قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه و به‌هێزتربوون ده‌ڕوات
ی.ن.ک 01:59 PM - 2018-10-28.
قوباد تاڵه‌بانی له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره:
*یه‌كێتی پێیوایه ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌شدا هاوئاهه‌نگ بێت بۆ خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له هه‌رێم و له به‌غداش
له دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی «دیداری رۆژ- لقا‌ء الیوم»ی كه‌ناڵی جه‌زیره‌دا، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له هه‌ڵبژاردنی 30/9/2018 رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گه‌رمی رۆژی تایبه‌ت به دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی و ههرێمو عیراق‌و ناوچه‌كه‌و مه‌سه‌له‌ی چاكسازیی له ئه‌دای كارگێڕیی له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و كاركردن بۆ هه‌ڵساندنه‌وه‌ی یه‌كێتی و جه‌ختیش له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی دۆخی ناته‌باییه‌كانی رابردووی ناو یه‌كێتی و ئاماده‌كاریی بۆ به‌ستنی كۆنگره ده‌كاته‌وه.
*سڵاوتان لێبێت بینه‌رانی خۆشه‌ویست له ئه‌ڵقه‌یه‌كی نوێی به‌رنامه‌ی «دیداری رۆژ»ی كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره، له‌م به‌رنامه‌یه‌دا میوانداریی له به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین، كه جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌و سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه رۆژی 30/9/2018 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ناوی ئێوه‌شه‌وه به‌خێرهاتنی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین.
-زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته.
*كاك قوباد یه‌كه‌مین پرسیارمان ئه‌وه‌یه كه جه‌نابت خاوه‌نی زۆرترین له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌دا، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بوویت، دۆخی هه‌نووكه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
-یه‌كێتی له به‌هێزبووندایه، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش ئه‌وه سه‌لمێندرا كه یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌ی به‌خۆیدا چووه‌ته‌وه‌و هه‌وڵیداوه یهكڕیزترو یه‌كده‌نگ تر بێت، به‌هێزێكی زیاتره‌وه هاتووه‌ته‌وه ناو جه‌ماوه‌ر و ناو گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان. شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌بوو بۆ من كه سهرۆكۆكایهتی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌م له‌م هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌مه هه‌نگاوێكه به‌ره‌و به‌هێزتركردنی یه‌كێتی، تاكو بتوانێت باشتر خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكات و بتوانین ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه له‌كاتی بانگه‌شه به هاووڵاتیانمان داوه، ده‌سته‌به‌ریان بكه‌ین، ئارامی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، حكومه‌تی داهاتوو به‌هێزتر بكه‌ین، خزمه‌تێكی باشتریش پێشكه‌ش به خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین.
*زۆر كه‌س و لایه‌ن هه‌بوون وا بیریان ده‌كرده‌وه كه پاش جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كێتی و پاش ئه‌وه‌ش جیابوونه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی كه جه‌نابی د. به‌رهه‌م ساڵح بۆماوه‌یه‌ك و ناكۆكییه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی و دواكه‌وتنی به‌ستنی كۆنگره، ئیتر یه‌كێتی ئه‌و حزبه گه‌وره‌و دێرینه به‌ره‌و هه‌ره‌سهێنان ده‌ڕوات رۆژبه‌ڕۆژ، جه‌نابیشتان ئه‌و بیروبۆچوونهتان هه‌بوو له‌پێش ئێستا؟
-نه‌خێر، چونكه كوردستان هه‌ر 10 ساڵ جارێك به قۆناغێكدا ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، قۆناغی له‌دایكبوون و به‌فه‌رمی كردنی ئۆپۆزسیۆن بوو، ئێستا قۆناغێكی نوێیه، قۆناغی سیاسه‌ت له كوردستان و هه‌ڵسانه‌وه‌و به‌هێزتربوونه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه. یه‌كێتی حزبێكی زیندووه، راسته له 10 ساڵی رابردوو زۆر كێشه‌ی تێپه‌ڕاندووه، به‌كێشه‌ی به‌هێزبوونی ئۆپۆزسیۆن یان به‌كێشه‌ی نه‌خۆشكه‌وتن و دواتر كۆچی دوایی رابه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، ئه‌مانه هه‌موو كێشه‌ی گه‌وره‌بوون كه كاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پێگه‌و كاریگه‌ریی یه‌كێتی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان و عیراقیش، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی توانیوێتی خۆی بگرێته‌وه‌و خۆی كۆبكاته‌وه، یهكدهنگترو یهكڕهنگتربێت له جاران، بۆیه پێموایه یه‌كێتی وه‌ك حزبێكی زیندوو توانیوێتی دان به هه‌ڵه‌كانی رابردووی خۆیدا بنێت، ئه‌وه‌ی پێویست بووه ئاشتی بكاته‌وه، ئاشتی كردووه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه ئێستا ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه چۆن بتوانێت براگهورهیهكی دادپه‌روه‌ر بێت له‌ناو سیاسه‌تی كوردستان و به‌رده‌وام بێت له سیاسه‌تی باش بۆ خه‌ڵكی كوردستان و به‌ڵام كاریگه‌ریی خۆشی هه‌بێت له‌سه‌ر سیاسه‌تی عیراق و راستكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی و ئابووریی كوردستان و عیراقیش.
*گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ هێزی دووه‌م كه تائێستا وادیارهو زیادكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه بتوانین بڵێین یه‌كێتی توانیی قورسترین و ئاڵۆزترین دۆخی ناوخۆیی خۆی تێپه‌ڕێنێت و پێی ناوه‌ته قۆناغێكی تر؟
-وه‌كو یه‌كێتی قۆناغی زۆر سه‌ختمان تێپه‌ڕاندووه، وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، كێشه‌ی ناوخۆیی خۆمان هه‌بووه، كێشه‌ی جیابوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانمان هه‌بووه وه‌ك جه‌نابت ئاماژه‌ت پێكردو كێشه هه‌ره گهورهكهشمان ئه‌وه‌بوو رابهرهكهمان نه‌خۆشكه‌وت و بۆ پێنج ساڵ له ژینگه‌ی سیاسی و دواتر ساڵی پار كۆچی دوایی كرد، ئه‌مانه یه‌ك له‌دوای یه‌ك تاسانی گه‌وره‌بوون كه له یه‌كێتیان دا، ئێمه ئومێدهوراین كه ئه‌و قۆناغه ناخۆشانهمان تێپه‌ڕاندووه، كێشه ماوه ده‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه ده‌موچاوی نوێ هاتوونه‌ته پێشه‌وه له‌ناو حزب، خوێنی نوێ هاتوونه‌ته پێشه‌وه له‌ناو حزب و كاریگه‌ریشیان هه‌یه، له‌سه‌ر سیاسه‌تی یه‌كێتی، چ له كوردستان و چ له سه‌ر ئاستی عیراقیشدا، كه ئه‌مه هه‌موو ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌رن كه ئاراسته‌ی یه‌كێتی به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه‌و به‌هێزتربوون ده‌ڕوات و پێموایه ئه‌مه‌ش ته‌ندروسته بۆ كوردستان و عیراقیش.
*ئایا ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت له‌دوای ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه ئه‌رێنییه‌ی به‌ڕێزتان بۆ دۆخی یه‌كێتی، ئێستا یه‌كێتی نزیك بووه‌ته‌وه له به‌ستنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی كه زۆرجار به هۆكاری جیاجیا دواده‌خرا؟
-یه‌كێتی ده‌بێت كۆنگره ببه‌ستێت و دهشیبهستێت، ئێمه دوو قۆناغی قورسمان تێپه‌ڕاند، كه یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنی مانگی پێنج بوو، كه ده‌ره‌نجامێكی باشمان ده‌سته‌به‌ر كرد كه ئه‌وه‌یان بۆ په‌رله‌مانی عیراق بوو، ئه‌وه‌ی تریشیان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بوو كه تازه تێپه‌ڕیووه، كه ئه‌مانه دوو قۆناغی سه‌خت بوون، كه ئێستا ئه‌م دوو قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاندووه، پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تمان هه‌یه له عیراق، هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تمان هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، بێگومان قۆناغی گرنگی دواتر به‌ستنی كۆنگره‌یه، چونكه ئێمه ده‌توانین له كۆنگره ئه‌وه بچه‌سپێنین كه ئه‌و ده‌موچاوه نوێیانه‌ی كه هاتوونه‌ته ناو كایه‌ی سیاسی، ئه‌و چه‌پكه گوڵه‌ی كه هه‌ڤاڵ مام جه‌لال هه‌میشه ئاماژه‌ی پێ ده‌دا، كه یه‌كێتی وه‌كو چه‌پكه گوڵه‌كه بێت و نوێنه‌رایه‌تیی ته‌واوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكات، ده‌بێت به‌كرده‌وه ده‌سته‌به‌ری بكه‌ین، ئه‌وه‌ش به كۆنگره ده‌بێت، نه‌ك بۆئه‌وه‌ی پاكتاوی حسابات بكرێت، یان ئه‌م كه‌سه لاببرێت بۆئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه بێته پێشه‌وه، یه‌كێتی پێویستی به نوێبوونه‌وه‌یه، نه‌ك ته‌نها له ده‌موچاو، به‌ڵكو لهسیاسهتو ههیكهلهو شێوازی كاركردن، چونكه ئه‌م سه‌رده‌مه پێویسی به حزبایه‌تییه به جۆرێكی نوێ، ئه‌و كێشانه‌ی كه ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی كوردستان بوونه‌ته‌وه، جیاوازن له‌و كێشانه‌ی كه 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رووبه‌ڕووی كوردستان ببوونه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كێشانه‌ی كه به‌رله 10 ساڵ له‌عیراقدا هه‌بوون، جیاوازه له‌وه‌ی ئێستا رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه. بۆیه ئێمه وه‌كو یه‌كێتی و وه‌كو حزبێكی سه‌رده‌مییانه‌و وه‌كو حزبێك كه هه‌میشه به‌خۆیدا چووه‌ته‌وه، پێویسته له كۆنگره‌یه‌كدا به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و به‌شێوازێكی نوێ و مۆدێلێكی نوێ‌و به دهموچاوو كه‌ره‌سته‌یه‌كی نوێوه بێته ناو سیاسه‌ته‌وه و به‌رده‌وام بێت له خه‌بات و خزمه‌ته‌كه‌ی.
*له‌پاش سه‌ركه‌وتنی به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح بۆ سه‌رۆك كۆماری له به‌غدا، قسه‌یه‌ك هه‌بوو كه گوایه سه‌نگی یه‌كێتی له به‌غدا قورستره له سه‌نگی پارتی له به‌غدا، له هه‌رێمی كوردستان سه‌نگی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتره له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڕێزیشت هه‌ر به‌و جۆره ته‌ماشای دۆخه‌كه ده‌كه‌یت؟
-دنیا ره‌ش و سپی نییه، و بارودۆخ دهگۆڕدرێتو بگره رۆژ به‌ڕۆژ ده‌گۆڕدرێت، یه‌كێتی و پارتی دوو هێزی كاریگه‌رن له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان‌و عیراق، كه ئه‌مجاره یه‌كێتی توانی كاندیدی خۆی بچه‌سپێنێت له پۆستی سه‌رۆك كۆمار، مانای ئه‌وه نییه كه سبه‌ی چی بوێت ده‌توانێت له به‌غدادا جێبه‌جێی بكات، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌وه بزانین كه ئه‌م دوو هێزه كاریگه‌ره هه‌موو شتێكیان تاقیكرده‌وه له رابردوودا، ئه‌وه‌ی كه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، پێكه‌وه كاركردنه، ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت ئه‌مڕۆ ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین بۆ ئه‌مڕۆو بۆ ئایندهی كوردستان و عیراقیش، هاوئاهه‌نگی و پێكه‌وه كاركردنه له نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كه دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانن له‌عیراقدا.
*هه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی به‌رهه‌م ساڵح، نه‌ده‌كرا یه‌كێتی به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتیدا كاندیدی بكردایه بۆ سه‌رۆك كۆمار هه‌روه‌ك جارانی پێش ئێستا، بۆ نموونه د. فوئاد مه‌عسوم، خوالێخۆشبوو به‌ڕێز مام جه‌لال؟ چی گۆڕدرا كه ئه‌و ئاوئاههنگییه نه‌ما وا یه‌كێتی یه‌كلایه‌نه به‌رهه‌م ساڵحی كاندیدكرد بۆ ئه‌و به‌غدا؟
-بێگومان هه‌موومان حه‌زده‌كه‌ین كه هه‌نگاوه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان به لێكتێگه‌یشتن و رێكه‌وتن و هاوئاهه‌نگی ببێت، كه ئه‌مجاره نه‌بووه، بێگومان ره‌نگه لایه‌نێك پێی ناخۆش بێت، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه كه ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی نێوان ئه‌م دوو هێزه سه‌ره‌كییه به‌ره‌و ئاڵۆزیی بچێت، ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌مڕۆی كوردستان كه پێویستی پێیه‌تی، ئارامییه، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی نێوان ی.ن.ك و پ.د.ك- و هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌شه، چ بۆ پاراستی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان و چ بۆ گه‌شه‌پێدانیان، چ بۆ پاراستن و داواكردنی ماف و داواكارییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له عیراق و بۆ به‌ره‌و دیموكراتی بردن و به‌ره‌وپێشبردنی عیراقیش ئه‌م دوو هێزه وه‌كو دوو هێزی سه‌ره‌كی به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌شدا پێویسته یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵویست بن و پێكه‌وه كاربكه‌ن.
*پاش ده‌رچوونی به‌رهه‌م ساڵح و ده‌رنه‌چوونی د فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆك كۆمار، پارتی كه‌مێك تووڕه دیاره، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ری هه‌یه تۆڵه‌ی خۆی له یه‌كێتی بكاته‌وه له دروستكردن و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌نابیشتان وای ده‌بینن؟
-من نازانم، ئه‌وه ده‌بێت له براده‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستان بپرسیت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه سه‌لمێنراوه له 20 ساڵی رابردوودا، ئه‌وه‌یه كه راستییه‌ك هه‌یه له كوردستان كه ئه‌م كوردستانه بۆئه‌وه‌ی باش به‌ڕێوه‌ببرێت، بۆئه‌وه‌ی باشتر خزمه‌ت به خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت، پێویستی به هاوئاهه‌نگی و پێكه‌وه‌كاركردنی ئه‌م دوو زلهێزه‌یه كه له‌ناوچه‌كه‌دان، كه یه‌كێتی و پارتین، له‌باره‌ی تۆڵه‌وه ئه‌وه دیسانه‌وه ده‌ڵێم له‌براده‌رانی پارتی بپرسه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌وه‌یه حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا پێكده‌هێنرێت وه‌كو دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه، ره‌نگه پێكهاته‌كه‌ی جیاوازبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌م كابینه‌یه‌ی كه ئێستا خه‌ریكه ته‌مه‌نه‌كه‌ی كۆتایی دێت، كه حكومه‌تێكی بنكه فراوان بوو، حكومه‌تێك بوو كه پێنج حزب به‌شدارییان كرد له پێكهێنانیدا، بۆیه پێموایه ئه‌وه‌نده حزب به‌شدارنه‌بێت له پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوودا، به‌ڵام دڵنیام و پێموایه كه هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌ناخه‌وه دڵنیان كه دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی حكومه‌تی داهاتوو و كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم پارتی و یه‌كێتی ده‌بن.
*به‌جۆرێك له جۆره‌كان دانوستاندنێك له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی ده‌ستیپێكردووه له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌و حكومه‌ته؟ یان هێشتا زووه به‌و پێیه‌ی ئه‌نجامه‌كان به‌فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراون،»تاكاتی چاوپێكه‌وتنه‌كه رانه‌گه‌یه‌ندرابوو- كوردستانی نوێ»، ئاخۆ نیمچه دانوستاندنێكی نا فه‌رمی له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی ده‌ستپێكردووه؟
-یه‌كێتی و پارتی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده كۆنه، هه‌ر له‌دووره‌وه له‌یه‌كتریی تێده‌گه‌ین، پێشموایه ئه‌و پرۆسه‌یه زۆر ئاڵۆز نییه، قسه هه‌یه، گفتۆگۆ هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وام بوون، سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزیی و ئه‌گه‌ر گرژییه‌كیش كه‌وتبێته ناو په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه، پێموایه ستراتیژی هه‌ردوو حزبه‌كه ئه‌وه‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تێكی نه‌ده‌ین له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، چونكه ئه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا نییه‌و یه‌كێتی پێویستی بهپارتییهو پارتیش پێویستی به یه‌كێتییه، كوردستانیش پێویستیان به یه‌كێتی و پارتییه، یه‌كێتی و پارتیش پێویستیان به لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌یه، بۆئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین وه‌كو چه‌پكه گوڵێك ئه‌م كوردستانه به‌ڕێوه ببه‌ین. تا بتوانین له به‌غدا كاریگه‌ریی خۆمانمان هه‌بێت و بتوانین كاریگه‌ریمان نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و مافانه هه‌بێت كه هی كوردستانن به‌پێی ده‌ستووری عیراق، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت ده‌ستوروی عیراق جێبه‌جێ بكرێت له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوی گه‌لانی عیراق.
له‌م دواییانه‌دا سه‌ید موقته‌دا تویتێكی بڵاوكرده‌وه كه وه‌كو وتبووی پێشوازیی له كوردان ده‌كات كه به‌شێكی كاریگه‌ربن له عیراقدا و هیوای خواست كه خه‌ڵكی نوێ و دوور له گه‌نده‌ڵی بنێرن بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان له عیراقدا، بۆیه ئێمه‌ش سڵاومان هه‌یه بۆی هه‌مان هه‌ڵوێستمان هه‌یه له خوشك و برایانمان له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی عیراقدا، تا ئێمه پێكه‌وه بتوانین ئه‌و عیراقه نوێیه بنیات بنێین، كه عیراقێكی دیموكراتی و فیدرالی بێت، عیراقێك بێت كه مافی هه‌موو به‌شه‌كانی تێدا پارێزراوبێت، تا وڵاتێك بێت خزمه‌ت به ته‌واوی پێكهاته‌كانی بكات، پێشموایه ده‌بینن رۆڵی یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌كانی تر له كوردستان و له عیراقدا رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بێت.
*واتا به‌ڕێزتان به‌دووری ده‌بینن كه پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له حزبه‌كانی دیكه‌دا كه چه‌ند كورسییه‌كیان هێناوه حكومه‌ت دابمه‌زرێنن و یه‌كێتی به‌شدارنه‌بێت تێیدا؟
-پێموایه هێزو رۆڵی یه‌كێتی ناتوانرێت ته‌نها به ژماره‌ی كورسییه‌كه‌ی بژمێریت، یه‌كێتی حزبێكه مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ریی هه‌یه، حزبێكه كه كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه له‌ناوچه‌كه، له عیراق و له‌هه‌رێمی كوردستان، بۆیه زۆر به قورسی ده‌بینم حكومه‌تێك پێكبێت به‌بێ یه‌كێتی، مه‌گه‌ر یه‌كێتی خۆی حه‌زنه‌كات به‌شداربێت له پرۆسه‌ی حوكمڕانی، كه ئه‌وه‌ش وای ده‌بینم ئه‌گه‌رێكی زۆر دووربێت.
*وه‌ك هه‌موو خه‌ڵك باس ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆرباش له‌نێوان جه‌نابتان و كاك نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌یه، وابزانم ئه‌و په‌یوه‌ندییه فاكته‌رێكی گرنگ بوو بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر‌و به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندیی و پارتی و یه‌كێتی و سه‌قامگیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پاش ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو، كه زۆركه‌س هه‌بوون وایانزانی كه ته‌واو هه‌موو شتێك له‌ده‌ستچوو، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی جه‌نابت و كاك نێچیرڤان بارزانی به‌رده‌وام بوو و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئێستا دۆخه‌كه گۆڕدراوه، به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، به‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه شه‌ڕێكی راگه‌یاندنی توندی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌بوو، خودی كاك نێچیرڤان و جه‌نابیشتان به‌شداربوون له‌و شه‌ڕه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه بۆ پاشه‌ڕۆژو بۆ ئه‌و حكومه‌ته‌ی له داهاتوودا پێكده‌هێنرێت به‌رده‌وام ده‌بێت؟
-سه‌ره‌تا ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌ین كه به‌ڕێز كاك نێچیرڤان سه‌رۆكی حكومه‌ت رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت له چوارساڵی رابردوو، ئێمه پێكه‌وه وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌نده وه‌كو جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت پێكه‌وه قۆناغی زۆر قورسمان تێپه‌ڕاند، قۆناغی شه‌ڕی داعشمان تێپه‌ڕاند، قۆناغی قه‌یرانی دارایی و ئابووریمان تێپه‌ڕاند، ملیۆن و نیوێك ئاواره رووی له حكومه‌ته‌كه‌مان كرد، نرخی نه‌وت دابه‌زی، كێشه‌ی په‌رله‌مانمان هه‌بوو، كێشه‌ی دابڕانی هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستان‌مان هه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی دراوسێ و جیهان، بۆیه ئێمه هه‌موو ئه‌و قۆناغه سه‌ختانه‌مان پێكه‌وه تێپه‌ڕاند، من لێره‌وه‌و به‌بێ دوو دڵی ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌نده جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت نه‌بووینایه، دڵنیام له هه‌رێمی كوردستاندا شتێك نه‌ده‌ما به‌ناوی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌ته‌كه‌مان به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌حه‌دییاته‌ی نه‌ده‌گرت، ئه‌وه‌ی كه توانیی ئه‌م حكومه‌ته به‌یه‌كگرتوویی بهێڵێته‌وه‌و ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كگرتوویی بهێڵێته‌وه، ئه‌و هاوئاهه‌نگییه بووه كه هه‌بوو له‌نێوان سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌نده كه جێگری بووم، پێشموایه ئه‌و قۆناغه قۆناغێكی سه‌خت بوو، گوشارمان له‌سه‌ربوو، تووشی ناخۆشی بووین، چ وه‌كو هه‌رێم، چ وه‌كو لایه‌نی سیاسی، ئێمه نوێنه‌رایه‌تیی دوو حزبی سیاسی ده‌كه‌ین كه ركابه‌رییه‌كی مێژووییان هه‌بووه پێكه‌وه، به‌ڵام ئێمه هه‌رگیز نه‌مانهێشتووه، كێشه سیاسییه‌كان و كێشه ئیدارییه‌كان كاریگه‌ریی هه‌بێت چ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان خۆم و خۆی، چ له‌سه‌ر شێوازی كاركردنی جه‌نابیان و به‌نده، پێشموایه هه‌ڵبژاردنیش شتێكی ئاساییه ركابه‌رییه، دوو حزبی جیازازین، دوو بۆچوونی جیاوازمان هه‌بێت، هه‌ریه‌كه‌مان به‌ئاراسته‌ی به‌هێزكردنی حزبه‌كانی خۆمان كارده‌كه‌ین و خه‌بات ده‌كه‌ین، بۆیه باوه‌ڕناكه‌م كاریگه‌ریی هه‌بووبێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانمان و پێشموایه زۆر شتی تر ماوه كه ده‌بێت چ وه‌كو شه‌خس چ وه‌كو دوو كه‌سایه‌تی كه پێموایه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی كوردستاندا ده‌مێنینه‌وه‌و زۆر شت ماوه كه ده‌ستمان پێكردووه‌و ده‌بێت ته‌واویشی بكه‌ین.
*جه‌نابت له هه‌ڵبژاردن پرۆگرامێكی تێروتهسهلت پێشكه‌ش ده‌كرد، باسی په‌یداكردنی هه‌لی كار بۆ خه‌ڵك له‌هه‌رێمی كوردستان، زۆرترین ده‌نگت به‌ده‌ستهێنا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، میكانیزمی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی جه‌نابت باست دهكردو ئه‌و په‌یمانانه‌ی به خه‌ڵكت ده‌دا هه‌یه؟ ئه‌گه‌ری هه‌یه كاك قوباد تاڵه‌بانی به‌شداریی كابینه داهاتووی حكومه‌ت بێت و ئه‌و شتانه‌ی له رابردوو پێی نه‌كراوه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه نوێیانه پێی بكرێت؟
-ئێمه له‌م بانگه‌شه‌یه وه‌كو لیستی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ویستمان بانگه‌شه‌یه‌ك بكه‌ین كه جیاواز بێت له بانگه‌شه‌كانی رابردوو، هه‌روه‌ها جیاوازبێت له بانگه‌شه‌كانی لایه‌نه‌كانی تر، ئێمه نه‌هاتین په‌یمانی زۆر بریقه‌دار بده‌ین و بڵێین كوردستان ده‌كه‌ین به ئه‌وروپا و كوردستان ده‌كه‌ین به شتێك مومكین نییه‌و ئه‌سته‌مه بێته‌دی، ئێمه هاتین هه‌ڵسه‌نگاندنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان‌مان كرد، خه‌ڵك سێ داواكاریی هه‌بوو له‌لایه‌نه سیاسییه‌كان، خه‌ڵك بێزار بووه له‌و گرژیی و ئاڵۆزییه سیاسییه‌ی بۆ 10 ساڵ زیاتره كوردستان تووشی بووه، ململانێ سیاسییه‌كانی كه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌بووه‌و كاریگه‌ریی نه‌رێنیان له‌سه‌ر كوردستان هه‌بووه و كوردستانیان پێش نه‌خستووه، به‌ڵكو كوردستانیان دواخست له پێشكه‌وتن، بۆیه ئێمه كه ئارامیمان وه‌كو دروشمی سه‌ره‌كیمان هه‌ڵبژارد، چونكه ئێمه ئه‌گه‌ر كوردستانێكی ئاراممان نه‌بێت و كوردستان هه‌میشه له ئاڵۆزییدا بێت، ئه‌گه‌ر بهێلین لایه‌نه سیاسییه‌كان و هه‌ندێكجار ناكۆكییه تایبه‌تییه‌كانیان كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ژیانی 5 ملیۆن كه‌س كاره‌ساته.
بۆیه پێویسته ئێمه زۆر گه‌وره‌تربین له‌م ناكۆكییانه و پێویسته ئامانجی سه‌ره‌كیمان ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی بێت بۆ خه‌ڵكی كوردستان، له‌پاڵ ئارامیدا ئێمه ده‌بێت هه‌لی كار زیاد بكه‌ین، ئێمه گه‌نجێكی زۆرمان هه‌یه رۆژ له دوای رۆژ له زانكۆ ده‌رده‌چن و پێشتر حكومه‌ت به لێشاو خه‌ڵكی داده‌مه‌زراند، ئێستا حكومه‌ته‌كه‌مان گه‌یشته ئاستێك ناتوانین به‌لێشاو گه‌نج دابمه‌زرێنین، ره‌نگه له‌شوێنه پێویسته‌كان به‌پێی پێویست گه‌نج وه‌ربگرین، به‌ڵام وه‌كو ئه‌و رێژه زۆره‌ی جاران به 20 هه‌زارو 10هه‌زار، ئه‌سته‌مه بتوانین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر شێوازی دامه‌زراندنی جاران.
بۆیه پێویسته ئێمه پاڵپشتی كه‌رتی تایبه‌ت و پیشه‌سازیی بكه‌ین پاڵپشتی كه‌رتی بازاڕی تایبه‌ت بكه‌ین تا بتوانین هه‌لی كارێكی زۆر بڕه‌خسێنین، ئێمه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ساده‌مان كرد، 2000 كارگه هه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا كه په‌كخراون، ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌و 2000 كارگه‌یه بخه‌ینه‌وه كار، كه هه‌ندێكیان كشتوكاڵی و پیشهسازییو كه‌رتی دیكه‌ن، ئه‌و 2000 كارگه‌یه به ته‌نها چل هه‌زار هه‌لی كار ده‌ره‌خسێنێت.
پاشان وه‌ره گرنگییه‌كی تایبه‌ت بده به كه‌رتی كشتوكاڵ كه كوردستان خاكێكی ئه‌وه‌نده به‌پیتی هه‌یه. شێوازێكی نوێ به‌به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی كشتوكاڵ په‌یڕه‌و بكه له‌كوردستان، پاڵپشتی جووتیاره‌كانی خۆمان بكه‌ین تا به‌روبوومی خۆماڵی زیادبكات تا نه‌ك ته‌نها بازاڕه‌كانی كوردستان پڕبكاته‌وه، به‌ڵكو بازاڕه‌كانی عیراقیش پڕ بكه‌ینه‌وه له به‌روبوومی خۆماڵی، له‌وێدا هه‌زاره‌ها هه‌لی كار ده‌ره‌خسێنین .
كوردستان پڕه له جوانی له شاخ و شوێنی گه‌شتیاریی، هانی وه‌به‌رهێنان بده‌ین له‌و بواره‌دا، دیسان ده‌یان هه‌زار هه‌لی كاری تر ده‌ڕه‌خسێنرێت له كه‌رتی تایبه‌ت، كه هه‌م ده‌توانێت ئابووریی كوردستان دووربخاته‌وه له نهوتو هه‌مه‌جۆریی بكات، هه‌میش ده‌توانێت هه‌لی كار بڕه‌خسێنێت كه هێزێكی زیاتر ده‌دات به حكومه‌ت تا خزمه‌تگوزاریی باشتر پێشكه‌ش بكات به هاووڵاتیان.
به‌ڵێنه‌كانمان نا واقیعی نین، به لێكۆڵینه‌وه‌و دراسه بوون، پێموایه هه‌ر حكومه‌تێك دێته سه‌ركار، ده‌بێت ئه‌و سێ خاڵه ئه‌وله‌وییه‌ته دابنێت بۆ خۆی، ده‌بێت ئارامی ده‌سته‌به‌ر بكات، ده‌بێت هه‌لی كار دابین بكات، ده‌بێت خزمه‌تگوزاریی باشتر بكات، بۆیه پێم وایه دروشمی واقعین و قابیلی جێبهجێكردنن، ئه‌گه‌ر له‌ناو پرۆسه‌كه‌شدا بمێنینه‌وه ده‌بێته ئه‌وله‌ویاتی كاری خۆشم له‌ناو حكومه‌تی داهاتوودا.
*یه‌كێك له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه زۆر شتی تری پێوه گرێدراوه، بابه‌تی نه‌وت و بودجه و پێشمه‌رگه، جه‌نابتان وه‌ك سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی ماوه‌یه‌كی زۆر له به‌غدا بوون، پارتیش به‌هه‌مان شێوه له به‌غدا بوون، به‌ڵام پێكه‌وه نه‌بوون، پێتان ده‌كرێت له كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تدا چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشایه بكه‌ن كه بریتییه له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا؟
-ده‌بێت چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزینه‌وه كه یه‌ك عیراقه به حكومه‌تێكی ناوه‌ندیی و حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه زۆر كێشه هه‌ن ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرین، چاره‌سه‌ریش به عینادیو ئینكاری ناكرێت، من راستم تۆ غهڵهتیو تۆ راستی من غه‌ڵه‌تم به‌و شێوه‌یه ناكرێت، ده‌بێت بێین بیر له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بكه‌ینه‌وه.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به بودجه‌وه هه‌یه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ستور، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به نهوتو گازه‌وه هه‌یه با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ستوور ئێستا پێموایه ده‌رفه‌تێكی نوێ ره‌خساوه بۆ عیراق سێ سه‌ركرده‌ی شیاو ده‌ستنیشان كراون بۆ سێ پۆسته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عیراق، سه‌رۆك كۆمار سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ده‌بێت هه‌مومان پشتیوانی ئه‌م حكومه‌ته بین كه حكومه‌ته نوێیه‌كه‌ی كوردستان بتوانێت كاری له‌گه‌ڵدا بكات، كێشه هه‌یه هاوبه‌شن كێشه‌ی نه‌وت نه ته‌نها هی عیراقه نه ته‌نها هی كوردستانه، كێشه‌ی هاوبه‌شه بگه‌ینه رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆسه‌ی نه‌وت هه‌م ئاسانتر نه‌وتی عیراق و كوردستان له بازاڕدا ده‌فرۆشرێت، هه‌م به نرخێكی باشتر كه قازانجێكی باشتری ده‌بێت بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی عیراق‌و بۆ به‌شه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، بۆیه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولایه بگه‌ینه رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه و له‌سه‌ر پرسه‌كانی تر كه چ ناوچه جێناكۆكه‌كان بێت چ كێشه‌ی پێشمه‌رگه بێت، به‌ڵام دیسانه‌وه به‌شداری كردنی كورد له پرۆسه‌ی سیاسیی نوێی به‌غدا، نابێت ته‌نها له‌به‌ر پاراستنی مافه‌كانی كورد بێت به‌پێی ده‌ستووری عیراق.
عیراقێكی دیموكراسی به‌هێزی دامه‌زراوه‌یی له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندایه، عیراقێك كه بازاڕه‌كه‌ی گه‌ش بێت، ئێمه بتوانین جووتیاره‌كانمان بهروبوومهكانیان نه‌ك ته‌نها له بازه‌ڕه‌كانی كوردستان، به‌ڵكو له بازاره‌كانی عیراقیش به‌رهه‌مه‌كانیان ساغبكه‌نه‌وه، له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و عیراقدایه، هه‌ماهه‌نگی له نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێم هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌عریفه‌ی گومرگی و له‌سه‌ر ته‌عریفه‌ی كاره‌با، تاكو بتوانین یارمه‌تی گه‌شه‌پێدانی وڵاته‌كه بده‌ین، ئه‌وه زۆر زۆر پێویسته، بۆیه پێموایه ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌بێت گه‌یشتن بێت به رێكه‌وتن له‌نێوان ئه‌م دوو حكومه‌ته‌دا.
چونكه له‌كۆتاییدا كێشه‌كه له‌نێوان حزبی ده‌عوه و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشمانی و ره‌وتی سه‌در نییه، كێشه‌كه له‌نێوان حكومه‌ت و حكومه‌ته، بۆیه له ئه‌نجامدا ده‌بێت حكومه‌ت به حكومه‌ت دابنیشین و یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌و دادوه‌رانه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، تا عیراقیكی به هێزی دیموكراتی فیدراڵ ده‌سته‌به‌ربكه‌ین، تا كوردستانیش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و عیراقه به‌هێزه‌دا بێت، ئابوورییه‌كی به‌هێزی هه‌بێت، بتوانێت به‌رده‌وام گه‌شه بكات و به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات، نه‌ك پاشه‌كشه بكات.
*له‌گه‌ڵ هاتنی جه‌نابت بۆ ناو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر باسی رۆڵی جه‌نابت و باسی چاكسازیی ده‌كرێت له ناو حكومه‌ت، خه‌ڵكیش زۆر چاوه‌ڕێی ئه‌و بابه‌ته‌یه كه حكومه‌ت له زۆر بواردا پێویستی به چاكسازییه له‌ناو حكومه‌تدا بكرێت، زۆرجار حكومه‌ت خۆشی باسی له‌وه كردووه كه هه‌ندێك كۆمپانیای هێناوه بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی. جه‌نابت له‌ناو حكومه‌تدا بوویت ئه‌گه‌ر بتوانی باسی بكه‌یت رۆڵی جه‌نابت له‌و چاكسازییانه‌دا چی بووه‌و چیتان كردووه بناغه‌یه‌كی وای چاكسازیتان داناوه بۆ پاشه‌ڕۆژ كه خه‌ڵك لێی رازی بن؟
-به‌ڵی له لوتكه‌ی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم كه كورتهێنانی بودجه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2016 گه‌یشتبووه مانگی، 500 ملیۆن دۆلار، له‌وكاته‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت كرد وتمان ته‌واو ده‌بێت ده‌ستبه‌رین بۆ ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی كه بڤه‌ن، ئه‌و مه‌له‌فانه‌ی كه قورسن چاكسازیی راسته‌قینه نه‌ك هه‌ندێك شكڵیاتو شتی وا.
بۆیه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت ئێمه پلانێكی باشمان داڕشت بۆ چاكسازیی له وه‌زاره‌تی دارایی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانمان بۆ زیادكردنی داهات بۆ پێداچوونه‌وه‌ی شێوازی كاركردنمان، بۆ وردبینی كردن له پرۆسه‌ی نه‌وت و گاز‌و چاكسازی له وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌شێوازی گریبهستهكانمان، هه‌ندێكی به هاوكاریی راوێژكاری بیانی، هه‌ندێكی به پشت به‌ستن به توانای خۆماڵی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌نده هه‌نگاوێكی گرنگمان نا بۆئه‌وه‌ی ده‌ست به پڕۆسه‌یه‌كی چاكسازیی راسته‌قینه بكه‌ین، بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌نگاوی گرنگمان ناوه و به‌رهه‌مه‌كه‌شی دیاره، توانیمان كوردستان رزگار بكه‌ین له قه‌یرانی دارایی، نه‌مانهێشت حكومه‌ته‌كه‌مان بڕووخێت، زۆریش قورس بوو، كاریگه‌ریشی هه‌بوو له‌سه‌ر رای شه‌قام له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌مان و رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی زۆریش بووینه‌وه، تووشی مانگرتن و بایكۆتێكی یه‌كجار زۆریش بووینه‌وه، به‌ڵام به‌ره به‌ره خه‌ڵك تێگه‌شت كه ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئێمه ده‌ستمان بۆی برد‌و نامان، ته‌نها بۆ ئه‌زێتدانی خه‌ڵك نه‌بووه، بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئابوورییه‌كی لاری حكومه‌ته‌كه‌مان بووه.
ناتوانم بڵێم ئه‌مه من بووم یان فڵان بوو، دووكه‌س سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان كردووه، سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌هاوكاریی وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانمان كه له‌كاتێكی زۆر سه‌ختدا ئه‌ملاو ئه‌ولای تێدانه‌بوو، یان چاكسازی ده‌كه‌ین یان حكومه‌ته‌كه‌مان له‌ناو ده‌چێت.
من ئێستا هیوادارم كه دۆخه‌كه تۆزێك باشتر بووه، به‌رده‌وامبین له‌سه‌ر ئه‌م گیانه، هه‌ر كه‌سێك بێته نێو حكومه‌ته‌كه‌وه بناغه‌یه‌ك دانراوه نه‌خشه رێگایه‌ك داڕێژراوه، هه‌نگاوی گرنگ نراوه بۆ جێبه‌جێكردنی چاكسازییه‌كان، ئه‌مه ته‌نها شتێكی تیۆری نییه به‌ڵكو به‌كرداره، بندیوارمان نه‌هێشتووه، ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار كه‌سمان له سیسته‌می بایۆمه‌تریدا تۆماركردووه له سیسته‌می بایۆمه‌تری بۆ نه‌هێشتنی دوو مووچه‌و سێ مووچه‌ی نا یاسایی.
زۆر هه‌نگاوی تریشمان ناوه بۆ باشتركردنی شێوازی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتیان، بۆیه شتێكمان ده‌ستپێكردووه ئه‌م كابینه‌یه له قورسترین وه‌ختدا ده‌ستمان بردووه بۆ ئه‌م چاكسازییانه، زۆر زه‌رووره له كابینه‌ی داهاتوودا به‌رده‌وام بین‌و سارد نه‌بینه‌وه له چاكسازییه‌كان، نرخی نه‌وت زیاد بووه، ته‌مه‌ڵ نه‌بینه‌وه وه‌كو جاری جاران، به‌پێچه‌وانه‌وه به گوڕوتینێكی نوێوه به ئارامی فیكره‌وه بتوانین بۆ چوار ساڵی داهاتوو كوردستان و حكومه‌تی كوردستان بكه‌ین به حكومه‌تێكی نموونه‌یی له شه‌فافی و كاریگه‌ریی‌و شێوازی كاركردن و به‌رهه‌مییه‌وه.
*پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی خه‌ڵك به‌ته‌مان كه نه‌مێنێت؟
-به‌ڵێ ئه‌وه به‌ڵێنی ئێمه بوو له یه‌كه‌م رۆژی راگه‌یاندنی بڕیاری پاشه‌كه‌وت كه بڕیارێك بوو له ناچاری درا له‌به‌ر ئه‌و كورتهێنانه گه‌وره‌یه‌ی كه هه‌مانبوو، ده‌بوایه به‌شێك له مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان پاشه‌كه‌وت بكه‌ین كه ئێستا دۆخه‌كه به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و به‌ره‌و باشتری ده‌به‌ین، دڵنیام كه ده‌توانین ئه‌و سیستمه نه‌هێڵین و میكانیزمێك بدۆزینه‌وه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه پاشه‌كه‌وتكراوه له موچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تێكی زۆر گه‌وره‌مان هه‌یه، هه‌ر بۆ به‌رچاوڕوونی حكومه‌تێكمان هه‌یه 720 هه‌زار فه‌رمانبه‌رمان هه‌یه، ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زار كه‌س له سیسته‌می بایۆمه‌تری تۆماركراون، هه‌ندێكیان فه‌رمانبه‌رن و هه‌ندێكیان مینحه‌ی شه‌هیدانه وه‌رده‌گرن، هه‌ندێكیان بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن، زیندانی سیاسی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین كه‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ر، له‌زۆر لاوه سه‌رفده‌كرا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، پێشتر نه‌مانده‌زانی ئه‌مانه كێن، ته‌نها ده‌مانزانی پاره‌یه‌كی زۆر سه‌رف ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه، حكومه‌ت خاوه‌نی داتایه‌كی ورد‌و دروسته، تا بتوانێت له‌مه‌ولا له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاریی بڕیاری خۆی بدات بۆ نهێشتنی پاشه‌كه‌وت و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕی پاشكهوتكراو كه پێموایه ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ته‌كه‌مان بێت.
باشتركردنی دۆخی ئابووریی و دارایی هه‌رێمی كوردستان و توانای حكومه‌ته‌كه‌مان بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی خۆمان كه نه‌هێشتنی پاشه‌كه‌وت و گه‌ڕانه‌وه‌ی بڕی پاشه‌كه‌وتكراوه بۆ فه‌رمانبه‌ران و مووچه خۆران.
*دواین پرسیار كه هاتیته نێو حكومه‌ت باسیان ده‌كرد كاك قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پاشه‌ڕۆژه، بۆ چه‌ند كابینه‌یه‌كی تر، كه‌ی ده‌بیته سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌گه‌ر ببیت چیت پێ ده‌كرێت بیكه‌یت كه وه‌ك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێت نه‌كراوه؟
-من خۆم به خزمه‌تكاریی میلله‌تی خۆم ده‌زانم چ ئه‌وكاته‌ی له ئه‌مریكا بووم نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تم ده‌كرد، چ ئه‌وكاته‌ی هاتمه‌وه فه‌رمانگه‌ی هاوئاهه‌نگی و به‌دواداچوونم دامه‌زراند له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، چ ئه‌م چوار ساڵه‌ی كه چوار ساڵی سه‌خت بووه له هه‌رێمی كوردستان وه‌كو جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، له هیچ كام له‌و هه‌نگاوانه په‌شیمان نیم، شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌م كه ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێبه‌خشراوه له‌و پۆستانه‌دا خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م، ئێستا له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕیوین، نازانین هه‌ڵبژاردن به‌ره‌و كوێمان ده‌بات، به‌ڵام یه‌ك شت روونه بۆ من ئه‌ویش ئه‌وه‌یه له‌هه‌ر كوێیه‌ك و له هه‌ر پۆستێك بم و له‌هه‌ر پله‌یه‌كدا بم، خزمه‌تكاری ئه‌م میلله‌ته ده‌بم، زۆر تموحم نییه بۆ پۆست كه بڵێم ئیلا ده‌بێت ئه‌م پۆسته‌و ئه‌و پۆسته‌م هه‌بێت.
پۆست به‌قه‌ده‌ر نیه‌تی خۆت بۆ خزمه‌تكردن گرنگ نییه، تۆ ده‌توانی پۆستیكی زۆر گرنگیشت نه‌بێت و خزمه‌تی باشی خه‌ڵك بكه‌یت، ئه‌وه ئه‌وله‌ویه‌تی منه، وا راهێنراوم پێم وایه ئاینده به‌ده‌ست خۆم نییه‌و له‌هه‌ر كوێیه‌ك بم به‌هه‌مان رۆحییه‌ت و دڵسۆزیی بۆ خاك و نیشتمان خه‌بات ده‌كه‌م.
*زۆر سوپاس كاك قوباد بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته.
-سوپاس بۆ ئێوه‌ش.
PUKmedia کوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
مووچەی مانگی نیسان دابەشدەکرێت
12:03 AM - 2024-05-15 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە د. مەزهەر خوراسانی دەکات
07:57 PM - 2024-05-14 -
مەکتەبی سیاسی: یەکێتی هەمیشە پشتیوانی لە داوا رەواكانی مامۆستایان دەكات
06:18 PM - 2024-05-14 -
وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی نیسانی بۆ هەرێم نارد
04:43 PM - 2024-05-14
ئەمانەش ببینە
کوردستان 09:50 PM - 2024-05-14 سەرۆک بافڵ: دڵنیام لە توانا و ئەزموون و لێهاتوویی خوێندکاران و گەنجانی وڵاتەکەم
یەکێتی مامۆستایان داوای 56 مووچەی پاشەکەوتکراو و نەدراو و لێبڕاو دەکات
06:37 PM - 2024-05-14
ئەندامێکی ئەنجومەن: بانکی تی بی ئای نەچووەتە ناو هەژماری من
03:15 PM - 2024-05-14
سه‌رۆك بافڵ: هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ گۆڕانكاری له‌حوكمڕانی
12:03 PM - 2024-05-14
تۆماری بایۆمەتری لەهەرێم دەستپێدەکاتەوە
10:59 AM - 2024-05-14
زۆرترین خوێنراو
-
یەکێتی مامۆستایان داوای 56 مووچەی پاشەکەوتکراو و نەدراو و لێبڕاو دەکات
کوردستان 06:37 PM - 2024-05-14 -
مەکتەبی سیاسی: یەکێتی هەمیشە پشتیوانی لە داوا رەواكانی مامۆستایان دەكات
کوردستان 06:18 PM - 2024-05-14 -
پەیامی هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ لەتیف فاتیح فەرەج
پرسەنامە 06:10 PM - 2024-05-14 -
وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی نیسانی بۆ هەرێم نارد
کوردستان 04:43 PM - 2024-05-14 -
ئەندامێکی ئەنجومەن: بانکی تی بی ئای نەچووەتە ناو هەژماری من
کوردستان 03:15 PM - 2024-05-14 -
پێشمەرگەیەکی مەفرەزە سەرەتاییەکان بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-05-14 -
سه‌رۆك بافڵ: هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ گۆڕانكاری له‌حوكمڕانی
کوردستان 12:03 PM - 2024-05-14 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆکۆچیدوایی دکتۆر مەتی
پرسەنامە 11:26 AM - 2024-05-14