riklam

كۆڕی ناساندنی كتێبی گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی بەڕێوەدەچێت

کوردستان 07:37 PM - 2021-12-20

كۆڕی ناساندنی بۆ نوێترین كتێبی (گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی –عیراق بە نموونە) لەساڵۆنی كوردستانی نوێ بەڕێوەچوو،  خاوەنی كتێبەكە باسی لە بنەماكانی دیموكراسی و گۆڕانی رژێمە دیكتاتۆرییەكان كردو هەروەها هۆیەكانی سەقامگیری سیاسی لە عیراق بۆ ئامادەبووان رونكردەوە.
عەمیدی مافپەروەر ساڵح عوسمان خزر بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی نوسەران و  هونەرمەندان  و  بەرپرسانی حكومی و حزبی، لەساڵۆنی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) كۆڕی ناساندنی بۆ نوێترین كتێبی خۆی سازكرد، كە بە ناونیشانی (گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی –عیراق بەنموونە)یە.
بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی، لەسەرەتای كۆڕەكەدا  باسی لەو كتێبانە كرد، كە پێشتر چاپ و بڵاوی كردوونەتەوە و رایگەیاند: پێش ئەم كتێبە دوو كتێبی دیكەم  چاپ و بڵاوكردۆتەوە، كە ئەوانیش (تیرۆری نێودەوڵەتیە)كە لە بنەمادا نامەی ماستەرەكەمەوەو بەكۆمەڵێك دەستكارییەوە لە ساڵی (2019)دا بڵاو كراوەتەوە، پاشان كتێبی (دیپلۆماسی)م لە ساڵی 2020دا چاپ كرد، كە ئەویش بیرۆكەكەی هەر بەهۆی خوێندنەوە بوو، كە كاتی خۆی ئە كاتەی لە كۆلێژی یاسا دەمخوێند راپۆرتێكی كورتم لەسەری حازركردبوو، بەڵام لە كتێبەكەدا زۆر فراوانتر باسی دیپلۆماسی و ئەتەكتێت و پرۆتۆكۆڵ و یاساكانم كردووە،بۆیە كتێبی گۆڕانی دیموكراسی دەبێتە  سێیەمین كتێبم كە ئەمساڵ واتە 2021چاپ و بڵاوم كردۆتەوە.
دەربارەی ناساندنی كتێبە نوێیەكەشی وتی: گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی، لە دوو توێی 242 لاپەڕەدا چاپ كراوە، وەك لە ناونیشانەكەیدا دیارە، باس لە دوو تەوەری سەرەكی دەكات،كە ئەوانیش بریتین لە (گۆڕانی دیموكراسی)لەگەڵ( سەقامگیری سیاسی)، ئەم دوو تەوەرە لە شەش بەشدا بەوردی چەمك و لایەنەكانی ڕوونكراوەتەوە". 
دەربارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەش بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: گۆِرانی دیموكراسی، یان گۆڕان بەرەو دیموكراسی، بە پێناسە گشتیەكەی بریتییە لەگۆڕانی رژێمی دیكتاتۆری یان نادیموكراسی بۆ سیستەمێكی دیموكراسی، هەر كاتێكیش سیستەمێك لەڕیشەوە گۆڕانكاری بەسەردا هات،ئەوا سەرلەبەری  رژێمەكە لەڕووی یاسا و بنەماكانی دەگۆڕدرێت، هەندێكجار دەستوریش لەگەڵیدا دەگۆڕدرێت،ئەم گۆڕانكارییە ریشەییە هەروا بەئاسانی تێپەڕ نابێت، زۆرینەی كات جۆرێك لە ناسەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە ئەویش  ناسەقامگیری سیاسیە، هەركات ناسەقامگیری سیاسی لە وڵاتێكدا سەری هەڵدا،ئەوا ناسەقامگیری ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیشی بەدوا دێت.
زیاتر لەسەر ناوەڕۆكی كتێبەكە دوا و وتی:" بەشی یەكەمم بۆ سەرەتایەك بۆ ناساندنی دیموكراسی لەڕووی چەمك و پێناسەوە تەرخان كردووە،هەروەها لەبەشی دووەمدا پێناسەی گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسیم كردووە، هەروەها ئەو هۆكارانەشی كە دەبنە هۆی گۆڕانی دیموكراسی شەرح كراوە،لەبەشی سێیەمدا باسم لە گۆڕانی دیموكراسی لە عیراق كردووە، هەروەها لەڕووی مێژوویەوە لەمپەرەكانی بەردەم گۆڕانی دیموكراسی لە عیراق شیكراوەتەوە، هەروەها بەو پێیەی پەرلەمان بە یەكێك لە پایەكانی دیموكراسی دادەنرێت و ڕۆڵێكی گرنگ لە چەسپاندنی دیموكراسی دەبێنێت، باسم لەڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چەسپاندنی دیموكراسی و رێزگرتن لە دیموكراسی تەوافوقی كردووە.
بەشی چوارەم كتێبی (گۆڕانی دیموكراسی ) تەواوكەری بەشی سێیەمە، بەڵام لەم بەشەدا زیاتر گرنگی بە سەقامگیری لە عێراق دراوە ،چونكە عێراق ماوەیەكی زۆرە بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت،كە تاوەكو ئێستاش هەر وڵاتێكی ناسەقامگیرە، بەشی پێنجەمی ئەم كتێبە بۆ دیموكراسی تەوافوقی و فیدراڵی تەرخانكراوە، چونكە تەوافوق لە بڕیارەكان و چەسپاندنی سیستمی فیدڕاڵی، باشترین ڕێگای سەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتین، بەڵام بەومەرجەی هەموو لایەنەكان پابەندی دەستور بن و لە فشارەكانی سەر یەكتری دوور بكەونەوە.
بەشی شەشەم و كۆتایی، داهاتووی دەوڵەتی عیراق لە سێ رووەوە باس كراوە، كە بریتین لە  داهاتووی دیموكراسی و سەقامگیری و فیدراڵی، بۆ هەریەكێكیشیان كۆمەڵێك ئەگەر و پێشهات خراوەتەڕوو، بۆ ئەم سیناریۆیانەش كۆمەڵێك ئەگەر و هۆكار لەبەرچاو گیراوە.
لەم بەشەدا باسی ئەوەكراوە، كە دیموكراسی لە داهاتوودا چی بەسەردێت، ئەو لەمپەرانە چین كە دێنە بەردەم گەشەی دیموكراسی، كە زیاتر لەمپەری گەندەڵی و نەزانین و قبوڵ نەكردنی ئەنجامی دەنگدان و خۆسەپاندنی كەسایەتیە سیاسیەكانن، كێشەی ئێستای عیراق لەمامەڵەی لەگەڵ دیموكراسیدا، ئەوەیە كە هێشتا ئەم ووڵاتە بەدەست نەزانی و گەندەڵیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بێگومان كار لە گەشەی دیموكراسی دەكات.
لە كۆتایشدا، بەشداربووانی كۆڕەكە پرسیارو سەرنجەكانیان لەسەر  كتێبەكە ئاڕاستەی نوسەری كتێبەكە كردو وەڵامی پێویستیان درایەوە، هەروەها لەلایەن بەشێك لە ئامادەبوان و هونەرمەندانەوە رێزلێنان و چەپكە گوڵ بە بەڕێوەبەری نشینگە بەخشرا.
PUKmedia گۆران قادر –فۆتۆ: ئەكرەم ئەنوەر

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket