riklam

هێرشی موشەکیی دژبەیەک لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێراندا دەستیپێکردەوە

جیهان 09:30 AM - 2026-06-03
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران PUKMEDIA

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران

كۆماری ئیسلامی ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند: لە وەڵامی هەوڵە هێرشبەرییەکانی تاران، هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر دوورگەی قەشمی ئێران و توانیویشمانە چەندین موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بخەینە خوارەوە.

هێرشەکانی ئەمریکا و کاردانەوەی ئێران
لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردووە: هێزەکانی ئەمریکا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەوڵەکانی بەئامانجگرتنی ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گورزی بەرگرییان لە وێستگەیەکی سەربازیی کۆنترۆڵکردنی زەمینی لە دوورگەی قەشم وەشاندووە.

لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی سێشەممە دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قەشم بیستراوە، هاوکات ئاژانسی "فارس" ئاماژەی بەوە کردووە کە بەلایەنی کەمەوە 3 تەقینەوە لە باشووری دوورگەکە روویانداوە.

هەروەها میدیاکانی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، کە هێزەکانیان بە موشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی ئەمریکا کە تاوەرێکی پەیوەندییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی لە باشووری دوورگەی قەشم کردبووە ئامانج، راشیگەیاند: کە هێزە دەریاییەکانیان کەشتییەکیان بە ناوی "بانیا" بە موشەک پێکاوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە قەزیفەیەک هێرشیان کردووەتە سەر دەقێکی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز و زیانیان بە ژووری بزوێنەرەکەی گەیاندووە.
پووچەڵکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن ئەمریکاوە
هەروەک سێنتکۆم جەختیکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە میانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی 2ی حوزەیراندا، بەرپەرچی "ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانی ئێران"یان داوەتەوە و ڕاشیگەیاند: هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی چەندین موشەک و درۆنیان خستووەتە خوارەوە کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوون.

لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندییدا هاتووە، کە ئێران چەند موشەکێکی بەرەو وڵاتانی دراوسێ هاویشتووە، بەڵام هەندێکیان نەگەیشتوونەتە ئامانج؛ دوو موشەک کە بەرەو کوێت دەچوون پێش گەیشتن بە ئامانج لە ڕێڕەوی خۆیاندا تێکشکاون، لە کاتێکدا هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا و بەحرەین سێ موشەکی تریان لەناو بردووە کە ئاڕاستەی بەحرەین کرابوون، هەروەها سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، 3 درۆنی هێرشبەری ئێرانیشیان خستووەتە خوارەوە کە مەدەنییەکانیان لە ئاوە هەرێمییەکاندا دەکردە ئامانج و جەختیشی کردەوە کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێ نەگەیشتووە.
بۆردومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت

هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی کوەیت، لەلایەن ئێرانەوە زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتووەتەوە و دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت-یش رایدەگەیەنێت: لەئێستادا پلان و رێکاری فریاگوزاری خێرا لە وڵاتەکەدا کارا کراوە.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسداران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کوەیت و بەحرەین، لەبەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا( سێنتکۆم) رایگەیاند، بە بێ بوونی هیچ زیانێک شکستیان بە هێرشەکان هێناوە، بەڵام  دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت دەڵێت؛ هێرشەکان بێ زیان نەبوون.

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت رایگەیاند: شوێنی گەشتیار و سەرنشینەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت لە رێگەی چەندین درۆن و موشەکی ئێرانییەوە کراوەتە ئامانج وبەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتوەتەوە و ژمارەیەک هاوولاتی برینداربوون، لەئێستادا پلان و رێکاری فریاگوزاری خێرا لە وڵاتەکەدا کارا کراوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket