riklam

تەنکی سەربان

بابەتی گۆڕاو 12:04 PM - 2020-08-09
.

.

تەنکی سەربان

– چییە کەللەپووت؟! ئاگام لێیە زەردەوسمە ئەتگرێ.
+ ھیچ نییە قوربان، شتێکی عائیلییە.

– جا عائیلەی ھەناسە ساردی ئێستا چی تیایە ببێتە باعیسی زەردەخەنە، ھەمووی ھەر خەم و خەفەت و خەبەری ناخۆشە، یەکێ شعوری ھەبێ چۆ….
+ باشە باش ئوستازگیان، ناماقوڵیم کرد، ئەو زەردەخەنەیەشمان لەخوا ویست، تەواو دڵت ئیسراحەتی کرد؟

– نا.. دڵی من وەختێ ئیسراحەت ئەکات کە راستییم پێ بڵێی، تۆ لە خۆتەوە دڵت خۆش نابێ، ھەڵبەتە لە شوێنێک وەعدی شتێکیان پێ داوی.
+ ھای قوڕ بەسەرم، وەعدی چی؟ مەگەر وەکو کابرا سواری ھالیکۆپتەرەکەی وانێکم لێبکەن.

– مەوزوع مەگۆڕە، راست و رەوان پێم بڵێ بۆچی لەبەر خۆتەوە پێ ئەکەنیت؟
+ بە مسحاف شتێکی عائیلی بوو، نازانم تۆ بۆ باوەڕ بەھیچی من ناکەی؟

– نا، عائیلی نییە، من و تۆ بەس حەڵاڵمان لەیەک جیایە، عائیلی بوایە نەتئەشاردەوە.
+ باشە قوربان، ئەلحوکمولیللا، با لە نوکەوە بۆت بگێڕمەوە.

– لە نووکەوە نا، تاقەت و حەوسەڵەی درێژداڕییم نییە، یەکسەر بچۆرە مەوزوعەوە.
+ بەڵێ باش، خاڵە عەزیزم ماوەیەکە کەس ناناسێتەوەو شتی بیر ئەچێتەوە.

– ئێ ئەوە هی تەمەنەکەیەتی، بەڵام با دکتۆریش بیبینێ، بەشکو دەرمانێ، شرینقەیە، شتێ بۆی ببێ بە شیفا.
+ بردمان بەگم، حەبێکی بۆ نووسی رۆژی دەنکێکی لێ بخوات، کەچی خاڵۆژنم بە غەڵەت رۆژی سێ دەنکی داوەتێ.

– ئۆۆۆوو، جا ئەوە زۆر خەتەرە رۆڵە.
+ نەوەڵڵا بەعەکسەوە گەورەم، نەتیجەی زۆر باشی ھەبوو، ئێستا خاڵۆ عەزیز نەک ھیچی بیرناچێتەوە، سوبحانەڵڵا وای لێهاتووە پێشبینییش ئەکات.

– پێشبینییی؟؟؟
+ ئەرێ وەڵڵا پێشبینیی، ئەو رۆژە ھەموومانی کۆکردەوە وتی ئەم مانگەش بە تەمای مەعاش مەبن.

– ئەشهەدوبیللا موھیمە، باشە تۆ بڵێی تەئسیری حەبەکە بێ کە زۆری لێ خواردووە.
+ ئەی قابیلە لەخۆڕایی وای لێهاتبێ!

– کەواتە باوکەکەی باوکمی بڕۆ دوو پاکەتم لەو حەبە بۆ بکڕە، خزمێکی مەسئولمان ھەیە رابوردووی خۆی بیرچۆتەوە، بیدەینێ بزانین ئیستیفادەی لێ ئەکات.
+ خۆت ھیلاک مەکە قوربان، ئەوانە بە حەبێک و دوان چاک نابن، ئەبێ بە کارتۆن بۆیان بخەیتە تەنکی سەربانەوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket