riklam

قوباد تاڵەبانی: دەمانەوێت عیراق بەهێزبێت بۆ ئەوەی هەرێمێکی بەهێزمان هەبێت

جیهان 11:16 PM - 2026-05-13
بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی لە دیالۆگی عیراق نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی لە دیالۆگی عیراق

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی بەشداری لە "دیالۆگی عیراق 2026" کرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئەتڵەنتیکەوە لە واشنتۆن ڕێکخرابوو، لەدیالۆگەکەدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی عیراقی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان کرد بۆ تاوتوێکردنی پەرەسەندنی ناوچەیی و سەقامگیریی سیاسی و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە دیالۆگەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رۆڵی عیراق پەیوەستە بە ویستی خۆیەوە کە ئایا دەیەوێت وەک خاڵی بەهێز یان لاواز سەیری پێگەکەی بکرێت، ئەگەر عیراق بیەوێت پێگەی جوگرافیی خۆی وەک سەرمایە و هێز و دەرفەتێک بۆ مانۆڕکردن ببینێت، دەتوانێت ئەو کارە بکات، بەجۆرێک من پێموایە ئەو شتەی رەنگە عیراق تا ئێستا پەی پێ نەبردبێت ئەوەیە کە وڵاتێکی زۆر کەم هەن وەک ئەو بن.

راشیگەیاند: هەمووان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عێراقدا هەبێت (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، ئەوروپا، ئەمریکا، چین، روسیا) و وڵاتانی ناوچەکەش، چونکە عیراقێکی ستراتیجی، کار بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش دەکات لەگەڵ هەموواندا.

حکومەتی نوێ هەڵەکان راست دەکاتەوە

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە سیاسەتێکی بێلایەنانەمان گرتەبەر و زۆر راشکاو و شەفاف بووین و دژی ئەم شەڕە بووین، چونکە نە بۆ عیراق و نە بۆ کوردستان باش نەبوو، ئومێدەوارین ئەم ئاگربەستە بەردەوام بێت و ببێتە رێککەوتنێکی هەمیشەیی، چونکە هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ ئەو حکومەتە نوێیەی ئێستا لە عیراق پێکدەهێنرێت، پێمان وایە حکومەتی نوێ دەرفەتی ئەوەی هەیە ئەو هەڵانە ڕاست بکاتەوە کە پێشتر بەرامبەر کوردستان یان هەر پێکهاتەیەکی تر کراون.

روونیشیکردەوە، ئەگەر گروپێک لە ناوخۆی دەوڵەتدا دژی دەوڵەت کار بکات، ئەوا بەرپرسیارێتی دەوڵەتە مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

دەبێت هاوکار بین لەئاڕاستەکردنی وڵات

جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بڕیارێکی ستراتیژیمان داوە کە لە بەغدا بین، سەرۆکی یەکێتیش ئێستا لەوێیە، چونکە بڕیارە چارەنووسسازەکان لەوێ دەدرێن و ناتوانین لە دەرەوەی سیستمەکە بین و گلەیی بکەین کاتێک وڵات بە ئاراستەیەکدا دەڕوات کە بە دڵمان نییە، دەبێت لەوێ بین و هاوکار بین لە ئاراستەکردنی وڵات، هاوکات ساڵانێکی زۆر لە دەرەوە تەماشای بەغدادمان کردووە و پەیوەندییەکانمان تەنها لەسەر بنەمای "بمدەیە و بتدەمێ" بووە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەی  10 بۆ 15 ساڵە ، ئەنجامی نەبووە.

راشیگەیاند: ئێستا لە عیراقدا نەوەیەکی نوێ لە سەرکردایەتی گەنج و نیشتمانی دەرکەوتوون، کە گەشبینمان دەکەن بە داهاتووی وڵات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهان و لەوچوارچێوەیەشدا چاوەڕوان دەکرێت لە حکومەتی داهاتوودا، عیراق بەرەو سەربەخۆیی و هاوسەنگییەکی سیاسیی زیاتر هەنگاو بنێت و نەوەیەکی نوێ لە سەرکردایەتی سەرهەڵدەدات کە بە زمانێکی جیاواز لە نەوەی پێشوو دەدوێن و زۆرێک لەو سەرکردانەی ئێستا لە عیراقدا بڕیاربەدەست و کاریگەرن، گەنجن و تەمەنیان لە دەوروبەری پەنجا ساڵیدایە، سەرەڕای ئەوەشی ئێستا عیراق ڕووبەروی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بووەتەوە، بەڵام من هەمیشە گەشبینم کە دەتوانین تێیان بپەڕێنین.

گرنگی عیراق بۆ ئەمریکا کەم نەبووەتەوە

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ ئەمریکا قوباد تاڵەبانی وتی: گرنگیی عیراق بۆ ئەمریکا کەم نەبووەتەوە، تەنها جۆری پەیوەندییەکە گۆڕاوە بۆ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی دامەزراوەیی و ئاسایی، هاوشێوەی وڵاتانی تر، هاوکات پێشتر پەیوەندییەکان لەڕێگەی نێردەی تایبەتەوە بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی فرەڕەهەندمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، کە بوارەکانی ئابووری، یاسایی و ئەمنی دەگرێتەوە و هەماهەنگیی ئەمنیی و دژەتیرۆر لەگەڵ هاوپەیمانان لە ئاستێکی بەرزدایە، هەروەها بایەخدانی ئەمریکا بە کەرتی ئابووری، نەوت، گاز و کانزاکان لە عیراقدا ڕووی لە زیادبوونە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket