riklam

هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەرێوەدەچێت

کوردستان 08:13 PM - 2022-06-16

چالاکوانی بواری ژنان شاناز هیرانی ئەندامی لیژنەی ژنانی دیداری یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی بیر و هۆشیاری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: لیژنەی دیداری یەکێتی سەرجەمیان کۆمەڵێک ژنی بەتوانا بوون و سەردانی هەموو مەڵبەندەکانیان کردووە، وە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنی ئەکادیمی کۆبوونەتەوە، دیارە توندوتیژی بە هەوموو جۆرەکانیەوە یەکێک بوو لەو تەوەرانەی کە لە رێکخستنەکان تەنانەت لە لایەن خودی ژنانی ئەکلادیمی باسی لێوە دەکرا و یەکێک لە خاڵەکان، کە ئێمە لە ڕاپۆرتەکەی خۆما وەکو لیژنەی ژنان جێمان کردووەتەوە بریتی بوو لە تێڕوانینی ژنان لە گرفتەکان و لە ئامانجەکانمان، دواتر لە ڕاسپاردەکانمان رادەستی دیداری یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کراوەو دەبێت پەسەند بکرێت و ببێتە هێڵی گشتی کارکردن.

وتیشی: ئێمە بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و بابەتی گێچەڵ و گێچەڵی سێکسیمان لە ڕاپۆرتەکەدا جێکردۆتەوە، کە بەداخەوە ژنانی یەکێتیش چ لە ناو رێکخستنەکان یان بڵێین لە ناو زانکۆکان بەدەر نین لەو جۆرە توندوتیژییانە لەبەر ئەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگای ئێمە خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەیەکی ترسناک. 

ئەو ئەندامەی لیژنەی ژنانی دیداری یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد کە، توندوتیژی هەر لێدان نییە، بەڵکو وتەی نەشیاو و هەڵسوکەوت ناجۆرو ناپەسەندیش توندوتیژییە و بەداخەوە ئێستا ژن دەسوتێندرێت، بەر چەقۆ دەدرێت، لەسەر جادە و شەقامەکان زۆر بە ئاسانی دەکوژرێت و فڕیدەدرێت وە ئەشزانن تاوانبار کێیە و دەستگیریش ناکرێت، بۆیە ویستمان یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان هەمواربکرێتەوەو تۆکمەتر بێت بۆئەوەی ڕێ لەو توندوتیژیانە بگرێت.

ئەوەشی وت: ئێمە لە لیژنەی ژنان وە لە دیداری یەکێتی زۆر جەختمان کردووەتوە لەسەر مەسەلەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەروەها بیریشمان نەچێت کە ئێستا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشنیاری هەڵمەتێکی نیشتیمانی کردووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانی وە دژی ژنان وە لە هەمواری ئەم یاسایە پێشنیاری زۆر باشی هەبووەو دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو سیاسیانەی کە پشتگیری مافەکانی ژنانی کردووە، بۆیە گرنگیەکی باش درا بە مەسەلەی ژنان لە ناو خودی دیدارەکەدا.

 

هاوکات لەوەڵامی پرسیاری PUKmedia ش لەبارەی زۆربونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەم ماوەی کۆتاییدا شاناز هیرانی وتی: دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو بیرکردنەوە بەرتەسکەی پیاوان هۆکاری سەرەکین و بیریشمان نەچێت کە ڕاگەیاندن و میدیا ڕۆڵیکی خراپ دەگێڕیت لە نیشاندانی هەندێک دیمەن کە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت، بەڵام بەداخەوە گەنجەکانمان پەیڕەوی دەکەن وە تاکی کوردی نەیوتانیەوە مامەڵەیەکی تەندروستانە لەگەڵ ئەو تەکنەلکۆژیایەی سەردەم بکات و زۆرجار لاسایی کردنەوە هۆکاری توندوتیژییە و مامەڵەی خراپی میدیاکارانیش لەگەڵ مەسەلەی ژن بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری توندوتیژییە.

ئەوەشی خستەروو کە، زۆرجار هەیە ژنێک دەکوژرێت میدیا نایەت هەڵمەتێک بکات کە تاوانبار دەسگیربکرێت، بەڵکوو بەداخەوە لەبەر ئەو دابونەریتە سەقەتەی کە ئێمە خۆمان هەمانە دێن ئەکۆڵنەوە بزانن ژنەکە چ خەتایەکی کردووە و لەوەش خراپتر ئەوەیە زۆرجار ئەو کەیسانەی کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە دادەخرێت و ناهێڵن بگاتە دادگاکان و ڕێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر، ئەوانە هەموو هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاتر.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket