riklam

لێکەوتە ستراتیژییەکانی ململانێی ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران

جیهان 01:28 PM - 2026-05-04
وێنەیەکى کاتى هێرشەکانى جەنگەکە economist

وێنەیەکى کاتى هێرشەکانى جەنگەکە

جیهانى

عوسمان عەبدوڵڵا:
چین بەشدارییەكی راستەوخۆی نییە و لایەنگری هیچ لایەنێك ناكات و نایەوێت راستەوخۆ ببێت بە بەشێك لە جەنگەكە، هەوڵدەدات جەنگەكە بە زوویی كۆتایی پێبێت بۆئەوەی ئاسایشی وزە یان بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی بپارێزێت.

فەرید دڵشاد:
روسیا ناتوانێت لە رووی سەربازییەوە راستەوخۆ هاوكاریی ئێران بكات،  چونکە مۆسكۆ سەرقاڵی شەڕێكی درێژخایەنە لەگەڵ ئۆكرانیا، سامانێكی زۆری بۆ جەنگ دەڕوات و كردنەوەی بەرەیەكی نوێی شەڕ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تێچووی زۆرە.


ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە، تێیدا سێگۆشەی ململانێی نێوان تاران، واشنتۆن و تەلئەبیب چەقی رووداوەکان پێکدەهێنێت.

ئەم ململانێیە، کە لە شەڕی سێبەرەوە گۆڕا بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ، تەنیا کێشەیەکی هەرێمی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا و هەوڵەکانی ئێرانە بۆ سەپاندنی پێگەی خۆی. لەم نێوەندەشدا، دەورگێڕانی نێودەوڵەتی وەک روسیا و چین، نەک تەنیا وەک چاودێر، بەڵکو وەک کارەکتەری کاریگەر بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی هێز لە بەرژەوەندی جەمسەربەندییە نوێیەکان، دەردەکەون.

ئەم راپۆرتە تیشکدەخاتە سەر ئەوەی چۆن ململانێی ئەم سێ لایەنە، بووەتە گۆڕەپانێك بۆ روسیا و چین تا کۆتایی بە سەردەمی "تاک جەمسەریی" ئەمریکا لە ناوچەکەدا بهێنن.

چین بێلایەنە 

عوسمان عەبدوڵڵا مامۆستای زانكۆ وای دەبینێت، چین یەكێكە لەو دەوڵەتانەی بە جەنگی ناوچەكە كاریگەر بوو، چونكە پەکین وەك ناوچەیەكی ستراتیژیی گرنگ تەماشای ناوچەكە دەكات. بەشێكی گەورەی ئاسایشی وزەی چین پەیوەندی بەم ناوچەیەوە هەیە، بۆیە هەر ئاڵۆزییەك لە ناوچەكەدا رووبدات كاریگەری لەسەری هەیە، هەروەها چین خاوەن ستراتیژی تایبەتە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ جەنگ و ئاڵۆزییەكاندا، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدات بێلایەن بێت و نەبێتە لایەنگری هیچ لایەنێكی جەنگەكە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ رایگەیاند : چین بایەخ بە دانوستاندن دەدات بۆئەوەی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئاڵۆزییەكان كۆنتڕۆڵبكرێن و سەقامگیری بە دەستبێت، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی چین لە ناوچەكەدا حساب بۆ كراوە، چونکە سیاسەت و ستراتیژی خۆی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڵۆزییەکاندا.

ئاسایشی وزەی چین 

ئاماژەى بە ئەوەشدا: چین بەردەوام لە رێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە هەوڵیدەدا بۆ پەیوەندیكردن بە لایەنەكانەوە بۆئەوەی بگەن بە رێكکەوتن و تا رادەیەك ئاڵۆزییەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەکین بەشدارییەكی راستەوخۆی نەبوو و لایەنگریی هیچ لایەنێكی نەکرد و نەیەویست راستەوخۆ ببێت بە بەشێك لە جەنگەكە، بەڵکو هەوڵیدەدا جەنگەكە بە زوویی كۆتایی پێبێت بۆئەوەی ئاسایشی وزە، یان بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی بپارێزێت، جەنگەكە بۆ چین هەم دەرفەت بوو و هەمیش ئاڵنگاری، بەهۆی جەنگەكەوە نرخی وزە زۆر بەرزبووەوە و بووە هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشیی وزە و رێڕەوە بازرگانییەكانی، لەهەمانكاتدا رەنگە لاوازبوونی ئێران وەك هاوبەشێكی ستراتیژی، یان ئەگەر ئێرانێكی لایەنگری خۆرئاوا، یان ئەمریكا لەناوچەكەدا بێتەكایەوە، تاڕادەیەك كاریگەریی نەرێنی لەسەر چین هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا جەنگەکە بێ دەرفەت نییە بۆ چین، یەكێك لەو دەرفەتانە بریتییە لە فرەچەشنكردنی ئاسایشی وزەی خۆی، چونكە ناوچەكە ناوچەیەكی شلۆقە، لەبەرئەوە چین بیر لەوە دەكاتەوە ئاسایشی وزەی خۆی بەسەر چەندین ناوەند و جوگرافیای جیاوازدا دابەشبكات.

بە بۆچوونی مامۆستا عوسمان عەبدوڵڵا، چین و روسیا دەتوانن ئەم دۆخە بە دەرفەتێك بزانن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی خۆیان وەك دوو دەوڵەتی كێبڕكێكاری ئەمریكا. دەشڵێت: یەكێكی دیکە لە دەرفەتەكان ئەوەیە هەتا ئەگەر حكومەت و دەسەڵاتی ئێران نەمێنێت، ئەوا بوونی هێزی بازرگانی چۆن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیەتی، بەهەمانشێوە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، لە هەمانکاتدا چین بەجۆرێك تەماشای جەنگەکەی دەكرد کە پەرەنەسێنێت و كاریگەریی لەسەر ئاسایشی وزەی نەبێت، لە بەرامبەریشدا سەركەوتن و ئاشتییەكی گەورە بۆ ئەمریكا بە دەست نەیەت كە پێگەی لە ناوچەكەدا بەهێز بكات. 

روسیا و جەنگەكە

لای خۆیشیەوە، فەرید دڵشاد مامۆستای زانكۆ و رۆژنامەنووس ئەوەى خستەڕوو: هەندێك هۆكار وایانكرد روسیا نەتوانێت لەکاتی جەنگدا راستەوخۆ لە رووی سەربازیییەوە،  هاوكاریی ئێران بكات، مۆسكۆ سەرقاڵی شەڕێكی درێژخایەنە لەگەڵ ئۆكرانیا، سامانێكی زۆری بۆ جەنگ دەڕوات لەبەرئەوە كردنەوەی بەرەیەكی نوێی شەڕ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تێچووییەكی زۆر و مەترسیداری دەبێت. لەڕووی ستراتیژییەوە، بەوپێیەی روسیا لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا سەیری شەڕی ئێرانی دەكرد، بەجۆرێك پرسی ئۆكرانیا و سزاكانی سەر وڵاتەكەی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن تێكەڵ دەكرد، هەربۆیە خۆی لە هەر جۆرە پەرەسەندنێكی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا بە دوور دەگرت، بە تایبەتی كە ئەمریكا هەوڵی نێوەندگیریی شەڕ دەدات لەنێوان روسیا و ئۆكرانیا، هەربۆیە مۆسکۆ پێی باشتر بوو پشتیوانی خۆی بۆ ئێران لە سنووری سیاسی و دیپلۆماسیدا بهێڵێتەوە، جیاواز لەوەش بە وریاییەوە دەیویست پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بپارێزێت.
 

روسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

باسى لەوەشکرد: لەلایەكی دیکەوە هەرچەندە روسیا رێككەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژی ئیمزاكردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2025دا لە بوارەكانی ئابووری، وزە، تەكنۆلۆژیا، سەربازی و ئەمنیدا، بەڵام لە رێكکەوتنەكەدا بڕگەیەك لەخۆناگرێت كە روسیا پابەندبكات بە دابینكردنی بەرگریی سەربازی بۆ ئێران لە ئەگەری هەر هێرشێكدا. هەروەها روسیا لە رووی رۆڵی هەرێمییەوە پاشەكشەی كردووە، ئەوكاتەی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بوو، روسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك كارەكتەرێكی بەهێز كاری دەكرد و ئامادەیی هەبوو، بەڵام هەرەسی رژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانی هاوسەنگی هێز، توانای مۆسكۆ بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوچەییەكان لە رێگەی هێزی سەربازییەوە سنووردار بووە، لە كۆتاییدا هەڵوێستی روسیا لە جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل  دژ بە ئێران بەجۆرێک بوو كە خۆی لە ئیدانەكردنی هێرشەكاندا بۆ سەر ئێران دەبینییەوە و خۆی لە تێوەگلانی سەربازی بە دوور دەگرت، ئەمەش پەیوەستە بە كۆتوبەندەكانی شەڕی ئۆكرانیا و ئاڵۆزییەكانی هاوسەنگیی هێزی مۆسكۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و رەچاوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئەمانە وایانكرد مۆسكۆ بەشێوەیەكی دیپلۆماسی بەڕێوەبردنی قەیرانەكە بە باشتر بزانێت نەك تێكەڵ بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی فراوانتر بێت.


PUKMEDIA  / کوردستانى نوێ /  هیوا كازم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket