێکی زیاتر بە دۆستۆیڤسکی دەدەم
بەهۆی ئەو وردەکارییە ئاڵۆزەی لە داڕشتنی کەسایەتییەکاندا هەیەتی، کە وەک
تاقیگەیەک وایە بۆ تێگەیشتن لە لۆژیکی مرۆڤ.
مانەوە لە بازنەی کلاسیکدا
ئاكۆ محەمەد پێیوایە، مانەوەی خوێنەری کورد لە بازنەی کلاسیکەکاندا
دەگەڕێتەوە، بۆئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەناو ململانێی هەبوون و گەڕان
بەدوای ناسنامە و دادپەروەریدایە، کە ئەمە تەوەری سەرەکی کلاسیکە روسییەکانە،
هەروەها وەرگێڕانە کوردییەکان زیاتر جەختیان لەسەر ناوە گەورەکان کردووەتەوە، گەر
نا نووسەری زۆر هەن لەمڕۆدا یان دوای نەوەی ئەم دوو نووسەرە دیارە، کە کاریگەریی
خۆیان هەیە بەسەر کۆمەڵگەی روسییەوە.
بۆ ناساندنی نووسەری نوێی روسی کە لە ئاستی مەزنەکاندا بن، دەکرێت
ئاماژە بەمانە بکەیت:
*ڤیکتۆر پێلێڤین (Victor Pelevin) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرە
هاوچەرخەکان و بە شێوازێکی پۆست مۆدێرن دەنوسێت. بەلای ئاکۆ محەمەدەوە، ئەم
نووسەرە (های پۆست)یشە و بەشێوەی تەنزئامێز باس لە روسیای دوای یەکێتی سۆڤیەت
دەکات.
*لودمیلا ئولیتسکایا (Lyudmila Ulitskaya) کە بە دیمەنە
مرۆییە قووڵەکانی و باسکردنی چارەنووسی مرۆڤ ناسراوە و زۆرجار بە میراتگری
راستەقینەی کلاسیکەکان دادەنرێت.
*میخائیل شیشکین (Mikhail Shishkin) کە بە شێوازی
نووسینە فەلسەفی و زمانەوانییەکەی، زۆرێک لە رەخنەگران بە تۆڵستۆی سەردەم ناوی
دەبەن.
ویژدانی مرۆڤایەتی
هەر لەسەر خوێندنەوەی ئەدەبی
روسی، دانا عوسمان خوێنەر ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی كرد و وتی: ئەدەبیاتی روسی
تەنها کۆمەڵێک چیرۆک و رۆمان نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی فەلسەفی و
دەروونناسییە، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی جێهێشتووە، لێرەدا
چەند دێڕێك لەسەر گرنگی ئەم ئەدەبیاتە و هۆکاری بایەخپێدانی کتێبخانەکان و
خوێنەران باسدەكەم، ئەدەبیاتی روسی بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و کاریگەرترین رەوتە
ئەدەبییەکانی جیهان دادەنرێت، ئەم ئەدەبیاتە تەنها گێڕانەوەی رووداوەکان نییە،
بەڵکو گەشتێکی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤ و گەڕانە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە
گەورانەی پەیوەستن بە بوون، ئەخلاق، ئازار و دادپەروەرییەوە.
گرنگیی ئەدەبیاتی روسی
ئەو لەسەر گرنگی ئەدەبیاتی روسی زیاتر وتی: پرسیارەكە ئەوەیە: گرنگیی
ئەدەبیاتی روسی لە چییدایە؟ بەم خاڵانە باسی دەكەم:
1 - قووڵایی دەروونناسی: نووسەرانی وەک (دۆستۆیڤسکی)
پێش سەرهەڵدانی زانستی دەروونناسی مۆدێرن، توانیویانە شیکاریی بۆ ئاڵۆزترین
هەستەکانی مرۆڤ بکەن، ئەوان باسیان لە ململانێی نێوان چاکە و خراپە، تاوان و سزا و
پەشیمانی کردووە بە جۆرێک، کە خوێنەر هەست دەکات باس لە ناخی ئەو دەکەن.
2 - ریالیزمی کۆمەڵایەتی: ئەدەبیاتی روسی وێنەیەکی
راستەقینەی ژیانی مرۆڤ نیشاندەدات، (تۆڵستۆی) لە رێگەی شاکارەکانییەوە وەک شەڕ و
ئاشتی، تەنها باسی مێژوو ناکات، بەڵکو باس لەوە دەکات چۆن رووداوە گەورەکان
کاردەکەنەسەر ژیانی تاک و خێزانەکان.
3 - پرسیارە فەلسەفییەکان: ئەدەبیاتی روسی تێکەڵەیەکی
دانەبڕاوە لەگەڵ فەلسەفە و تەوەری سەرەکی زۆربەی رۆمانە روسییەکانە.
4 - هاوسۆزیی لەگەڵ هەژاران و ستەملێكراوان: ئەم
ئەدەبیاتە دەنگی ئەو کەسانەیە، کە لە کۆمەڵگەدا پشتگوێخراون. چەمکی مرۆڤی بچووک کە
لە نووسینەکانی (گۆگۆڵ) و (چیخۆف)دا دەبینرێت، باس لە کەرامەت و ئازارەکانی مرۆڤە
سادەکان دەکات.
کوردی و روسی لە یەك جیاوازن
لەم راپۆرتەدا رای ئەو نووسەر و وەرگێڕانەش بۆ خوێنەران دەگوازینەوە،
كە لە زمانی رووسییەوە كاری وەرگێڕان دەكەن. د. دلێر ئەحمەد حەمەد نووسەر و
وەرگێڕ، کە چەند كتێبێكی لە زمانی روسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، باسی
لەوە كرد، بێگومان، زمانی کوردی و روسی زۆر لە یەکتری جیاوازن، زمانی روسی زۆر
دەوڵەمەندە جگەلەوەی زیاتر لە دوو سێ سەدەیە ئەدەبیاتی روسی بەم زمانە دەنووسرێت و
گەشەیپێدراوە، لەهەمانكاتدا زانستەکانی پزیشکی، فەلەکناسی، فەلسەفە، زانستی
میکانیک و بە کورتی هەرچی زانست هەبێ لە روسیادا هەر بە زمانی روسی دەخوێندرێت و
دەنووسرێت، ئیتر ئەمە بەسە بۆ ئەوەی لە دەوڵەمەندیی زمانی روسی تێبگەین.
وتیشی: زمانی روسی زمانێکی قورسە و ئاسان نییە، رێزمانی زمانی روسی
هەر زۆر قورسە، بەڵام لەبەرئەوەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرام لە روسیا
خوێندووە، زیاتر لە 10 ساڵ گرنگیم بەم زمانە داوە، بۆیە تا رادەیەكی باش شارەزاییم
لەم زمانەدا هەیە و رێگە بە خۆم دەدەم كاری وەرگێڕان بکەم، چونكە کتێب و نووسەرە
بەناوبانگەکانی روسیا سەرنجی خوێنەران بەلای خۆیاندا رادەكێشن، هەر ئەم هۆكارەبوو
وایكرد هەندێك لەو كتێبانە وەرگێڕمە سەر زمانی كوردی، هەروەها بە لای خوێنەر گرنگە
کتێبێک لە زمانی یەکەمەوە وەرگێڕدرابێت و بیخوێنێتەوە، بە تایبەت لە زمانە
ئەوروپییەكان.
ئەو نووسەرە باسی لەوەشکرد، پێش ئەوەی بچێتە روسیا، بە زمانی کوردی و
عەرەبی و فارسی رۆمانەکانی نووسەرانی کلاسیکی روسی خوێندووەتەوە. ئێستاش هەست
دەکات لە كوردستان خوێنەری زۆر هەیە ئارەزووی خوێندنەوەی ئەدەبیات و نووسینەكانی
نووسەرانی روسی دەکەن.
ئاڵوگۆڕی زانستی
دەشڵێت: دیارە نووسین و ئەدەبیاتی هەر میللەتێک تایبەتمەندیی خۆی
هەیە، لێرەدا قسە تەنها لەسەر بەرهەمی نووسەرانی روسیا ناكەم، بەڵام لە بوارەکانی
تری ئەدەبیدا لێکچوونێکی زۆر هەیە لەنێوان ئەكادیمییەكانی روسیا و خۆرئاوا،
ئەگەرچی لێرەش جیاوازی بەدی دەکرێت، بۆ نموونە جیاوازە كاتێك مێژوونوسێك مێژووی
وڵاتی خۆی دەنوسێتەوە لەگەڵ كەسێكی بەریتانی یان فەرەنسی یان ئەمریكی یان ئەڵمانی
دێت و مێژووی روسیا بنووسێتەوە، بەڵام بەردەوام ئاڵوگۆڕی زانستی و مرۆڤایەتی
لەنێوان روسیا و خۆرئاوادا هەیە، بەردەوام کتێبە بەناوبانگەکانی نووسەرانی روس
وەردەگێڕدرێتە سەر زمانە ئەوروپییەكان و زۆربەی زمانە جیهانییەكان، ئەوانەی
خۆرئاواش بە هەمان شێوە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی روسی، هەڵبەتە جیاوازی هەیە لە
بواری بۆچوون و تێز و بیری سیاسی و زۆربەی نووسەرانی روس و خۆرئاوا جۆرە
كاریگەرییەكی دنیابینیان بەسەر یەکەوە هەیە، ناڵێم ئایدیۆلۆجین، چونكە ئێستا ئەم
كاریگەرییە زۆر بە كەمیی ماوە.
بابەتی مێژوویی و سیاسی
د. دلێر ئەحمەد حەمەد زیاتر قسەی كرد و پێیوایە خوێنەری کورد زیاتر
بەرهەمە ئەدەبییەکان دەخوێنێتەوە، بەڵام خوێنەری واش هەیە بە دوای کتێبی مێژوویی،
سیاسی و فکریدا دەگەڕێت و دەیخوێنێتەوە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە تەك
بەرهەمە ئەدەبییەكانی روسیا كتێبە فكری و سیاسییەكانیش خوێنەری خۆی هەبوو.
كۆبەرهەمی نووسەرانی روس
دەزگای جەمال عیرفان یەكێكە لەو دەزگا كوردیانەی ساڵانێكی زۆرە
دامەزراوە و لەو ماوەیەشدا چەندین بەرهەمی نووسەرانی روسیایان وەرگێڕاوەتە سەر
زمانی كوردی. وریا حەسەن بەڕێوەبەری دەزگاکە بە رایگەیاند: تا ئێستا بەرهەمی سێ
نووسەری جیاوازی روسیایان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. یەكێكیان كۆبەرهەمی
چیخۆڤە، ئەوەی تریان دوو بەرهەمی مەكسیم گۆرگی-یە، دوو بەرهەمی دۆستۆیڤسکی-یش، کە
بێگومان ئەو كەسایەتییانە وەك كەسایەتییە دیارەكانی ئەدەبیاتی روسی كاریان لەسەركردووە،
هەرچەندە ئەمە هۆكاری سەرەكی نییە، چونكە چەندین كەسایەتی تریش هەن و جێدەستیان لە
ئەدەبیاتی روسی و جیهانیدا دیارە و پێویستە كاریان لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوان
تائێستا كاریان لەسەر ئەو سێ نووسەرە كردووە. وتیشی: بەدڵنیاییەوە كار لەسەر ئەوە
دەكەین كۆبەرهەمی مەكسیم گۆرگی و دۆستۆیڤسکی و پوشكین وەربگێڕینە سەر زمانی كوردی،
هەرچەندە ئێمە دوو بەرهەمی تۆڵستۆیمان كردووە بە كوردی، بەڵام پلانمان هەیە هەموو
ئەو بابەتانە بكەینە كۆبەرهەم و بە یەك پاكێج چاپیان بكەین، پلانی ئەوەشمان هەیە
یەك رەفەی تایبەت لە كتێبخانەكەماندا تەرخان بكەین بۆ ئەدەبیاتی روسیدا بۆ ئەو
كەسانەی حەزیان لێیە، چونكە هەندێك تایبەتمەندی لە ئەدەبیاتی روسیدا هەیە زۆر
گرنگە بۆ نووسەر، خوێنەر، تاك و كۆمەڵگەی كوردی. لەبەرئەوە هەموو هەوڵێكی خۆمان
دەدەین بەشێكی بەرهەمی كەسایەتی و نووسەرە دیارەكانی روسیا وەربگێڕینە سەر زمانی
كوردی.
بەراوردی تەواو دەكەن
دووپاتیشیکردەوە: كەم كەس هەیە راستەوخۆ كاری وەرگێڕان لە زمانی
روسیەوە بكات بۆ سەر زمانی كوردی. لای ئەوان لە زمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبی و
فارسییەوە وەرگێڕان بۆ كتێبەكان كراوە، بەڵام بەراوردی تەواویان لەنێوان دەقەكاندا
كردووە، بۆئەوەی كەموكورتی ئەوتۆی نەبێت و مافی خۆی بدەن بە دەقەكان، لە
پرۆژەشیاندایە بایەخ بە نووسەر و ئەدەبیاتی هاوچەرخ و نوێی روسیا بدەن بە گوێرەی
پێوەرەكان و توانا كاریان لەسەر دەكەن، بەڵام ئەوەی ئێستا دیارە ئەوەیە دەیانەوێت
كار لەسەر كۆبەرهەمەكان بكەن.
چۆن بڕیار دەدەن؟
یەكێكی تر لەو دەزگایانەی ماوەی چەند ساڵێكە كار لەسەر وەرگێڕانی
بەرهەمی ئەدەبی نووسەرانی روسی دەكات، كتێبخانە و ناوەندی رۆمانە لە شاری سلێمانی،
میركۆ ئەبوبەكر لێپرسراوی بەشی كوردیی كتێبخانەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنی شاکارەکان
وتی: وەک ناوەندی رۆمان تەنها لەسەر بنەمای ناوبانگی جیهانی بڕیارنادەین، ئەگەرچی
ناوبانگیش نیشانەی تاقیکردنەوەی دەقە لەبەردەم زەمەندا. پێوەری سەرەکیی ئێمە
پێویستیی رۆحی و کۆمەڵایەتییە، کاتێک دەست بۆ شاکارەکانی وەک (هەژاران، قومارچی،
تاوان و سزا، یـادنـامـەی خـانـەی مـردووان)ی دۆستۆیڤسکی دەبەین، دەزانین کە
کۆمەڵگەی کوردی لە زۆر رەهەندەوە لەگەڵ پاڵەوانەکانی دۆستۆیڤسکی هاوئازارە، ئێمە
دەمانەوێت خوێنەری کورد لە رێگەی ئەم دەقانەوە لە خۆی بپرسێت، مانای ژیان چییە
لەنێوان هەژاریی و شکۆدا؟.
سەبارەت بە زمانی وەرگێڕانیش، وتی: ستراتیژی ئێمە روونە، شاکارە هەرە
قورس و مێژووییەکان کە پێویستیان بە پاراستنی هەموو وردەکارییە دەروونی و
فەلسەفییەکان هەیە، وەک ئەو چوار کتێبەی دۆستۆیڤسکی کە ناومان بردن، راستەوخۆ لە
زمانی روسییەوە وەرمانگێڕاون، ئەمە بۆ ئێمە مەرجێکی کوالێتییە، چونکە زمانی روسی
خاوەن ئاواز و پێکهاتەیەکە کە هەندێکجار لە وەرگێڕانی دووەمدا ون دەبێت، بەڵام بۆ
هەندێک کاری تری وەک (دزێکی راستگۆ، تیمساح، شەوە سپییەکان) یان کارەکانی تۆڵستۆی
و گۆگۆڵ، سوودمان لە زمانی ئینگلیزی بینیوە. ئینگلیزی لای ئێمە وەک پردێکی مەعریفی
وایە، کاتێک وەرگێڕێکی بەسەلیقە لە ئینگلیزییەوە دەقەکە دەگوازێتەوە، ئێمە دڵنیایی
دەدەین کە رۆحی دەقەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە هیچ شاکارێکی روسی
نەمێنێت کە بە زمانی شیرینی کوردی بوونی نەبێت.
خوێنەری کورد، جددی و کێشەدارە
میركۆ ئەبوبەكر دەشڵێت: ئەزموونی ئێمە نیشانی داوە کە خوێنەری کورد،
خوێنەرێکی جددی و کێشەدارە. پێشوازی لە رۆمانی فەلسەفی و قورس، زۆر زیاترە لە
چیرۆکی سادە، بۆ نموونە، تاوان و سزا تەنها کتێبێک نییە لای خوێنەری ئێمە، بەڵکو
ئاوێنەیەکە کە تێیدا ململانێی نێوان چاکە و خراپە دەبینێت. دۆستۆیڤسکی لای کورد
تەنها نووسەر نییە، بەڵکو پەیژەیەکە بۆ دابەزین بۆ ناو دۆزەخی دەروون، ئەمە مانای
ئەوە نییە چیرۆکە کورتەکانی گۆگۆڵ یان نۆڤێلاکانی تۆڵستۆی بێ بایەخن، بەپێچەوانەوە
ئێمە کاتێک (ڤی) یاخود (لووت)ی گۆگۆل پێشکەش دەکەین، دەبینین خوێنەر سەرسام دەبێت
بەو ریالیزمە جادووییە و تەنزە تاڵەی لە ژیانی رۆژانەی خۆماندا هەیە، بەڵام بە
گشتی خوێنەری ئێمە حەزی لەو دەقانەیە کە هەژێنەرن و پرسیارە گەورەکانی بوون
دەوروژێنن، بۆیە دۆستۆیڤسکی هەمیشە لە لووتکەی داواکارییەکاندایە.
وەرگێڕان پردی نێوان کەلتور و زمانەکانە
بۆ وەرگرتنی رای لێكۆڵەر و رەخنەگران قسەمان لەگەڵ ئارام سدیق نووسەر
و لێكۆڵەر و رەخنەگری ئەدەبی كرد و لێمان
پرسی: ئەدەبیاتی روسی بە رۆحێکی قووڵی
فەلسەفی تایبەت دەناسرێتەوە، تا چەند وەرگێڕی کورد توانیویەتی ئەو کەش و هەوا
دەروونی و فەلسەفییە بگوازێتەوە نەک تەنها دەقە زمانەوانییەکە؟ بەتایبەتی لە
وەرگێڕانی شاکارە گەورەکاندا، زۆرجار وەرگێڕەکانمان هەڵەی زەق دەکەن و مانای تەواوەتی
بە دەقەکان نادەن ئایا رەخنەگری کورد توانیویەتی ئەو هەڵە گەورانە دەستنیشان بکات،
کە لە دەقەکاندا هەیە؟ ئەو لە وەڵامدا وتی: ناتوانین بە هیچ وەرگێڕانێک بڵێین بێ
کەموکوڕییە، بەڵام دەمێکە گوتراوە وەرگێڕان پردی پەیوەندی نێوان کەلتور و
زمانەکانە و هیچ بەدیلێکیش بۆ ئەم پردە نییە، بەڵام ئەوەی هەیە ساڵ دوای ساڵ باشتر
دەبێت. ئێستا هەنگاوی باش نراوە، بۆئەوەی ئەو کتێبانەی وەردەگێڕدرێن بە باشترین
شێوە بگاتە لای خوێنەر، یەکێک لەو هەنگاوانە دامەزراندنی دەزگا و هەندێک ناوەندی
چاپن، کە بەشێوەیەکی تاڕادەیەک سیستماتیک کاردەکەن، یان هەوڵ دەدەن بۆئەوەی
بەشێوەیەکی کارامەییانە کار بکەن.
وتیشی: بێگومان رەخنەی وەرگێڕان تاڕادەیەک لاوازە و ئەوەی زۆرجار
دەبینرێن لە چوارچێوەی پۆستی کورت لە سۆشیال میدیادا دەکرێت، کە ئەمە رەخنە نییە.
رەخنەی وەرگێڕان؛ رەخنەیەکی بەراوردکارییانەیە. بۆئەوەی وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو
دەستنیشان بکرێت، پێویستمان بە بەراوردکردنی کارە وەرگێڕدراوەکە هەیە.
زمانی کوردی لاواز نییە
لە بەشێكی تری پرسیارەكانماندا سەبارەت بەوەی، ئایا کێشەی
گەورەی وەرگێڕانی کوردی لە ئەدەبیاتی روسی، پرسی وەرگێڕانی ناڕاستەوخۆیە یان
وەرگێڕانە لە زمانی دووەم و سێیەم (بۆ نموونە لە ئینگلیزی و فارسی یان
عەرەبییەوە)، ئەمە تا چەند زیانی گەیاندووە بە رەسەنایەتی و ستایلی نووسەرانی وەک
دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی و مەکسیم گۆرگی...هتد؟ چونکە زمانی روسی زمانێکی زۆر
دەوڵەمەندە لە پاشگر و پێشگر و دەربڕینی هەستی جیاواز، ئایا زمانی کوردی (بە
هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی) توانای ئەوەی هەیە هاوشانی ئەو قورساییە
زمانەوانییە بڕوات؟ ئارام سدیق نووسەر و لێكۆڵەر و رەخنەگری ئەدەبی لە وەڵامدا
دەڵێت: رەنگە ئەمە لە رواڵەتدا بە کێشە بێتە بەرچاو، بەڵام بەلای منەوە کێشە نییە،
چونکە ناتوانرێت تەنها وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بکرێت، چونکە دەستمان بە هەموو
زمانە جیهانییەکان ناگات، بەڵام گرنگە لە پرۆسەی وەرگێڕاندا رەچاوی ئەوە بکرێت
(ئەگەر لە زمانی دووەمەوە بوو) پشت بە سەرچاوەی متمانەدار ببەسترێت. هاوکات لە
زمانە نوێیەکەدا شێوازی نووسەر ون نەبێت. من وەرگێڕانم لە زمانی یەکەمەوە بینیوە
نەمتوانیوە بیخوێنمەوە، لەبەرئەوەی وەرگێڕەکە کوردییەکەی خراپ بووە، دەشێ زمانەکەی
تری زۆرباش بێت، بەڵام کاتێک بە کوردییەکی خراپ پێشکەشی خوێنەری دەکات دیسان لە
بەهای دەقەکە دێتە خوارەوە. وەرگێڕان بریتییە لە داهێنانەوەی تێکست لە زمانی
دووەمدا، بۆیە گرنگە وەرگێڕ چەند لە زمانی یەکەمی وەرگێڕان شارەزایە، هاوکات هێندە
و زیاتریش لەو زمانە شارەزا بێت کە دەقەکەی بۆ وەردەگێڕێت.
وتیشی: خاڵێك جێگەی خۆشحاڵییە، ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمی
نووسەرانی روس لەلایەن وەرگێڕی متمانەدارەوە، یان لە زمانی یەکەمەوە بۆ سەر زمانی
کوردی وەرگێڕدراون و سەرکەوتوون. سەبارەت بەوەی زمانی کوردی لاوازە لەچاو
زمانەکانی دیکەدا، ئەوە بەو شێوەیە نییە، بەڵکو زمانی کوردی هیچی لە هیچ زمانێکی
دیکە (بەتایبەت روسی) کەمتر نییە، ئەوەی کە هەندێک کەس پێیانوایە زمانی کوردی
لاوازە، ئەوە یان ئیشیان لەنێو زمانی کوردیدا نەکردووە و شارەزاییان نییە، یان
ئاگاداری ئەو بەکارهێنانە سنووردارەی زمانی کوردین کە تا ئێستا بەشێوەیەکی تاڕادەیەک
سنووردار، بەکارهێنراوە.
کلاسیکی روسی نزیكە
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، بۆچی زۆرینەی
وەرگێڕانەکانمان تەنها چڕبوونەتەوە لەسەر بەرهەمە کلاسیکییەكان و ئەدەبیاتی مۆدێرن
و پۆست-مۆدێرنی روسی لە کتێبخانەی کوردیدا فەرامۆش کراون؟ بەم شێوەیە
وەڵامیدایەوە: ئەدەبیاتی کلاسیکی روسی نزیکییەکی زۆری لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی هەیە و
زۆرجار تێکستی نووسەرە روسەکان دەڵێی بۆ کۆمەڵگەی ئێمەیان نووسیوە، واتە شتێک لە
ئەدەبی كلاسیكی روسیدا هەیە کە گوزارشتێکی نزیکی لە رۆحی کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە.
هەڵبەت ئەدەبی نوێی روسیش ئەو نزیکایەتییەی هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم کەمترە،
بەڵام ئێستا پرۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی نوێی روسیش دەستیپێکردووە و چەند
بەرهەمێکی نووسەرانی نوێی روسی لە کتێبخانەی کوردیدا بەردەستن.
PUKMEDIA / کوردستانى نوێ
هەواڵی زیاتر
-
مەڵبەندی دیراساتی گشتی سیمینارێكی بۆ بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سازكرد
05:55 PM - 2026-06-18 -
پەیـــامە نهێنییـــەکـــانی نوســــــــەرانـــی روس بـــۆ مـــرۆڤـــایەتی
05:10 PM - 2026-06-18 -
دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بەرزانی قالەی خەڵوزدا تێدەپەڕێت
10:08 AM - 2026-06-18 -
رێککەوتنی کاتیی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی دابەزاند
10:00 AM - 2026-06-18
ئەمانەش ببینە
سەرۆك بافڵ و ئەعرەجی: هاریكاریی دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان و عیراق بەردەوامبێت
03:52 PM - 2026-06-18
ڕفعەت عەبدوڵا: چەمچەماڵ شایستەی خزمەت و پڕۆژەی زیاترە
01:58 PM - 2026-06-18
ئەعرەجی: مام جەلال سەركردەیەكی مەزنی عیراق و كۆكەرەوەی لایەنەكان بوو
11:42 AM - 2026-06-18
مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەشدەکرێت
10:28 AM - 2026-06-18
زۆرترین خوێنراو
-
مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست دابەشدەکرێت
کوردستان 10:28 AM - 2026-06-18 -
دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بەرزانی قالەی خەڵوزدا تێدەپەڕێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-18 -
رێککەوتنی کاتیی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی دابەزاند
جیهان 10:00 AM - 2026-06-18 -
ئەمریکا و ئێران؛ رێککەوتن یان لێکتێگەیشتن؟ پاڵنەر و سیناریۆکان داهاتوو
بیروڕا 10:03 PM - 2026-06-17 -
دووەمین ساڵیادی رۆژی جیهانی دیالۆگی نێوان شارستانیەکان لەهەولێر کرایەوە
کوردستان 09:48 PM - 2026-06-17 -
ئەنجومەنی وەزیران جەخت لەدابینكردنی مووچەی خانەنشینان دەكاتەوە
کوردستان 06:26 PM - 2026-06-17 -
وەزارەتی تەندروستی : لە هەرێم دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا
کوردستان 06:22 PM - 2026-06-17 -
هەناردەی نەوتی عیراق لەڕێگەی توركیاوە رادەگیرێت
کوردستان 05:01 PM - 2026-06-17







دابەزێنە

