riklam

دامەزراندنی سێنتەرەکانی کارسازی جێبەجێ دەکرێت

هەواڵ 10:50 PM - 2024-02-01
کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستا سەرکەوتووەکانی کۆرسی پەرەپێدانی توانای کارسازی زانکۆی (MIT) PUKMEDIA

کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستا سەرکەوتووەکانی کۆرسی پەرەپێدانی توانای کارسازی زانکۆی (MIT)

بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری توانای داهێنان و کارسازی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (MIT) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پرۆژەی دامەزراندنی سێنتەرەکانی کارسازی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە هەنگاوی یەکەمى پرۆژەکەدا ژمارەیەک مامۆستا لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی (MIT) ڕاهێنانیان پێکراوەو ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە لەئەستۆ دەگرن. ئەرکی ئەو سێنتەرانە بریتی دەبێت لە داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان بۆئەوەی ببێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن، هەروەها ئەم سێنتەرانە کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان و فێرکردنی بەردەوام دەربارەی داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی، لەهەمان کاتدا کارئاسانی دەکەن بۆ ڕێکخستنی ئەو چالاکیانەی کە پەیوەندیدارن بە پراکتیزەکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە و دروستکردنی مۆدێلی نوێی کارسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی لە  هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە بە ئامادەبونی تیمی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و نوێنەری کونسوڵگەری گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ڕێکخراوی (IREX) ی ئەمەریکی لە دیوانی وەزارەتی خوێنندنی باڵا کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەو مامۆستایانە ئەنجامدرا کە بەسەرکەوتویی بەشداری کۆرسی پەرەپێدانی توانای کارسازی زانکۆی (MIT)یان کردوە.

لەم کۆبونەوەیەدا باس لە داڕشتنی نەخشەڕێگای چالاکیەکانی سێنتەرەکانی پەرەپێدانی توانای کارسازی کرا، بە تایبەت ذاڕشتنی پرۆگرامی خوێندن بۆ بابەتی (کارسازی) و ئاوێتەکردنی لەگەڵ پرۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشەکانی زانکۆکانی کوردستان.

شایەنی باسە ئەم پرۆژەیە لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەەکانی ئەمەریکا و کونسوڵگەری گشتی ئەم وڵاتە لەهەوڵێر پشتیوانی دەکرێت و بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و ڕێکخراوی (IREX) و زانکۆی (MIT) جێبەجێ دەکرێت.

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە زانکۆی (Massachusetts Institute of Technology) (MIT) لە زانکۆ هەرە ئاست بەرزەکانی جیهانە و لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتی (شانگهای) لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی سێهەمدایە و بڕیارە بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان کار بکات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket