riklam

گۆڕان و سۆسیال دیموکرات لەگەڵ یەکێتی هاوڕان

کوردستان 02:51 PM - 2023-07-17
کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان PUKMEDIA

کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هاوڕان لەگەڵ یەکێتی بۆ یەک دەنگی حزبە کوردستانییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیش دەڵێت، "ئەو لایەنانەی سەردانمان کردوون هەمان هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەیە و پێیان باشە حزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بکەن".

یەکدەنگی حزبە کوردستانییەکان ناسنامەی کوردبوونی پارێزگاکان بەدەستدەهێنێتەوە

رزگار حەمە لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ناسنامەی پارێزگاکان دیاریدەکات، ئەگەر حزبە کوردستانییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان یەک دەنگ بن دەتوانن ناسنامەی کوردبوونی پارێزگاکان بەدەستبهێننەوە".

"لایەنە عەرەبەکان سوود لە پەرتەوازەییمان دەبینن، بۆیە یەکێتی دەیەوێت ئەو دەرفەتە بۆ ئەو لایەنانە نەهێڵێت و بەپێچەوانەوە بە یەکبوونی کورد لەو ناوچانە کوردستانییبوونیان بسەلمێنێتەوە"، رزگار حەمە وادەڵێت.

لایەنەکان هاوڕای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی دەشڵێت: "لە سەردانەکانمان بۆلای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، داوامان لێکردوون کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی هەرێم نەکەنە هۆکار بۆ پەرتەوازەبوونی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵکو دەبێت هەموومان کێشەکانی هەرێم لەگەڵ پرسی ناوچە جێناکۆکەکان جیابکەینەوە و هەوڵبدەین لەو ناوچانە یەک دەنگ بین".

راشیگەیاند: "ئەو لایەنانەی سەردانمان کردوون هەمان هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەیە و پێیان باشە حزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بکەن، ئەمەش لەپیناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی کورد لە ناوچەکە".

سۆسیالیست و یەکێتی هاوڕان

حاکم رزگار غەفور کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا رایگەیاند: "هەڵبژاردنی داهاتوو پرسێکی گرنگە و تاکە هەلە کە لەبەردەمماندا هەیە و بتوانین ناسنامەی کوردستانیبوون بدەینەوە بە پارێزگا جێناکۆکەکان، بەتایبەت پاریزگای کەرکوک کە کورد زۆرینەیە لەو شارە".

"لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوڕاین کە حزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بکەین و لیستێکی هاوبەشمان هەبێت تا بتوانین پشتیوانی مافە رەواکانی گەلەکەمان بین، بۆیە بۆچوونمان وایە کاتی ئەوە هاتووە هێزو لایەنە سیاسییەکان واز لە بەرژەوەنییەکانی خۆیان بێنن و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی پێشبخەن"، حاکم رزگار غەفور وادەڵێت.

جەخت لەسەر پێویستی بەشداری هێزە کوردستانییەکان کرایەوە

هەر لەو چوارچێوەیەشدا سالار لالە سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوکات ئەندامی وەفدی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکانی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان, بۆ پاراستنی پێگە و سەنگی کورد لە ناوچەجێناکۆکەکان، و پاراستنی کوردستانی بونیان, لەھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق، ئەمرۆ بە سەرپەرشتی رزگار حاجی حەمە، و بە ئامادەبوونی دکتۆر میران محمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی, سەردانی بزوتنەوەی گۆران و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانمان کرد".

راشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانماندا جەختمان لەسەر پێویستی بەشداری ھێزە کوردستانییەکان بە یەک لیست لە کەرکوک و موسڵ و دیالە و سەڵاحەدین کردەوە، بەخۆشحاڵییەوە هاوڕابوون لەگەڵماندا".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket