riklam

لە ستایشی خراپیدا

بابەتی گۆڕاو 01:32 PM - 2020-10-04
.

.

لە ستایشی خراپیدا
ئەم بنیادەمە غافڵ و کەم چیکڵدانەیە زۆر خراپ لە دنیا حاڵی بووە. کاتێک کە بە باشی لێی ورد ئەبیتەوە ئەبینیت حاشا مین حزور لەگەڵ گوێرەکەو ھاوپیشەکانی تری ناو کەشتییەکەی نوحدا فەرق و تەوافیرێکی ئەوتۆی نییە. ھەمیشە بە دوای لەوەڕی باشدا ئەگەرێ. یەک تۆز ھەوا خۆش بێت بە نێرگەلەو یاپراخەوە خۆی ئەگەیەنێتە کەرتڕێنترین ھەوراز. ئاواتەخوازە ھەموو شەوێ تەلەفزیۆن بنووسێ: بە پەلە؛ سبەینێ مەعاشە. شەکراوخوردنەوە بەدیاردەیەکی شارستانی دەزانێ و حەز ئەکا تەعزێ ئەو تۆزە لافیتەیەشی نەمێنێ. وای پێ باشە ئیشی مەحکەمەی شەرعی ھەر ژن مارەکردن بێ و ھەقی بەسەر تەڵاق و جیابوونەوەوە نەبێ. لە بیرکاریدا بەس زەڕب و کۆکردنەوەی بەلاوە پیاوانەیەو دەڵێت تەقسیم و لێدەرکردن گوناحی کەبیرەن. شۆڕشێکی لەلا مەتلەبە کە ساڵی دوو سێ مفاوەزاتی تێدا بێ. حەزئەکات وڵات وەک ئاشی ئاوکەوتوو بێ قڕەو ڤڕە بێ. شەوو رۆژ دەستەو دوعایە خوای رەبولعالەمین مەحفوزی بکات لەبوومەلەرزە و کۆنگرە و وەرگەڕانی تەنکەرو ڤیدیۆی وێڵ. لایەنگری دەوڵەتی سەربەخۆیە بەو مەرجەی کە مەسرەفەکە ھەر لەسەر بەغدا بێ. وا بزانم ئیتر بەسەو نموونەکانی ترتان بۆ ئەکەم بەسەفەری لە ماڵەوە ھەمووتان لێکی بدەنەوە بزانن کامیان بۆ ئینسان باشە؟ وەزعی خۆش یان بارودۆخی ژەقنەبووتاوی؟!. مەعیدەی ساغ بە پێکی خەست تاقی ئەکرێتەوە یان بە ھەنگوینی شەمەتلێنکە؟!. ئەگەر نەوت نەچێتە ریزی تۆڵەکەوە چۆن دەزانیت حکومەتەکەت ئەو ھەموو ساڵە پیازی پاک کردووە؟!. ئایا ھەتا تووشی جەڵتە نەبیت عاسمان قەناعەتت پێ ئەکات کە بیست دەققە راکردن کۆلیسترۆلی نەفەرێک سەروپێ ناوێنێتەوە؟!. پێش ئەوەی نامەی ئەعمالی مالیکییەکان بخوێنیتەوە قەت قەناعەتت دەکرد زەلام ھەبێ لە نوری سەعید….؟! خوانەخواستە ئەگەر شەڕە دەنووکی بەینی برادەران نەبوایە ئایا کەس باوەڕی ئەکرد تیجارەت و سیاسەت حەرامیشیان لەیەک جیا نییە؟! ئێمە ئێستە ئەو ئەلیرەم مەعلوماتەی ھەمانە لەسەر فایلەکان بەرھەمی خراپبوونی پەیوەندی نێوان حیزبەکانە. تەنیا ھەر لە چاوی ئەم وەزعە بۆگەنەوەیە کە مناڵی سەر بێشکەش تێگەیشتووە بایەخی پەرلەمان بۆ جەستەی دیموکراسی وەکو گونی قۆڕ وایە، ئەیبڕی ھەر وەی نایبڕی وەی وەی جوانێ خوا بتکا بێوەی، ئێمە جووتیاری داماو جەناب عالییشت عەلوەی.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket