riklam

سێ ئەمیرو 55 تیرۆریستی داعش دەستگیردەکرێن

کوردستان 08:05 PM - 2023-11-17
دەستگیرکراوان PUKMEDIA

دەستگیرکراوان

ئاسایش

بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرادەکەن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکات، سێ ئەمیریش دەستگیردەکرێت و شکست بەمەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لەچەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن .

لەبەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی ئەمنی هەرێم کوردستان زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی  تیرۆریستی لەچەند شارو ناوچەیەکی جیاجیا .

 پاش رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هەریەک لەشارەکانی سلێمانی ، گەرمیان ، هەڵەبجە  ، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژوری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش .

سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و شەونخونی هێزەکانمان پشت بەستوو بە بەڵگە ، زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنستوەکانی تیرۆریستانی داعش دەستکەوت و تەواوی جموجۆڵەکانیان  لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاوێری وردەوەو دواتر ناسنامەی ئەندامانی گروپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران .

 دوای رەزامەندی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە دەیان ئۆپەراسیۆندا پەنجاو پێێنج ( ٥٥ ) تیرۆریست کە ئەندامی  تۆڕو گروپە نەنستووەکانی  داعش  بوون لە کەرکوک ، سلێمانی ، گەرمیان ، هەڵەبجە ، سەیدسادق ، شارەزوور ، پێنجوێن دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن .

تۆڕی یەکەم / گروپی گەرمیان ( کەلار ) زانیاری لەسەر ئەندامانی گروپەکەو کردەوە تاوانکارییەکانیان .

ژمارەیان ١٢   تیرۆریستە فکری توندڕەویی و تیرۆریان لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە ،  پەیوەندیان  لەگەڵ  خانەوادە و  کەسوکاری  چەکداری داعش بەستووە  ، مەرامیان بوو گروپەکانیان فراوانبکەن ، لە ئامادەکاریشدابوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک کە لە رۆژانی   ( ٦ ، ٣١ ی ٨ ) ( ١٢ ، ١٣ ، ١٨ ی ٩ ) ی ٢٠٢٣ لە دوانزە هەڵمەتی جیاجیادا ئەمیرو ئەندامانی گروپەکە دەستگیرکران .

تۆڕی دووهەم / گروپی سلێمانی زانیاری لەسەر ئەندامەکانیان و تاوانکارییەکانیان 

ژمارەیان  ١٧ تیرۆریستە پەیوەندی راستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریان بۆ چەکدارانی داعش کردووە ، لە خۆرێکخستندابوون و لەباخێکدا مەشقی سەربازیان پێکراوەو پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ، لەهەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدابوون بەڵام پێش جێبەجێکردنی مەرامەکانیان لە  ( ٢١ ، ٣١ ی ١٠  ٢٠٢٣ ) لە حەڤدە هەڵمەتی سەرکەتوودا  تیرۆریستانی ئەم گروپەش دەستگیرکران . هاوکات هەر دوو تیرۆریست ( ئ  خ ، ) و ( ک ، ج ) لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی کە کەلەڕێگای مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتی پەیوەندی نێوان گروپەکانیان دەکرد ، دەستگیرکران کە  راستەوخۆ  پەیوەندیان بە گروپی کەرکوکەوە  هەبوو ، پێشتر ئەم دوو تیرۆریستە هەرەتاوانبارە لە خۆکوژەکانی تیرۆریستانی داعش بوون هەروەها هەرلەناو گرتووخانەش دەستگیرا بەسەر مۆبایل و کەلوپەلەکانیان کە بەکاریانهێنابوو .
تیرۆریستی هەرە تاوانبار ( ه  ، م )  ئەمیری گروپی سلێمانی بووە .

تۆڕی سێهەم / گروپی کەرکوک ، سەڵاحەدین ( دوزخورماتوو ) زانیاری لەسەر ئەندامانی شانەنەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان 

ژمارەیان ٧ تیرۆریستە سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردوە  و شوێنیان بۆ  داڵدەدانی شانە نەنستووەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنیی بووە بۆ تیرۆریستان و پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لەکەرکوک ئەنجامبدەن ودوای چاودێریکردنی وردیان و پێش ئەنجامدانی کارەتاوانکارییەکانیان لەلایەن  هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهاوکاری هێزە عیراقییەکان ( دەزگای دژەتیرۆر ، بەشی هەواڵگری دووزخورماتوو ) هێزی تایبەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی  ،  لە حەوت هەڵمەتدا ( ٣، ٨، ١٥ ی ١٠ ی ٢٠٢٣ ) لە کەرکوک و دووزخورماتوو دەستگیرکران .کە تیرۆریستی هەرەتاوانبار و ئەمیری گرپەکە لە کەرکوک  ( ر، م ) لەو هەڵمەتانەدا دەستگیرکرا .

تۆڕی چوارەم / گروپی هەڵەبجە ، پێنجوێن ، سەیدسادق ، شارەزوور زانیاری لەسەر ئەندامانی شانە نەنستووەکانی داعش و تاوانکارییەکانیان 

ژمارەیان ١٣  تیرۆریستە لەخۆڕێکخستندابوون و بەشداری چەند خولێکی مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهینانی چەک کردوەو خۆیان ئامادەکردوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی  تیرۆریستی لە سنورەکەیان پێشتریش ژمارەیەک لە  ئەندامانی ئەم گروپە رۆشتوونەتە ناو  چەکدارانی تیرۆریستی داعش  و رێنیشاندەرو هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش و داڵدەدانیان و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان .

لە  ( ١٧ ، ٣١ ی ١٠ ) و (٧ ی ١١ ) ی ٢٠٢٣ لە هەڵەبجەو ناڵپارێز ( پێنجوێن ) و سەید سادق لە سیانزە هەڵمەتی  پلان بۆ دانراودا دەستگیرکران .

تۆڕی پێنجەم 

٦ تیرۆریست بوون کە پەیوەندی راستەوخۆیان  بە گروپی کەرکوکەوە هەبووە لە ( ١٢ ، ١٤ ی ١٠ ی ٢٠٢٣ ) لە شەش  هەڵمەتدا  لە سلێمانی گیران کە ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە کە مەرامیان بوو بچنە ناو داعش ، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردۆتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش .

کە لەسەرجەم هەڵمەتەکاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچەچەک و مەوادی تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی تەواوی ئەندامانی تاقم و گروپە تیرۆریستییە دەستگیرکراوەکانیش  مەرامیان بوو دوای ئەنجامدانی  کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو چەکدارانی داعشەوە 
لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و هەستیاری کەیسەکە ، بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی هێڵرانەوە .

ئاشکراکردنی ئەم پێنج شانە نەنستووەی  تیرۆریستانی داعش و شکستهێنان بە  مەرامەکانیان و دەستگیرکردنی  ئەندامەکانیان ، بەرئەنجامی زیاتر لە سەدوپەنجا  ( ١٥٠ ) رۆژ کارکردنی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمە کەهەمیشە ئامادەییان هەیە و لەهەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم .

هاوکات دەرخەری ئەو راستییەشە  کە ئاسایش  و سەقامگیری هەرێمی کوردستان ئەولەویەتی کارکردنی هێزەکانمانە ، وەک هەمیشە سوپاسی پێپایانیش ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە  هاوکارمان بوون و لەپشت سەرخستنی کردە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانمانەوەن .

پشتیوان بەخوای گەورە ، بە هاوکاری ئێوەی بەڕێزو دڵسۆز ناهێڵین هیچ پیلانێک ژیان لەخەڵکی خۆشەویستی خۆمان تێکبدات .

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket