لەهەرێم رێژەی هەژاری بۆ 5.5%و بێكاری بۆ 9% دابەزیوە
چاوپێکەوتن 05:37 PM - 2019-09-18.
حاڵەتە دەدەن، ئەگەر حكومەتیش هەرێمیش هەست بكات غەدر دەكرێت لە دانیشتووانی كوردی ناوچە دابڕێنراوەكانو لەپێش پڕۆسەی سەرژمێری دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەكرێنەوەو كێشەكان چارەسەر ناكرێن، ئێمەیش لەكاركردن لە لیژنەكەی بەغدا دەوەستین، چونكە ئێمە كارێك ناكەین كە زیانی بۆ نەتەوەی كورد هەبێت.
حكومەتی عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لەمانگی (10)ی ساڵی داهاتوودا پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لەسەرتاسەری عیراقدا بەهەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام بدات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە كە دوو ئەندامی كوردن و یەكێكیان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانییە.
لەچاوپێكەوتنێكدا مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی، وێڕای خستنەڕووی وردەكاریی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لەساڵی 2020، هاوكات نوێترین ئامار لەبارەی رێژەی (بێكاری، هەژاری، قەبارەی خێزان و خەرجی تاكە كەس) لەهەرێمی كوردستان و چەندین داتای دیكەی گرنگ ئاشكرا دەكات.
* ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەعیراق گەیشتۆتە كوێ؟ دەتوانرێت ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت؟
– لەمانگی (3)ی ئەمساڵدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە كە دەبێت لەساڵی 2020دا سەرژمێری لەعیراق بكرێت، هاوكات دەستەی باڵای باری دیمۆگرافیاو دانیشتوانی عیراق كە سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرۆكایەتی دەكات و هەریەك لە وەزیرانی پلاندانانی عیراق و هەرێم و چەند وەزارەتێكی دیكەش ئەندامن تێیدا، سێ كۆبوونەوەی ئەنجامداوەو تێیدا هەرێمی كوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پاڵپشتیكردن لەپڕۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، چونكە ماوەی 33 ساڵە هیچ سەرژمێرییەكی گشتگیری دانیشتووان لەعیراق بەڕێوەنەچووە.
ئێستاش وەزارەتی پلاندانانی عیراق لیژنەیەكی باڵای سەرژمێری پێكهێناوە، كە هەریەك لە سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمو بەندە، نوێنەری حكومەتی هەرێمن لە لیژنەكەو یەكەم كۆبوونەوەمان ئەنجامداوەو بڕیاری ئەوە درا كە دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت، هەرچەندەش لەمانگی (5)ی ئەمساڵەوە ئامادەكارییەكان دەستیپێكردوە، بەڵام هەنگاوەكانی سستن.
هاوكات بڕیاریشدراوە كە سەرژمێرییەكە بە شێوازی ئەلیكترۆنی بكرێت لەڕێگەی بەكارهێنانی (تابلێت)ی تایبەتەوە، بۆیە ئەمە كارێكی نوێیە كە لەعیراق بەو جۆرە بەڕێوەدەچێت، چونكە لەسەرژمێرییەكانی رابردوودا بە كاغەز و قەڵەم داتاكان تۆمار دەكران كە ئەنجامەكەی دوای سێ ساڵ دەردەكەوت و سوودی لێوەرنەدەگیرا، بەڵام لە سەرژمێرییەكەی 2020دا دەتوانرێت دوای مانگێك ئەنجامەكەی دەستبكەوێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی هەریەك لەوڵاتانی (میسر و ئوردن)مان كرد، چونكە ئەوان لەڕێگەی بەكارهێنانی تابلێتەوە سەرژمێرییان ئەنجامداوەو سوودمان لە ئەزموونی هەردوو وڵات وەرگرت.هەرچەندە نزیكەی ساڵێك لەبەردەستە، بەڵام وەكو لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە كە كارەكان تەواو بكەین لەپێناوی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، چونكە خواستێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش هەیە بۆ ئەوەی سەرژمێری لەعیراق و هەرێمی كوردستان بكرێت. لەڕووی هونەرییەوە لەهەر تاكێك زیاتر لە (40) پرسیار دەكرێت و لە ئاستی خێزانیش (23) پرسیار، بڕیارەكەش بەو جۆرەیە كە پڕۆسەكە لە سەعات (8)ی بەیانییەوە بۆ (8)ی ئێوارە بەردەوام بێت، ئەگەر پڕۆسەكەش لە یەك رۆژ ئەنجامبدرێت وەك ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاری لێداوە، ئەوە پێویستمان بە (300) هەزار كادری راهێنراو و (300) هەزار تابلێت دەبێت بۆ ئەو رۆژە، ئەمە جگە لە تێچووەكانی دیكە كە دەبێت پێشوەختە وێنەی ئاسمانیی هەموو شوێنێكی عیراقمان بۆ دابین بكرێت و بكرێت بە نەخشەو لەكاتی (گەمارۆسازیی و ژمارەلێدان) سەردانی هەموو شوێنێك بكرێت. بڕیارە لەمانگی (10)ی 2020 رۆژێك دیاری بكرێت بۆ سەرژمێرییەكە، كە لەو مانگەدا كەشوهەوا گونجاوەو رۆژگار درێژەو دەتوانرێت بگەینە دوورترین شوێن.
* بەچ شێوەیەك ئاوارەكانی عیراق لە پڕۆسەكەدا سەرژمێریی دەكرێن، ئایە ئەمە كێشە نییە؟
– چەند كێشەیەك هەیە لە بەردەم عیراق، ئەویش ناسەقامگیری هەندێك ناوچەو بوونی ئاوارەیەكی زۆرە كە نزیكەی چەند ملیۆن كەسێك تائێستا نەگەڕاونەتەوە ماڵو حاڵی خۆیان و زۆر لەپارێزگاكانی (نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددینو ئەنبار) وێران بوون، ئەمە جگە لەوەی ئەو كێشانەی كە حكومەتی هەرێم هەیەتی لەگەڵ ناوەند لەبارەی ناوچە دابڕێنراوەكانەوە كە بارودۆخێكی تێدا دروست بووە كە لەوانەیە هەرێم لەوە بترسێت نادادپەروەریی لە تۆماركردنی كارەكان دروست بێت، بۆیە دەبێت ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن و خواستی نێودەوڵەتیش هەیە كە دەبێت سەقامگیریی هەبێت بۆ سەرژمێرییەكە.
* بەهۆی دۆخی سیاسییەوە، ژمارەیەك لە دانیشتووانی كوردی كەركوك ئاوارەی شارەكانی هەرێمن، دەبێت بۆ رۆژی سەرژمێری ئەو خێزانانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان؟
– بەڵی، ئەوە خواستی ئێمەیە، لیژنە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداش گرنگی زۆر بەو حاڵەتە دەدەن، ئەگەر حكومەتیش هەرێمیش هەست بكات غەدر دەكرێت لە دانیشتووانی كوردی ناوچە دابڕێنراوەكانو لەپێش پڕۆسەی سەرژمێری دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەكرێنەوەو كێشەكان چارەسەر ناكرێن، ئێمەیش لەكاركردن لە لیژنەكەی بەغدا دەوەستین، چونكە ئێمە كارێك ناكەین كە زیانی بۆ نەتەوەی كورد هەبێت.
* دێینە سەر نوێترین ئامارەكانتان، بەهۆی قەیرانی داراییەوە كە چەند ساڵێكی خایاند، رێژەی بێكاریو هەژاری لەهەرێمی كوردستان بەرزبۆوە، ئێستا رێژەكان لە چ ئاستێكدان؟
– ئێمە وەكو وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم و دەستەی ئامار و ئاماری پارێزگاكان، بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ناوەندی ئاماری عیراق و نەتەوەو یەكگرتووەكان و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەردەوام لە توێژینەوەو ئەنجامدانی رووپێویداین و هەمیشە نیشاندەری ئاماریمان هەیە بۆ فرە بابەت و هەموو بوارەكان، تەنانەت لەكاتی قەیرانی داراییشدا كارەكانمان بەردەوام بووە، بۆ ئەوەی نیشاندەرەكانمان بخەینە بەردەستی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان.
لەبارەی ئامارەكانمان تایبەت بە بێكاریو هەژاری، بەپێویستی دەزانم چەند راستییەكی مێژوویی بخەمەڕوو، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەرێمی كوردستان لەساڵانی سەرەتای نەوەدەكان، رێژەی نەبوونیەكانی تێیدا لە (90 %) بووە، نەبوونی نەك تەنیا لەبواری خوراكدا، بەڵكو نەبوونیی لەبواری (داهات، خەرجی، خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون، جیاوازی نێوان رەگەزەكانی ژنو پیاو، باری كۆمەڵایەتی، ئابووری، خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەباو ئاوەڕۆ..تد)، بەشێوەیەك ئەگەر تەماشای داتاكان بكەین، لەساڵی 1992دا (7 قەزا، 32 ناحیە، 4800 گوند، 1200 خوێندنگە، زیاتر لە 200 نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی، زیاتر لە 30 ملیۆن داری بەری، زیاتر لە 7 ملیۆن سەر مەڕو بزن، 5 هەزار كیلۆمەتر رێگاوبان) لەهەرێمی كوردستان لەلایەن رژێمی رووخاوی بەعسەوە وێرانو تەخت كران، هەروەها زیاتر لە (250) هەزار یەكەی نیشتەجێبوون رووخێنران، ئەوكات لە (60 %)ی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێكاربوون، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای بەربەستەكانی (شەڕی ناوخۆ و گەمارۆی ئابووری توند) دەستی بە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان كرد، بەشێوەیەك ئێستا (32 قەزا)ی شارئاسا لەهەرێم دروستكراون بە تەواوی خزمەتگوزارییەكانەوە، (98 ناحیە) دروستكراون، لەپارێزگای سلێمانی لە بری ئەو پێنج قەزایەی كە تەخت و وێران كرابوون ئێستا (16) قەزا هەیە، لەبری ئەو (24) ناحیەی تەخت كرابوون، ئێستا (45) ناحیەمان هەیە، لەبری (2576) گوندی وێرانكراو، ئێستا (2248) گوندی ئاوەدان هەیە، لە بری ئەو (310) خوێندنگەیەی رووخێنرابوون، ئێستا (2238) خوێندنگە دروستكراون، لە بری ئەو (117) نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستییەی روخێنرابوون، ئێستا (605) نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی لەپارێزگای سلێمانیدا هەیە، لە تەواوی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمیش ئاوەدانكردنەوەكان بەو شێوەیە گەشەی سەندوە.
ئەگەر بێینە سەر ئامارە نوێیەكان، لەساڵی 2013دا، رێژەی بێكاری لەهەرێمی كوردستان بریتی بوو لە (6,5 %)، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو رێژەیە گەیشتە لە (14 %)، پێشتر رێژەی نەبوونییەكان لە (90 %) بوو، لەساڵی 2013دا ئەو رێژەیە بۆ لە (3 %) دابەزی، واتا لە (3 %)ی دانیشتووانی هەرێم لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، بەڵام لەساڵی 2016 رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان بۆ لە (16 %) بەرزبۆوە، بەڵام بۆ ساڵانی (2017 – 2018) گەشە لەئابووریی هەرێم هەبوو و بەرە بەرە هەنگاوەكان بەرەو باشترن، بۆیە بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2018، رێژەی هەژاری بۆ لە (5,5 %) و رێژەی بێكاریش بۆ لە (9 %) لەهەرێمی كوردستان دابەزیوە.
* رێژەی خەرجی تاك و خێزان لە پارێزگاكانی هەرێم چەندە؟
– تێكڕای خەرجی تاك بۆ یەك مانگ لەساڵی 2018 لەهەرێمی كوردستان (239) هەزار دینارە، لەكاتێكدا لەعیراق (212) هەزارو 600 دینارە، لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش زۆرترین خەرجی لەپارێزگای سلێمانی بووە بەبڕی (234) هەزار دینار، كەمترین خەرجیش لەپارێزگای دهۆك بووە بەبڕی (199) هەزار دینار، لەپارێزگای هەولێریش (211) هەزار دینار بووە. هاوكات تێكڕای خەرجی خێزان بۆ یەك مانگ لەساڵی 2018 لەهەرێمی كوردستان ملیۆنێكو 293 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لەعیراق ملیۆنێكو 276 هەزار دینارە، لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمیش، پارێزگای دهۆك زۆرترین خەرجی هەیە بەبڕی ملیۆنێكو 377 هەزار دینار و كەمترین خەرجیش لەپارێزگای هەولێرە بەبڕی ملیۆنێكو 118 هەزار دینار و لەپارێزگای سلێمانیش بریتییە لە ملیۆنێكو 123 هەزار دینار.
* هیچ ئامارێك لەبەردەستە لەبارەی دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم؟
– بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2018، رێژەی كۆكردنەوە یان هەڵگرتنی خۆڵو خاشاك لەهەرێمی كوردستان بەشێوەی رۆژانە لە (50,1 %)ەو هەفتانە دوو جار و زیاتر لە (32,4 %)ە، تەنیا جارێك لە هەفتەدا بریتییە لە (2,6 %) و هەفتەی جارێك زیاتر لە (14,7 %)، هاوكات لەهەرێمی كوردستان رێژەی ئەو خێزانانەی كە غاز بەكاردەهێنن بۆ ئامادەكردنی چێشت لە (98,9 %)ەو لەعیراقیش (98 %)ە. هاوكات تێكڕای ژمارەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا لەتۆڕی گشتی لەهەرێمی كوردستان بریتییە لە (11) سەعات لەهەر رۆژێكداو لەعیراقیش (17) سەعاتە لەڕۆژێكدا، بەڵام تێكڕای ژمارەی پێدانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان بۆ مۆلیدەی هاوبەشی گەڕەك (12) سەعاتە لەهەر رۆژێكداو لەعیراق (6) سەعاتە.
لەهەرێمی كوردستان بەڕێژەی (90,6 %)ی لە یەكە نیشتەجێبووەكان بەستراونەتەوە بە تۆڕی گشتی ئاو، بەڵام لەعیراق رێژەكە لە (92 %)ە. هاوكات لەهەرێمی كوردستان بەڕێژەی (72,6 %) لە خێزانەكان بۆ ئاوی دابینكراو لەتۆڕی گشتی بۆ ماڵان بەشیان دەكاتو بەڕێژەی (25,5 %) لەخێزانەكانیش ئاو دەكڕن، بەڵام لەعیراق رێژەی ئاوی دابینكراو لەتۆڕی گشتی كە بەشیان دەكات بریتییە لە (69 %).
* چی دەربارەی نیشتەجێبوونو رێژەی كرێنشینان لەهەرێم؟
– بەپێی ئامارەكانمان لە ساڵی 2018، رێژەی خاوەندارێتی یەكەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی كوردستان (73,3 %)ەو لەعیراقیش رێژەكە بریتییە لە (72 %)، هاوكات رێژەی ئەو خێزانانەی كە كرێچین لەهەرێمی كوردستان (26,5 %)ەو لەعیراقیش رێژەكە (22 %)ە.
* رێژەی خوێندەواری لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
– بەپێی ئەنجامەكان، لەساڵی 2018، رێژەی خوێندەواری لەهەرێمی كوردستان بریتی بووە لە (78 %) و جیاوازییەكی بەرچاو بەدیناكرێت لەنێوان پارێزگاكانی هەرێمدا، بەشێوەیەك رێژەكە لەپارێزگای هەولێر لە (79,2 %)، لەسلێمانی لە (77,8 %)، لەدهۆكیش لە (76,8 %)ە، لەعیراق رێژەی خوێندەواری دەگاتە لە (87 %). هاوكات رێژەی تێكڕای سافی پەیوەندیكردنی قوتابیان لەهەرێمی كوردستان بە قۆناغی سەرەتایی بریتییە لە (95,53 %) و قۆناغی ناوەندی لە (92 %) و بۆ قۆناغی ئامادەییش بریتییە لە (86,6 %)، بەڵام رێژەكان لەعیراق بەم شێوەیەیە، لەقۆناغی سەرەتایی (92,5 %)، بۆ قۆناغی ناوەندی (56,8 %)و لەقۆناغی ئامادەییش (29,6 %).
كۆمەڵە داتایەكی گرنگ كە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لەساڵی 2018 بەدەستیخستووە
* رێژەی لە (59,9%)ی خێزانەكان لەهەرێمی كوردستان خاوەنی ئۆتۆمبێلنو لەعیراق رێژەكە لە (41,7%)ە.
* لەهەرێمی كوردستان خێزانەكان بەڕێژەی لە (26,5%) خاوەنی كۆمپیوتەرن، لەكاتێكدا رێژەكە لەعیراق زۆر كەمترە كە دەكاتە (15,9%).
* رێژەی (89,7%)ی خێزانەكان لەهەرێمی كوردستان خاوەنی مۆبایلی زیرەكن، بەڵام ئەو رێژەیە لەعیراق بریتییە لە (79,6%).
* خاوەندارێتی تابلێت لەهەرێمی كوردستان رێژەكەی لە (26,5%)ە، بەڵام لەعیراق ئەم رێژەیە لە (10,9%)ە.
* رێژەی (21,3%)ی خێزانەكان لەهەرێمی كوردستان مووچەی خانەنشینیان هەیە، لەعیراقیش رێژەكە لە (25,4%)ە.
* رێژەی (91,9%)ی خێزانەكان لەهەرێمی كوردستان بەشە خۆراك وەردەگرن، لەكاتێكدا رێژەكە لەعیراق دەگاتە لە (95%).
* رێژەی وەرگرتنی یارمەتییە نەختینەییەكان لەلایەن خێزانەكان لەهەرێمی كوردستان لە (95,6%)ە، لەكاتێكدا لەعیراق لە (7,5%)ە.
* رێژەی رەگەز لەهەرێمی كوردستان بریتییە لە (100,7%) لە بەرژەوەندی رەگەزی نێر و ئەو رێژەیەش لەعیراق دەگاتە لە (102,4%) لە بەرژەوەندی رەگەزی نێر.
* تێكڕای قەبارەی خێزان لەهەرێمی كوردستان بریتییە لە (5,4%) و لەعیراق لە (6%)ە.
PUkmedia لەكوردستانی نوێوە وەرگیراوە
هەواڵی زیاتر
-
کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی کاری کۆمەڵایەتی سازدەکرێت
10:46 AM - 2024-04-28 -
باڵیۆزی یهكێتیی ئهوروپا: زیاتر هاوکاری عیراق و هەرێم دەبین
04:34 PM - 2024-04-27 -
هێرشە درۆنیەكەی كۆرمۆر كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێدەكەوێتەوە
10:11 AM - 2024-04-27 -
قوباد تاڵەبانی بۆ خوێندکاران: بەسیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام درێژە بەخەبات بدەن
07:59 PM - 2024-04-26
ئەمانەش ببینە
د.نەرمین مەعروف: لەم هەفتەیەدا مووچەی هەرێم دەنێردرێت
10:17 AM - 2024-04-28
٧١ هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
09:10 AM - 2024-04-28
یەمەن ناوی کوژراو و بریندارەکانی کێڵگەی کۆرمۆر ئاشکرا دەکات
06:17 PM - 2024-04-27
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات: پەلامارەكەی كۆرمۆر تیرۆریستی و پێشێلكاری نێودەوڵەتییە
05:44 PM - 2024-04-27
زۆرترین خوێنراو
-
قوباد تاڵەبانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی هۆزی جاف دەکات
پرسەنامە 08:52 PM - 2024-04-28 -
لوقمان وەردی: یەكێتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن دا نییە
کوردستان 03:06 PM - 2024-04-28 -
کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی کاری کۆمەڵایەتی سازدەکرێت
کوردستان 10:46 AM - 2024-04-28 -
د.نەرمین مەعروف: لەم هەفتەیەدا مووچەی هەرێم دەنێردرێت
کوردستان 10:17 AM - 2024-04-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی کامەران حەمە حەمەسەعید
پرسەنامە 10:01 AM - 2024-04-28 -
٧١ هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:10 AM - 2024-04-28