riklam

سەرۆکوەزیرانی عیراق: مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت

عیراق 06:15 PM - 2026-05-23
سەردانی عەلی زەیدی بۆ وەزارەتی دارایی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عیراق

سەردانی عەلی زەیدی بۆ وەزارەتی دارایی

عیراق

سەرۆکوەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت: پێویستە مووچەی فەرمانبەران و چاودێری کۆمەڵایەتی لە کاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن خەرج بکرێت بۆ ئەوەی هیچ دڵەڕاوکێیەک لای هاووڵاتییان دروست نەبێت.

لە میانی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی دارایی، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق ڕێنماییدا بە داڕشتنی دیدگایەکی گشتگیر بۆ گۆڕینی چەمکە داراییە باوەکان و فراوانکردنی ئابووریی نانەوتی، هاوکات ئاشکرایکرد، حکومەت لە هەوڵی ئامادەکردنی "پلانی عیراق 2035"دایە بۆ ئەوەی یاسای بودجە ببێتە نەخشەڕێگای پاشەڕۆژ و پەرە بە کەرتی تایبەت بدرێت.

راشیگەیاند: پێویستە مووچەی فەرمانبەران و هاوکارییەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە کاتی خۆیاندا خەرج بکرێن، بۆ ئەوەی هیچ دڵەڕاوکێیەک لای خەڵک دروست نەبێت، هاوکات زەیدی ڕێنماییدا بە ئامادەکردنی پشکێکی شایستە داراییەکانی جوتیاران و بەڵیندەران و وەبەرهێنەران و ئاماژەی بەوەکرد، نابێت مافەکانیان بفەوتێت بۆئەوەی گەرەنتی بەردەوامیی کار و پڕۆژەکان بکرێت.

سەبارەت بە دۆخی دارایی سەرۆکوەزیرانی عیراق روونیشیکردەوە:عیراق بە قۆناغێکی دارایی و ئابووریی هەستیاردا تێدەپەڕێت، کە بەهۆی پێشهاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان و ڕەنگدانەوەیان لەسەر ئابووریی جیهان هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر توانای هەناردەکردن و داهاتی نەوتی عیراق، لەکاتێکدا کە "٪90ی بودجە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە دەبێت کار بۆ فراوانکردنی ئابووریی نانەوتی و دۆزینەوەی جێگرەوەی تر بکرێت، هەروەک پێویستیشە بە ڕاشکاوی و بەبێ گەورەکردن ڕاستییەکان و تەحەددییە داراییەکان لەگەڵ هاووڵاتییاندا باس بکرێن.

راشیگەیاند: ئێمە لە قۆناغی ئامادەکردنی پلانی عیراق 2035 داین، دەبێت وەزارەتی دارایی دیدگایەکی روونی هەبێت و بودجە ببێتە نەخشەڕێگای پاشەڕۆژ و داهاتەکان بەرز بکاتەوە، چونکە ناتوانرێت تەنها بەپشتبەستن بە نەوت بەردەوام بین، پێویستیشە سیستمی بەڕێوەبردن بگۆڕین چونکە دەوڵەت تەنها بودجە و تەرخانکردنی دارایی نییە، بەڵکو هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز دەدات؛ ئێمە نامانەوێت ئەزموونەکانی رابردوو کۆپی بکەینەوە، ئەرکی دەوڵەت رێکخستن و چاودێریکردن و پاراستنی چینە هەژارەکانە، بەڵام نابێت بە عەقڵییەتی سۆسیالیستی بەردەوام بین لە ئابووریدا، بەڵکو پاڵپشتی کەرتی تایبەت دەکەین چونکە ئەوە دەبێتە هۆی گەشەپێدان.

هاوکات، لەسەر پرسی گومرگ و داهاتە ناوخۆییەکان، سەرۆکوەزیرانی عیراق ئاشکرایکرد: ڕێنماییمان داوە بە ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر دۆخی داهاتی گومرگ لە شەش مانگی ڕابردوودا، بەتایبەت ئەو کاڵایانەی گومرگی بەرزیان لەسەرە و تێبینیمان کردووە کە کاڵا گومرگ بەرزەکان لەڕێگەی فێڵ و تەڵەکەوە دەگۆڕدرێن بە کاڵای هەرزانتر، بەڵام سیستمی بەئەلکترۆنیکردن (ئۆتۆمەیشن) کۆتایی بەم دەستکاریکردن و یاریپێکردنە دەهێنێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket