}

په‌یامێك له‌ زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ بۆ خوێندكاران

کوردستان 07:06 PM - 2021-12-06

ئه‌مڕۆ 6-12-2021، ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی راگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی خۆپیشاندانی خوێندكارانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی وێڕای پشتگیری داوا ڕه‌واكانی خوێندكاران، به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌یان بێت، بۆ داواكردن و به‌دواداچوونی سه‌رجه‌م مافه‌ ڕه‌واكانیان، داواش له‌ خوێندكاران ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و  پابه‌ندی ته‌واویان هه‌بێت له‌ پێناو دوانه‌كه‌وتنی ساڵی خوێندن و زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوونی خوێندكاران و هه‌روه‌ها زانكۆش، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:

ئاشكرایه‌ كه‌ خوێندكارانی زانكۆ سلێمانی وه‌ك به‌شێك له‌ خوێندكارانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا  به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران چه‌ندین خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا به‌جۆرێك كه‌ په‌یامه‌كه‌یان گه‌یشته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، وه‌ ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانیش وێڕای پشتگیری داوا ڕه‌واكانیان به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌یان بێت بۆ داواكردن وبه‌دواداچوونی سه‌رجه‌م مافه‌ ڕه‌واكانیان وته‌نانه‌ت ڕێگه‌شنه‌درا له‌ ڕۆژانی ڕابردوو هیچ خوێندكارێكی زانكۆكه‌مان سزا بدرێت له‌به‌رامبه‌ر داواكردنی مافه‌ ڕه‌واكانی.
له‌هه‌مان كاتدا ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی له‌ چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (6-12-2021) هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كۆلێج وبه‌شه‌ناوخۆییه‌كان هه‌نگاوه‌كان به‌رده‌وامن به‌ڵام پێویسته‌ سه‌رجه‌م كۆلێج وبه‌ش ومامۆستایانی زانكۆكه‌مان پابه‌ندبن به‌ وانه‌وتنه‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌كان له‌كاتی دیاریكراو به‌پێی خشته‌ی وانه‌ وتاقیكردنه‌وه‌ی كۆلێجه‌كان وڕۆژمێری ساڵی خوێندنی (2021-2022) وه‌ داواكارین له‌ خوێندكارانی ئازیزی زانكۆكه‌مان پابه‌ندبوونی ته‌واویان هه‌بێت له‌ پێناو دوانه‌كه‌وتنی ساڵی خوێندن و زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوونی خوێندكاران وزانكۆكه‌مان وئاسایی بوونه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌.

ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سلێمانی

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket